سه‌ره‌تا وتار ئامانج له دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
هاوكار محه‌مه‌د محه‌مه‌د ڕه‌شید
پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌ره‌تا به ناوی پارتی دیموكراتی كوردی عێراق وه‌ك ئه‌وەی له په‌یمانی میللی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می دا هاتووه، لەناو جەرگەی کۆمەڵگەی کوردستان، بە ئامانجی دامەزراندنی ده‌وڵه‌تی ئیتیحادی دیموكراتی، لە دوای ژمارەیەک کۆبوونەوە له زستانی (١٩٤٦) دا له شاری مه‌هاباد، پایته‌ختی كۆماری دیموكراتی كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تی مەلا مستەفا بارزانی و گشت ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ئازادی و كۆمه‌ڵێك له خه‌باتگێڕانی كوردستانی عێراق کە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو کە دواتر ئەو هێزە بوو بە پێکهێنەری سەرەکی لەشکری کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، بە مەبەستی كۆكردنه‌وه‌ی گشت چین و پێکهاتەکانی کوردستان و ڕێكخراو و هێزە سیاسییه‌كانی گۆڕەپانی كوردستانی عێراق و یه‌كخستنی هه‌ڵوێست بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی گەلی کوردستان، بڕیار لە دامەزراندنی درا و تا ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌و بڕیار و ئامانجانه له خه‌باتكردن به‌رده‌وامه. پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی دیموکراتی نیشتمانییە و پابەندە بە بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، گەشەسەندنی بەردەوام و بنەماکانی فرەیی سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری. ئەو حیزبە بانگەشە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئازادی و یەکسانی دەکات. پارتی دیموکراتی کوردستان لە (١٦ی ئابی ١٩٤٦) بە فەرمی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا. هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە پێشەنگی خەبات بۆ ئۆتۆنۆمی و مافەکانی کورد لە عێراقدا بووە، شەڕی لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کردووە کە هەوڵی سەرکوتکردنی ناسیۆنالیزم و مافەکانی کوردیان داوە، پارتی وەک هێزێکی سیاسی بەرچاوی کورد دەرکەوت، کە پابەندی خەباتی ئاشتیانە و دیموکراسیانە بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکان. بە تێپەڕبوونی کات، ئەو حیزبە ڕۆڵێکی گه‌وره‌و به‌رچاوی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی بینیوه ئه‌م حیزبه (14) كۆنگره‌ی به‌ستووه.
کۆنگرە سەرەکییەکانی پارتی
1. كۆنگره‌ی یه‌كه‌م لە (16ی ئابی ١٩٤٦)، لە بەغدا بە ئامادەبوونی (70) ئەندام بەسترا.
لە کۆنگرەكه‌دا پەیڕەو پرۆگرام پەسەند کرا
2 ناوی بووە بە پارتی دیموکراتی کورد.
3 سه‌ركردایه‌تی حیزب ھەڵبژێردرا، مه‌لا مسته‌فا وه‌ك سه‌رۆك و شێخ له تی‌ف و كاكه زیاد بوون به جێگری یه‌كه‌م و دووه‌م.
2. کۆنگرەی دووەم له (ئاداری 1951): لە بەغدا ئەنجامدرا، کە (30) نوێنەری لقە جیاوازەکانی پارتی بەشداربوون. له‌م كۆنگره‌یه‌دا سه‌ركردایه‌تی كاتی بۆ حیزب دانرا، كه بریتی بوون له (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، نوری شاوێس، جه‌لیل هۆشیار، عومه‌ر مسته‌فا، به‌كر ئیسماعیل و محه‌مه‌د ئه‌مین مسته‌فا)، به‌ڵام ڕای جیاواز دروست، كه (هه‌مزه عه‌بدوڵڵا)به بڕیاره‌كانی كۆنگره ڕازی نه‌بوو، به‌ره‌یه‌كی دامه‌زراند به‌ناوی به‌ری پێشكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كورد.
3. کۆنگرەی سێیەم :له (28ی كانوونی دووه‌می 1953): لە کەرکوک بەڕێوەچوو، بەشداری 35-40 نوێنەری بەخۆیەوە بینی.له‌م كۆنگره‌یه ناوی حیزب گۆڕا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئۆرگانی حیزب له ڕزگارییه‌وه گۆڕا بۆ خه‌بات، هه‌روه‌ها ڕێكخراوه‌كانی (لاوان، قوتابیان، ژنان) دامه‌زران.
