١٦ی ئاب وەرچەرخانێکی گرنگ لە بزاڤی رزگاریخوازی کورددا

223

شێخ تاهیر عەبدولغەفوور شووشی
درێژەپێدانی شۆڕشەکانی بارزان و زیادبوونی بەرخودان و تێکۆشانی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە مەهاباد و ناوچەکانی تری کوردستان و سەردانی بارزانی بۆ بەغدا لە ساڵی ١٩٤٤ بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەوسای حکوومەتی پادشایەتی عێراق، سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆزی رەوای گەلی کورد لە کوردستانی عێراق، هەروەها چاوپێکەوتن و دیدار و گفتوگۆی چڕ و پڕ لەگەڵ سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەران و رۆشنبیرانی کورد و بەرپرسانی حزبی هیوا و، ئاڵوگۆڕکردنی بیر و ڕا لە نێوان بارزانی و لایەنە کوردییەکانی تردا، سەبارەت بە بابەتە نیشتمانییەکان و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد لەو سەردەم و قۆناغەدا، ئەمە لە لایەک، لەلایەکی ترەوە هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهان لە ساڵی ١٩٣٩ و دەرهاوێشتە و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆی ناوچەکە و دابەشبوونی حکوومەت و میللەتان بەسەر دوو بەرەدا.

ئیشتراکی بە سەرپەرشتی یەکیەتی سۆڤیەت و سەرمایەداری بە سەرپەرشتی ئەمریکا و بەریتانیا و دوورکەوتنەوەی چەندین وڵاتانی تر لە گۆڕەپانی ململانێ سیاسییەکان، بەتایبەتی کاریگەرییەکانی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەتی کوردستان و ئاوارەبوونی شۆڕشگێڕە بارزانییەکان و کوردانی نیشتمانپەروەر بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان و نیشتەجێبوونیان لە شاری مەهاباد و شارەکانی دەوروبەر و بەشداری کردنیان لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە پێشەوایەتی پێشەوا قازی محەمەد.

لەو کاتانەدا مستەفا بارزانی و هاوەڵانی کاریان دەکرد بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسی، کە توانای هەبێ هەموو بیر و باوەڕێکی سیاسی و نیشتمانی و شۆڕشگێڕی لە خۆی کۆ بکاتەوە و هەموو چینەکانی خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی لە رەگەز و ئایین و کولتوور و رۆشنبیری لەخۆ بگرێت، کە بریتی بێت لە پارتێکی بنکە فراوانی سیاسی لە کاسبکار و کرێکار و پاڵە و جووتیار و ئافرەت و قوتابی و پیاوماقوڵان و پیاوە ئایینەکان و رۆشنبیران و.. کارمەندانی دەوڵەت بۆ ئەوەی هەموویان بەبێ جیاوازی بە گوڕووتین و جۆش و خرۆشێکی بەهێزەوە درێژە بەخەبات و تێکۆشان بدەن لەپێناو خاک و گەل و نیشتمان.

ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٤٦ بارزانی و هاوەڵانی لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەگەرمی پشتگیری حزبی دیموکراتی ئێران بوون بە رابەرایەتی پێشەوا قازی محەمەد، لە هەمان کاتدا بارزانی پەیوەندییەکی پتەوی هەبوو لەگەڵ سیاسەتمەدار و رۆشنبیران و نیشتمانپەروەرانی کورد لە عیراق بەتایبەتی لە شارەکانی بەغدا و سلێمانی و کەرکووک و مووسڵ و شوێنەکانی تر بەئامانجی ئامادەسازی بۆ سازدانی یەکەمین کۆنفرانسی پارتی دیموکراتی کوردستان و راگەیاندنی دامەزراندنی ئەم پارتە، مەلا مستەفا نامەی رازیبوون و راسپاردە و ئامۆژگاری و رەزامەندی ئاراستەی بەشداربووانی ئەم کۆنفرانسە و دەستەی سەرپەرشتیکاری کرد لە شاری بەغدا.

