
خەبات- تریفە ئازاد
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ دامەزراوە و تا ئەمڕۆ لە خەبات بەردەوامە لە پێناو بەدەستهێنانی مافە رەواکانی کورد، پارتی بە درێژایی خەبات و تێکۆشانی چ کاتێک لەسەر مافەکانی میللەتەکەی سازشی نەکردوە و حزبێکە هەمیشە لە نوێبوونەوە و لە سەنگەری بەرگریکردن دا بووە. هاووڵاتیان پێیان وایە تەنها پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە دەتوانێ بەرگری لە مافەکانیان بکات، دەشڵێن پارتی هەمیشە لە سەنگەری خەڵک بووە و بەرگری لە مافەکانیان کردوە.
پارتی هەروەک دوێنێ پێشەنگ بوو لە سەنگەری کەرامەت و بەرخودان ئەمڕۆش بە گوڕوتینێکی دیکە پێشەنگی ئاوەدانی و ئازادی و دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستانە
لە یادی ١٦ی ئابدا، شاخەوان محەمەد، لە هەڵەبجە لە لێدوانێکی تایبەتی بە ڕۆژنامەی خەبات جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەردەم پارتی دیموکراتی کوردستان زەروورەتێکی مێژوویی، هۆکارێکی گرنگی ڕەواندنەوەی نائومێدی مرۆڤی کورد بووە، پاڵپشت و هێز و ورەی تەواوی چین و توێژەکانی گەلی کوردستان و مایەی شانازییە لە یادی دامەزراندنی ئەم پارتە پێشڕەوەدا بە سەرۆکایەتی جەنابی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر لاپەڕەکانی مێژووی پڕ سەروەری هەڵبدرێنەوە، کە ئامانج و مەبەستی دامەزراندنی هێنانەدی مافە ڕەواکانی میللەتی کورد و گەیشتن بە ئاواتەکانیەتی بەشێوازێکی سەردەمیانە و بابەتیانە.
پارتی بوو بە هەوێنی یەکڕیزی و تێکۆشان و خەباتی گەلێکی مەزڵوم و مافخوراوی ژێر دەستی داگیرکەرانی ناوچەکە و لەو پێناوەدا هەزاران شەهیدی بەخشیوە و لە ماوەی ٧٨ ساڵی تەمەنی پڕ سەروەری و قارەمانیەتی دا توانیویەتی بەو پەڕی خۆڕاگری و خۆنەچهماندن بەرگری لە کوردستان و میللەتەکەی بکات.
هەروەها بووەتە هۆکاری وەدەستهێنانی چەندین دەستکەوتی گەورە و هەمیشە پاڵپشتێکی پڕ لە ورە و جێی متمانەی گەلی کوردستان بووە بە جیاوازی پێکهاتەکانیەوە.
پارتی لە ماوەی تەمەنی پڕ لە سەروەری و شکۆمەندی، خۆی نەسەپاندووە بەڵکو بە شێوازێکی دیموکراسی و ماف پەروەرانە ررەفتاری کردووە. هەر بۆیەش هەمیشە بە پێشەنگی ماوەتەوە و شانازی دەستکەوتە مێژوویەکان لە بەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دراون. ئەمەش لە کارێزمایی و شارەزایی دامەزرێنەرەکەی مستەفا بارزانیی نەمرە.
لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم پارتە دا تا ئەم چرکە ساتەش بە بەردەوامی خاوەن گەورەترین پێگەی سیاسی کوردستان و گشت لایەکە، کە دۆست و دوژمنانیش بە چاوێکی تایبەتەوە ئاماژەی بۆ دەکەن، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی، کە ئەگەر پارتی بونی هەبێت کوردیش بوونی خۆی دەسەلمێنێت. هەر بۆیە
بە ئاشکرا نەیاران و دوژمنانی گەلی کوردستان بەگشت ئایدیا جیاوازەکانیانەوە لەناوخۆ و دەرەوە لەیەک خاڵدا هاوبەشن، کە ئەویش دژایەتیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانە. پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو رێباز و قوتابخانەیە، کە لە سەختترین قۆناغەکاندا هیچ کات ئامادە نەبووە سازش لە سەر مافە رەواکانی گەلی کورد بکات، هەروەها لە پێناو گەیاندنی ئامانجەکانی تا بە ئەمڕۆ قوربانیی و باجی زۆری داوە و بەردەوامە.
پارتی هەروەک دوێنێ پێشەنگ بوو لەسەنگەری کەرامەت و بەرخودان ئەمڕۆش بەگوڕوتینێکی دیکە پێشەنگی ئاوەدانی و ئازادی دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستانە.
گەورەیی پارتی لەوەدایە هەمیشە خۆیی نوێ دەکاتەوە و لەگەڵ گۆڕانکارییە سەردەمییەکان رێ دەکا و لە کاروانی خەباتیش دانەبڕاوە و بەردەوام لە پێشڕەوی دایە.
پارتی هەمیشە لە ژیانی سیاسی دا بەرەیەکی نەتەوەیی و کوردستانی بووە، کە بیروبۆچوونی جیاواز لە ڕووی ئایین و نەتەوە لە ڕێکخستنەکانی دا هەبووە بەجۆرێک هەموویان بە هێزبوونی خۆیان لە بەهێزی پارتیدا دەبیننەوە.
پارتی لە ماوەی 78 ساڵی خەباتیدا بە ڕابەرایەتی مستەفا بارزانی و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەستکەوتی باشی سیاسی و دیپلۆماسیان بۆ گەلی کوردستان بەدەستهێناوە و توانیوانە شوناسی گەلی کوردستان لە لەناوچوون بپارێزن و بە ئەزمونی ئەمڕۆی بگەیەنن و بە واقیعانە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا بکەن و تێڕوانینی نیشتیمانیانەیان هەبووە.
