رۆژی 2024.8.12، لە ژێر چاودێریی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی د.عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرو بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێرو ژمارەیەکی دیكه لە هونەرمەندان و هونەردۆست و نووسەر و ئەدیب و شاعیر و ڕۆشنبیر و هاوڕێیانی، لە باخچەی سەندیکای هونەرمەندان لە هەولێری پایتەخت، لە مەراسیمێکدا میدالیای زێڕ و چەپکەگوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەندی دیاری دراما و سینەما و شانۆی کوردی «سەعدون یونس».
لە مەراسیمەکەدا پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا ستایشی خزمەتکردنی هونەری کوردی لەلایەن هونەرمەند «سەعدون یونس» کرد و تیشکی خستەسەر ڕۆڵی مێژووی ناوبرا لە پێشخستن و پەرەپێدانی دراما و سینەما و شانۆی کوردی و خزمەت و کارە هونەرییەکانی ناوبراوی بەرزنرخاند، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هونەرەکەی لە نێو کۆمەڵگەدا ڕێزلێگیراوە، گوتیشی: ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماندووبوون و خزمەتەی کە زیاتر لە 50 ساڵە پێشکەشی هونەر و گەلەکەی کردووە، کە ئەوەش بێ قوربانیدان نەبووە، بۆیە سەعدون یونس مایەی شانازی کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتییە.
سەعدون یونس هونەرمەند و دەرهێنەری دیاری دراما و سینەما و شانۆی کوردی لە ساڵی 1948 لە هەولێر لەدایکبووە، ساڵی 1966 خانەی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو كردووە، ساڵی 1973 بەشی دەرهێنانی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا تەواو كردووە و خاوەنی زیاتر لە 120 بەرهەمی شانۆیی و دراما و فیلمی سینەماییە، لەنێویاندا ”هەبوو نەبوو” و “کەونە دەرکە” کە لە سیناریۆ و دەرھێنانی خۆیەتی و هەرخۆشی ڕۆڵی سەرەکی لە بەرهەمەکەدا هەیە، لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، لە پای ئەو خزمەتە زۆرەی بەهونەری کوردی کردووە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە میدالیای زێڕ و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەند سهعدون یونس.