پەرژین جەعفەر حاجی ڕۆستەم
١٦ی ئابی ١٩٤٦ وەرچەرخانە گرنگ و مێژووییەكەی پەیوەست نییە بە گەلی كورد لە یەك پارچە (واتا نەک تەنها هەرێمی كوردستان- باشووری كوردستان)، بەڵكوو بووە ئیلهامبەخش بۆ جووڵەیەكی نەتەوەیی لە هەرسێ بەشەكەی دیكەی كوردستان و چەندین گرووپ و پارت و دەستەبژێری ئەو بەشەی کوردستان یان هاتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان خەباتیان هاوبەش كرد، یاخود لەو بەشەی خۆیان لەسەر پڕنسیپ و ڕێبازەكەی پارتی كە سەرچاوە دەگرێت لە (ڕێبازی كوردایەتی- بارزانی) دەستیان بە تێكۆشان و بەرگریكردن لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كرد.
دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵگیرسانەوەی شۆڕش(ئەیلوول و گوڵان)، چەند بەئاگاهێنانەوەی كۆمەڵگەی كوردی بوو لەسەر پێداگری و شەڕی مانەوە و پێشخستنی پرسە نەتەوەییەكەی، هێندەش بووە هۆی ئاگاداربوونەوەی دوژمن و نەیارەكانی كورد كە چۆن كاریگەرییەكەی ئەم دوو شۆڕشە لاواز بكەن و ستراتیژییەتی دژایەتیكردنی ئەم ڕەوتە گرنگە داڕێژن؛ كە پایەیەكی ئایندە ڕوون (گەش) دەبێت بۆ سەركەوتن و بەدەستهێنانەوەی مافە نەتەوەیییەكان، كورد چەند تاكتیك و سراتیژییەتی بەهێز بێت، نەیار و دوژمنەكانی بە سوودوەرگرتن لە خاڵە لاوازەكانی كاریگەریی كاتی یاخود بەربەست دروستكردن دەتوانێ بێنێتە پێش ئەو ستراتیژییە. لەم پێناوەدا نەیاران كەوتە دروستكردنی چەندین پارت و گرووپ بەناوی كورد و لە ژێر ڕکێفی خۆیان، كە تا ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان و لە بەشەكانی دیكەیش بەناوی جۆراوجۆر لە دژی خواست و ئامانجە نەتەوەییەكان، چ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.
یادەوەرییەكانی پارتی و شۆڕشەكانی(ئەیلوول و گوڵان)، دەیان نموونەی تێدایە كە چۆن لەسەر بنەما و ڕێبازەكەی شۆڕشەکان بوونە كەمەندكێش و ڕوانگەی كوردایەتی بۆ كوردانی هەر چوار پارچە، ئەمەش پەیوست بوو بە بەهای شۆڕشگێڕی و خەباتی پاك و ڕاستگۆیانە لە پێناو یەك ئامانج، تاكوو ئێستایش ئەم مەبدەئی بوون و بەهایە لە ستراتیژییەتی پارتی لە قۆناغی پێشخستنە، بەڵام زۆرجار بەهۆی تاكتیك یاخود نەگونجانی دۆخ نەیتوانیوە هەنگاوەكانی بەڕوونی بخاتەڕوو، یاخود ئەگەر وەستابێت لە قۆناغێك، ئەوا نیشانەی خوێندنەوەی دۆخ بووە.
ئەم جۆرە لە جۆشدان لەگەڵ واقعی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و پێشكەوتنە جیهانییەكان لای پارتی ڕەنگ و ڕێگەی نوێی بەخۆیەوە گرتووە، دەبێت بڵێین: پارتی هەلومەرجەكەی لە ئێستا بەتەواوی گونجاندووە، كە چۆن ئەم ئیلهامبەخشییە لە پێناو ستراتیژییەتە گرنگەكەی كە پرسی نەتەوەییی گەلی كوردستانە بباتە قۆناغێكی دیكە، ئەم قۆناغەش بوونی مەترسییە لەسەر سەرچاوە گرنگە ئیلهامبەخشییەكە، واتا لە حاڵەتی بەرگری و مانەوەیە، چونكە ناوچەكە خۆی لەنێو ئەو ئاڵۆزییەدایە و سەری ڕم و تیرەكان هەموویان ڕوو لە ناخی كوردستان و لەسەروویانەوە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەمەشدا سیاسەتی واقعی و ڕاست و، پشتبەستن بە دۆزێكی ڕەوا سەركەوتن تۆمار دەكات و لە ئایندەیشدا ئەم سەركەوتنە بۆ هەموو گەلی كوردستانە نەك تەنها بۆ پارتی و ڕێبازەكەی.