4. کۆنگرەی چوارەم: له (10ی نیسانی 1959) بە به‌شداری (130) ئه‌ندام له به‌غدا به‌سترا، به سەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی، ئەم کۆنگرەیە لە بەغدا بەڕێوەچوو. مه‌لامسته‌فا دوای شۆڕشی (14)ی تهمووز له (6ی تشرینی یه‌كه‌می 1958) له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت گه‌ڕانه‌وه، به‌شداری كۆنگره‌ی كرد و به سه‌رۆكی حیزب هه‌ڵبژێردرا، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بهسكرتێر و عه‌لی عه‌بدوڵڵا، جه‌لال تاڵه‌بانی، عومه‌ر مسته‌فا، حه‌بیب محه‌مه‌د و خه‌سره‌و تۆفیق به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردران.
5. کۆنگرەی پێنجەم: له (ئایاری 1960): به ئامادبوونی (148) ئه‌ندام لە بارەگای حزب لە بەغدا به‌سترا، مه‌لا مسته‌فا به‌سه‌رۆكی حیزب هه‌ڵبژێردرایه‌وه.
6. کۆنگرەی شەشەم له (1ی ته‌مووزی 1964): لە قەڵادزێ به به‌شداری (600) ئه‌ندام بەڕێوەچوو، له‌م كۆنگره‌یه‌دا تیشک خرایه سەر چەسپاندنی ئامانجەکانی حیزب. مه‌لامسته‌فا به‌كۆی ده‌نگ بوو به‌سه‌رۆكی حیزب، ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردران.
7. کۆنگرەی حەوتەم: له (5ی تشرینی دووه‌می 1966): لە گه‌ڵاڵه به ئاماده‌بوونی (370) ئه‌ندام بەڕێوەچوو، له‌م كۆنگره‌یه‌دا په‌یڕه و پڕۆگرامی حیزب گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات.
8. کۆنگرەی هەشتەم: له(1ی ته‌مووزی 1970): لە ناوپردان، به ئاماده‌بوونی (488) ئه‌ندام به‌ڕێوه‌چوو، بارزانی به‌سه‌رۆكی حیزب هه‌ڵبژێردار، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ساسیی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردران.
9. کۆنگرەی نۆیەم: لە (٤ی تشرینی دووەمی ١٩٧٩) بە ئامادەبوونی (٣٢٥) ئەندام، لە ئۆردوگای زێوه ڕۆژئاوای ئورمێ بەستراوه، سه‌رۆك مەسعود بارزانی وەک سه‌رۆكی حیزب هه‌ڵبژێردرا.
10. کۆنگرەی دەیەم: له (2ی كانوونی یه‌كه‌می1989): لە مەرگەوەڕ لەم کۆنگرەیەدا (332) ئه‌ندام به‌شداربوون
11. کۆنگرەی یازدەهەم: له (1993): لە هەولێر بە به‌شداری (2167) ئه‌ندام به سترا،
12. کۆنگرەی دوانزەهەم: له (6ی تشرینی یه‌كه‌می 1999): لە هەولێر، ( 1473) نوێنەر بەشدارییان تێدا کرد.
13. کۆنگرەی سێزدەهەم: له (11ی كانوونی یه‌كه‌می 2010): ئه‌م كۆنگره‌یه به‌به‌شداری (1500) ئه‌ندام لە هەولێر بەڕێوەچوو.
14.كۆنگره‌ی چواردەهەمین: له (14ی كانوونی دووه‌می 2024): به‌به‌شداری (1000) ئه‌ندام لە دهۆک بەسترا.
بنەما ئایدیۆلۆژییە سەرەکییەکانی پارتی
1. نوێنەرایەتی گەلی کورد: پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتێکی پێشکەوتنخواز و دیموکراسی نوێنەرایەتی نەتەوەی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و هەوڵ دەدات بۆ پێشخستنی خواستە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانیان.
2. پابەندبوون بە حوکمڕانی دیموکراتی: پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات هەیە، کە لەسەر بنەمای ئەوەی کە خەڵک سەرچاوەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە. پارتەکە پشتیوانی لە پرۆسەی دیموکراسی دەکات، لەوانەش کێبڕکێی سیاسی ئاشتیانە و هەڵبژاردنی ڕێکوپێک و ئازاد، وەک ئامرازێک بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات.
3. داکۆکیکردن لە دیموکراسی فیدراڵی لە عێراق: لە دیمەنی سیاسی عێراقدا پارتی دیموکراتی کوردستان کار بۆ پتەوکردنی سیسته‌می دیموکراتی فیدراڵی دەکات. حیزب پابەندە بە شەراکەتی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و بەشداری کارا لە گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.