هەر بۆیە توانیویانه لە ئاستی داخوازی قۆناغەکەدا بن بەبێ ئەوەی سازش لەسەر ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستان بکەن.
پارتی و سەرۆک بارزانی پێگەیێکی بەهێزیان هەیە لە ناو گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عێراق
ڕزگار چاوشین ئەو پێی وایە: پارتی هەمیشە لە نوێبوونهوه دایەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێگەی جەماوەری فراوانتر دەبێت و حزبێکە هەرگیز سازش لەسەر مافەکانی میللەتەکەی ناکات. لەم یادە پیرۆزەدا لە لێدوانێکی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان بە بڕیاری ڕێبەری نەتەوەی کورد بارزانی باوک دامەزراوە لە ١٦/ئابی/١٩٤٦ ز دا.
بارزانی باوک ڕێبەرێکی دادپەروەر و ئاشتیخواز و مروڤدۆست بوو، ئەو هەموو تەمەنی خۆی لە پێناو سەربەرزی و سەرفرازی کورد و کوردستاندا تەرخان کرد و لەم پێناوەشدا سەری دانا، واتە ئەو بۆ ڕزگاری و سەربەستی نەتەوەکەی خەباتی کردووە و تێکۆشاوە بۆ ئەوەی مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی بە دەست بێنێت و ببێ بە خاوەن قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆ، بەوپێیەی میللەتی کورد خاوهن جوگرافیا و زمان و کولتوری تایبەت بە خۆی بووە و
هیچی کەمتر نەبووە لە میللەتانی دراوسێی.
پارتی لە قۆناغێکدا دامەزرا قۆناغێکی تا بڵێی سەخت و دژوار بوو، واتە لە گەرمەی شەڕی سارد و لە لایەکی تریش بێ ئومێدی ڕۆڵەکانی کورد گەیشتبووە لوتکە. بۆیە پارتی وەک زەروورەتێک و بارزانی باوکیش وەک فریاد ڕەسێک بۆ پاراستنی کورد و ناسنامە نەتەوەییهکەی دەرکەوتن لەم مێژوەدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەم ساتەوە بووە جێگای ئومێدی خەڵکی کوردستان و هیوای خستە دڵی هەموو تاکێکی کورد، هەر لەم ساتەوەش گوڕوتینێکی بە هێزی خستە نێو ناخی تاکی کورد و کوردستانی بۆ بەرگری کردن لە مانەوەی خۆی لە سەر زێدی باب و باپیرانی.
هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، کە مەزنترین شۆڕش، کە شۆڕشی ئەیلول بوو بەرپا بکرێت و بۆ ماوەی نزیکەی چواردە ساڵ بەردەوام بێت و دوژمنانی کورد و کوردستان بە چۆک دا بێنێت و دان بە گشت مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێن بە شێوەیێکی فەرمی.
بۆیە ئەو رۆژە وەرچەرخانێکی گەورەی بەسەر دۆزی ڕەوای کوردا هێناوە و کوردی لە لێواری نەمان ڕزگار کرد و بووە سەرچاوەی مانەوەی ناسنامە نەتەوەییەکەی
هەتاکو ئەمڕۆش پارتی و بارزانی پێشەنگن لە بەرگریکردن لە کورد و کوردستان و ساڵ دوای ساڵ پارتی بەهێزتر دەبێت تا ئاستێک کە مانەوەی کورد و کوردستان بەندە بە مانەوەی پارتی و بارزانی بە پێگەیێکی بەهێزەوە لە نێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و کوردستاندا.
ئێمە ڕابردووی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەینە سەرمەشخەڵی ئێستامان بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا یەکەم بین
رێبوار حەمە عهلی وەک لاوێک پێی وایە: پارتی دیموکراتی کوردستان حزبێکە پڕە لە دەستکەوتی مەزن و ڕێبازەکەی پڕە لە سەروەری و دەستکەوت و ڕێگە پیرۆزەکەمانیش ھەوراز و نشێوی زۆری تێدایە. بەڵام بڕوا بەخۆبوون و بڕوا بە سەرکەوتنی هەرگیز لەدەستنهداوە و لە دەستیشی نادات، بە دڵ و بە جۆشەوە کار بۆ ڕێبازەکەی پارتی و بارزانی دەکەین. لە ١٦ ئابدا هەموو ساڵێک خوێنی نوێ پێشکە ش بەپارتەکەمان دەکەین دوای کۆنفرانسی ناوخۆی پارتیمان جەنابی سەرۆک و سەرکردایەتی پارتیمان کارو بەرنامەی تۆکمەی بۆ ئێمەی قوتابیان و لاوان داناوە، کە بە بڕوا بەخۆبوونەوە بۆ ئایندەی کورد و کوردستان و پارتی کار بکەین. ئێمە ڕابردووی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەینە سەرمەشخەڵی ئێستامان بۆ ئەوەی لەساحەی سیاسی دا یەکەمی بێ رکابەر بین. پارتی هیج کات خۆی لە بەرپرسیاریەتی نەشاردۆتەوە وەک جەنابی براگەورە کاک مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ههرێمی کوردستان دەڵێت ئەگەر بەتەنیاش بم ئامادەم هەموو بەرپرسیاریەتێکی حکومەت لەسەرشان هەڵبگرم. خۆمان و خێزانمان بۆ ئایندەیەکی گەش ئامادەکاری دەکەین.