لە 16ی ئابدا پارتی و بارزانی وەك دوو چرا شەوەزەنگیان ڕاماڵی

122
ڕێبوار حەمەلاو شوانى
گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن و خاوەن مێژوو و جوگرافیا زۆر لە مێژە خەبات دەکات و هەوڵى داوە لە پێناو مافە ڕەواکانى تا بە ئاشتى و دوور لە بەکارهێنانى چەک بەدەستیان بێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەى چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینیان کردووە، هەوڵیان داوە بە خەباتى چەکدارى و ڕاپەڕین بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجە، بەڵام بەهۆى نەبوونى تەبایی و یەکریزیى نێوماڵى کورد یان دژایەتیی وڵاتانى داگیرکەر و ناوچەکە و بەرپەرچدانەوەى مافە ڕەواکانى کورد بە ئاگر و ئاسن وایکرد کە هەموو هەوڵەکان شکست بێنن، بەتایبەتى لە دواى شەڕى جیهانیى دووەم تێگەیشتنى زیاتری گەلانى ژێردەست بۆ بەدیهێنانەوەى مافە ڕەواکانیان، هەستى نەتەوایەتى لە ناوچەکە زیاتر بوو، لەدواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و هەوڵەکانى بۆ لەناوبردنى گەلى کورد، دوژمنان باوەڕیان نەکرد کە لە ماوەیەکى کورتدا هەموو بۆچوون و خەونەکانیان شکستخواردوو و پێچەوانە بێتەوە.
بە پێداچوونەوە بە لاپەڕەکانى مێژووى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان و لەو قۆناغە سەخت و هەستیارەیدا کە داگیرکەران و دوژمنانى کوردستان باوەڕیان وابوو کە جارێکى تر سەرهەڵدانەوەى خەبات و بەرخودان و پارێزگاریکردن لە شووناس و خاک و نەتەوە ئەستەمە و شەوەزەنگیان دروستکردبوو و تێیدا خەونى بێ‌ئومێدکردنى تاکى کوردیان دەبینی، لەو کاتە سەخت و تاریکانەدا، دامەزراندنى پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر دەستى باوکى ڕۆحیى نەتەوەی کوردستان، مستەفا بارزانى، نەک هەر خەونى ناحەزانى لە گۆڕنا، بەڵکوو بووە چرا و مەشخەڵێک لە پێناو هیوا و ڕووناکى و ڕێنیشاندەر و درێژەپێدەرى هەموو ئەو ئامانجانەى کە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانى نەتەوەی کورد لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییی خاک و نەتەوە بوو.
دەمەوێت بڵێم کە، پارتى و بارزانى وەک دوو چرا هەڵهاتن لە 16ى ئابى 1946دا ، کە ئەمەش هەڵهاتنى ڕۆژە بەسەر ئاسمانى کوردایەتى و کوردستاندا، چونکە هەردووکیان لە پێناو ڕاماڵینى تاریکى و شەوەزەنگى داگیرکەرانى کوردستان و نەیارانى دۆزى ڕەواى کورد بەگشتى بەسەر کورد و کوردستاندا هێنابوو، لە پێناو ڕزگارکردنى نەتەوەیەک لە بندەستیى ستەمکاران و دوژمنە سەرسەختەکانى کورد و کوردستان و شێوازى خەباتیان بە فۆڕمێکى وەها گۆڕى کە بتوانن دۆزى کورد و کوردستان و ناسنامەکەى لە لەنێوچوون بپارێزن. هەڵسەنگاندنى هەلومەرجى ئەو سەردەم و قۆناغە و هەروەها وانە وەرگرتن لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانى ڕابردوو بووە هۆى دانانى بناغەیەکى پتەو لە پێناو بەرەو پێشەوەبردنى دۆزى ڕەواى کورد تا گەیشتە ئەو ئاستەى کە هەموو کوردستانییان لەژێر چەترى پارتى و بارزانیدا کۆببنەوە و ، پێکەوە بەرگرى لە شووناس و خاکى پیرۆزى کوردستان بکەن، واتە چارەنووسى هەموو کوردستانیان بۆ یەک چارەنووس و تەنها ئامانجى هەمووان پارێزگاریکردن بوو لە کوردستان و هەموو ئەو پێکهاتانەى کە لەسەر خاکى کوردستان دەژییان.