4. پشتیوانی بۆ فرەیی و یەکسانی: پارتی دێموکراتی کوردستان، گرنگیی فرەیی لە هەرێمی کوردستان، بە داننان و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان، بەرز ڕادەگرێت. بە بنیاتنانی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و یەکسانی و ڕێزگرتن لە مافی هەموو تاکەکان بێ گوێدانە ڕەگەز، ئایین، مەزهەب، یان جیاوازی کولتووری.
5. بەدواداچوون بۆ ئاشتی و سەقامگیری: پارتی دیموکراتی کوردستان شەرعیەتی دۆزی کورد و مافی گەلانی دیکەی ناوچەکە دووپات دەکاتەوە. هەوڵ دەدات بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بە ڕێنمایی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و مافی هەموو گەلان بۆ ژیان بە کەرامەت و ڕێزەوە.
ئامانجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکەم: ئامانجە نەتەوەییەکان
1- وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوە و گەلی کورد بە خەباتی ئاشتیانە و دیموکراسیانە.
2. پشتیوانی لە دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانیان لە ڕێگەی ئاشتیانە و دیموکراسییانە.
3. پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە و هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش لەگەڵ هەموو ڕێکخراو و لایەنە سیاسییە دیموکراسی و ئاشتیخوازەکان.
4. ئاشکراکردنی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام دراون بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەستەبەرکردنی هەردوو گەرەنتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری‌کردن لە دووبارەبوونەوەی.
5. دەستەبەرکردنی یەکڕیزی گەل و خاکی کوردستان لەسەر بنەمای ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییەکان، هەروەها ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڕێکارە دەستوورییەکانەوە.
6. برەودان بە فرەیی سیاسی و پەروەردەکردنی کولتووری دیالۆگ و لێبووردەیی لەناو پێکهاتەی کوردی‌دا.
7. داکۆکیکردن لە مافەکانی هەموو کوردانی دانیشتووی ناوچەکانی تری عێراق وەک بەشێکی دانەبڕاو لە گەلی کورد.
8. پاراستنی مافەکانی کورد لە ڕەوەند و پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کولتووری لەگەڵیاندا.
9. پاراستن و پەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی لە نێو گەلی کورددا.
دووەم: ئامانجە نیشتمانییەکان
1. پاراستنی مانەوە و یەکپارچەیی و بەهێزکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
2. دامەزراندنی دەستوورێکی دیموکراسی بۆ هەرێمی کوردستان.
3. پاراستنی هەموو ئەو دەستکەوتە نەتەوەیی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگیانەی کە بە خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد و پێشمەرگە و هێزە سیاسییەکان و شەهیدان بەدەست هاتوون.
4. چەسپاندنی یەکڕیزی نیشتمانی و ئاشتی ناوخۆیی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە نێوان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
5. دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و کولتووری و ئیدارییەکانی تورکمان و کلدان و سریانی و ئاشووری و ئەرمەنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
6. پەرەپێدانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی مۆدێرن کە سەروەری یاسا و دادپەروەری و یەکسانی و ڕێزگرتن لە ئازادییە کەسی و گشتییەکان مسۆگەر بێت.
7. بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی فیدراڵی لە عێراق بۆ دەستەبەرکردنی هاوڵاتیبوونی تەواو بۆ عێراقییەکان و گەرەنتیکردنی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە دامەزراوە دەستوورییەکان لەسەر بنەمای هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی.
8. چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بە پێی دەستووری هەمیشەیی و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی تەواوی سەرجەم مادەکانی.
9. بەدیهێنانی بەرژەوەندییە سیاسی و نیشتمانییە هاوبەشەکان لە ڕێگەی پەیوەندی ئەرێنی و هاوسەنگ لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق.
10. زیاتر بە نیشتیمانیکردنی سیاسەتی دەرەوە و دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق بۆ دڵنیابوون لەوەی کە وەک ئامرازی ململانێی سیاسی ناوخۆیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی یان دژی گەلی عێراق بەکارنەهێنرێن.
11.پابەندکردنی کۆماری عێڕاقی فیدڕاڵ کە بەرپرسیارێتیی (گێڕانەوە، قەرەبووکردنەوە و ڕازیکردن) بگرێتە ئەستۆ لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بە گەلی کوردستان کەوتوون بە هۆی تاوانەکانی جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ و ئەو پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ کە لە لایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێڕاق ئەنجام دراون.