رۆژی ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ بووە رۆژێکی میژوویی بە لەدایکبوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشتیخواز و نیشتمانپەروەر، پارتێک خاوەنی هەڵگری بیر و باوەری کوردایەتی و شۆڕشکێڕی و جەماوەرێکی بەرفراوان لە هەواداران و کەسانی رۆشنبیر و زانا و دادوەر و کۆمەڵناس و جووتیار، پارتێک بوو بە ئەندازیاری خەبات و تێکۆشان بۆ رێنیشاندەر و دامەزراندن قەوارەیەکی سیاسی کورد.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەیەکەم رۆژی دامەزراندنیەوە و لەیەکەم کۆنفرانسیدا مەلا مستەفای بارزانی بە سەرۆکی حزب هەڵبژارد و، لە ١٦ئابی ١٩٤٦ەوە هەتا رۆژی ماڵئاوایی و کۆچی دوایی لە لە ١ی٣ی ١٩٧٩ وەک سەرۆک و رابەری پارتی و رێبازی کوردایەتی بەردەوام بوو لە تێکۆشان.
بارزانی هەموو هیوایەکی ئەوەبوو هەموو چینوتوێژەکان لە خۆبگرێت لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، کە ئەمەش یەکێک لە گەورەترین ئامانجەکانی بوو.

هەڵبەتە هەر لە رۆژی دامەزراندنی پارتییەوە، سەرکردایەتی ئەو پارتە چەندین بەرنامە و دروشمی جۆراوجۆری دارشتبوو بۆ تێکۆشان و بەرهەڵستی کردنی داگیرکەران و بەدیهێنانی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان، وێرای ئەوەی لە رێی خەباتی کوردایەتییدا تووشی چەندەها نەهامەتی و شکستی نەخوازراو دەهات خەڵکانێک لە جەستەی ئەم پارتە لە قۆناغە هەستیارەکانی تێکۆشاندا جیادەبوونەوە، بەڵام پارتی لەجاران بەهێزتر دەبوو بەیەکگرتوویی درێژەی بەکاروانی خەبات دەدا، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان بە پارتی دایک بۆ میللەتی کورد دەناسرێ و لە هەموو جیهان کورد بە پارتی و بارزانی دەناسرێ و، لە توانای هیچ کەسێکدا نییە پارتی و بارزانی و میللەتی کورد لەیەک جیابکاتەوە.

دوێنێ رابەری پارتی و خەباتی کوردایەتی مستەفا بارزانی نەمر بوو، ئەمرۆش هێژای کۆڵنەدەر مسعود بارزانی هەڵگری مەشخەڵی کوردایەتی و ئاڵای پیرۆزی کۆماری کوردستانی مەهابادە و دەبێتە دامەزرێنەری دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ و بەهێز لە ئایندەدا، یادکردنەوەی ٧٨ساڵ لەسەر تێپەڕبوونی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یادکردنەوەیە لە رۆژە سەختەکانی شۆرش و بەرخودان، یادکردنەوەیە لە روحی پاکی شەهیدان و ئەنفال و زیندەبەچاڵ کراوان، رۆژی یادکردنەوەی جەنگاوەر و داستانی پێشمەرگە قارەمانەکانە، رۆژی یادکردنەوەی هەموو خۆشی و ناخۆشی و سەرکەوتنەکان و بەدەستهێنانی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستانە بە فەراهەم کردنی ئازادی و دیموکراسی و دامەزراندنی دامودەزگاکانی حکوومەت و چەسپاندنی یاسا و ئەمن و ئارامیە لەسەرتاسەری کوردستان.

یادکردنەوەی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی پارتی هانمان دەدات بۆ زیاتر پتەو کردنی ریزەکانمان و دووپاتکردنەوەی پەیمان لەسەر پەرەپێدانی هەموو شێوەکانی خەبات و بەهێزکردنی هەستی کوردایەتی و پەیرەو کردنی رێبازی بارزانی نەمر و داکۆکیکردن لە خزمەتکردنی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بەدابینکردنی هەموو خزمەتگوزارییەکان و باشکردنی رەوشی بژێوی هاووڵاتیان لە هەموو رووەکانەوە و بەگەڕخستنەوەی هەستی برایەتی و کوردایەتی لە سەرتاسەری کوردستان، پیرۆزە یادی لەدایکبوونی پارتی پێشڕەوی کوردستان. بەرز و بڵندبێت ئاڵا شەکاوەکەی بە رابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی.

*هاوینەهەواری سەلاحەدین