پارتى دیموکراتى کوردستان خەباتى چەکدارى و سیاسى و گفتوگۆکانى لەگەڵ حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق بە دروشمى دیموکراسى بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمى بۆ کوردستان دەستپێکرد، لەو پێناوەشدا هەوڵ و تێکۆشانەکانى خستەگەڕ بۆ بەدیهێنانى مافە ڕەواکانى خەڵکى کوردستان بەبێ جیاوازى و هەر لەو ڕوانگەیەشەوە، لە کۆنگرەى سێیەمى پارتى، ناوى بووە ( پارتى دیموکراتى کوردستان )، ئەوەش ئاماژەیە بەوەى کە پارتى تاکە حزبە لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکە کە بە باوەڕى تەواوەوە دروشمى دیموکراسى بەرزکردووەتەوە لە پێناو فەراهەمکردنى کەشێکى دیموکراسى لە پێناو مافى هەموو پێکهاتەکان و وڵاتێکى فەرە نەتەوە و پێکەوەژیان، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە درێژەى بە خەبات دا و سەرەڕاى هەموو ئاستەنگ و دڕندەییەکانى ڕژێمە یەک لە دواى یەکەکانى عێراق بەرانبەر بە کوردستان، بەڵام پارتى چۆکى دانەنا.
پارتى خاوەن تەمەن و مێژووییەکى پڕسەروەرى و شانازییە و بە 78 ساڵ تەمەنییەوە لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگ و پیلانگێڕییە دەرەکیی و نێوخۆییانەی بەردەمى، توانیویەتى بەسەر دژایەتیى نەیارانى کورد و کوردستاندا زاڵ بێت و بە پێشەنگى و بەهێزى لەسەر ئاستى کوردستان و عێراق بمێنێتەوە و خاوەن سەنگ و پێگە و قەوارەى خۆى بێت لەسەر ئاستى ناوچەکە و جیهاندا، پارتى خاوەن ڕێککەوتننامەى 11ى ئادار، دەستکەوتەکانى ڕاپەڕین کە خۆى لە پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتیى هەرێم و فیدڕاڵى و شکستپێهێنانى دڕندەترین ڕێکخراوى تیرۆریستى لە جیهان و بەڵێ بۆ ڕیفراندۆمى سەربەخۆیی و پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێمى کوردستان لە هێرشى میلیشیا و گرووپە لە یاسادەرچووەکان و چەندین داستان و سەرکەوتنى سیاسى و دیپلۆماسى و پێشکەوتنى ئابوورى و گەشەسەندنى کوردستانە لە هەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەتى ئاوەدانى و خزمەتگوزارى، کە هەموو ئەمانە لە سایەى خوا و خوێنى شەهیدان و قارەمانى پێشمەرگە و پارتى و بارزانییەوە هاتوونەتەدى.
ئەرکى پارتى لەم قۆناغە سەخت و هەستیارەدا بە بەردەوامبوون لەسەر ڕێچکەى ڕێبازى پیرۆزى بارزانى، ڕێنمایی و بۆچوونەکانى پێشمەرگە و ڕابەر و هێژا سەرۆک مەسعود بارزانییە کە درێژە بە خەبات دەدات لە پێناو بەدیهێنانى هەموو مافە ڕەواکانى خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەى کە هەندێک لایەن نابەرپرسانە کار بۆ لێکترازان دەکەن، بەڵام ئەرکى پارتى قورستر بووە، ئەمەش وایکردووە کە پارتى بە ڕۆحێکى بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات، لەبەر ئەوەى پارتى هەمیشە پێشەنگ بووە لە تەبایی و یەکدەنگى و هەردەم بەرژەوەندیی گشتی زاڵ بووە بەسەر بەرژەوەندیى حزبایەتیى بەرتەسک و ئەوەش پێمان دەڵێت کە هەموو هەوڵەکانى لە پێناو پێکەوەژیان و برایەتى بووە و پارتى و سەرۆک بارزانى هەردەم پێشەنگ بوونە لە کوردایەتى و نیشتمانپەروەرى، بەتایبەتی ئێستا کە ناوچەکە و جیهان بەرەو گۆڕانکارى هەنگاو دەنێت، وایکردووە کە پارتى ئاستى بەرپرسیارێتى قورستر بێت، چونکە خاوەن ڕۆڵ و پێکەى تایبەتیی خۆیەتى و خاوەن جەماوەرێکى دڵسۆز و فیداکارە، کە ئەویش قوتابخانەى کوردایەتى و نیشتمانپەوەرییە.