خەبات: کاروان کاوە:- 20 هونەرمەندی شێوەکار و خۆشنووس، لە پێشانگەیەکی هونەری لەسەر قەڵای هەولێر بەشدارییان کرد و چەند تابلۆیەکی ڕەنگینیان کێشا، کە گوزارشت بوون لە جوانی هونەر و داهێنان لە بواری شێوەکاریدا، پێشانگەکە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکی دەزگای ڕۆشنبیریی زانکۆکانی جیهان بوو لە ماڵی ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان و بە هاوکاری گەلەری فەیحا بۆ ڕۆشنبیری و هونەر بە دروشمی «باوەشی پەڕ و سیحری کەلەپوور» بەڕێوەچوو، پڕۆژە هونەرییەکە سیمپۆزیۆمی هونەرمەندان بوو، کە گردبوونەوەیەکی هونەرییە و هەر جاره و لە ناوچەیەکدا داهێنانی نوێ لەو هونەرە پێشکەش دەکرێت، ئەمساڵیش قەڵای هەولێر ڕەنگێکی نوێی پۆشی و خامەی ڕەنگاوڕەنگی شێوەکاران تایبەت کرا بە جوانییەکانی ئەم وەرزە گەرمەی هاوینی کوردستان و ناوچە و دەڤەرە دڵڕفێنەکان بوون بە هەوێنی تابلۆکانی هونەرمەندان.

ئەندازیار «بورهان سابیر» سەرپەرشتیاری پڕۆژە هونەرییەکە و بەرپرسی ماڵە ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان لە بارەی ئەنجامدانی ئەو چالاکییە هونەرییەوە بۆ خەبات گوتی: بەشداریکردنی هونەرمەندانی کورد و عەرەب لەم سیمپۆزیۆمیەی قەڵای شکۆداری هەولێر و نەخشاندنی تابلۆکانیان، دوای زنجیرەیەک چالاکی و فیستیڤاڵ و ژووانی هونەری دەزگای ڕۆشنبیری جیهان دێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجاممان داوە و بەردەوامین لە چالاکییەکان، کە تەنیا شێوەکاری و میوزیک لەخۆ ناگرێت، بەڵکو شیعری و شانۆ و فیلم و هونەری پەیکەرتاشیش لەخۆ دەگرێت، تا ئێستا چەندین پێشانگەی بەرفراوانی فۆتۆگرافی و شێوەکاری و چاپکردنی کتێبی نوێی لەخۆ گرتووە.

پەیامی ئێمەش لەم دەزگا هونەرییەدا ئەوەیە، بتوانین نەوەیەکی زانستخواز و هونەردۆست و تەندروست پەروەردە بکەین و لە داهاتوودا خزمەت بە وڵاتەکەمان بکەن، هەروەها ئەنجامدانی ئەو چالاکییانە و هاوکاریکردنی هونەرمەندان و شاعیر و ئەدیبان لە پێشکەشکردنی کۆڕ و سیمینار و چالاکی جۆراوجۆر بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین، چونکە ئەوانە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندن و دەکرێت سوود لە ئەزموون و بەرهەمەکانیان وەرگیرێت و پشتیوانیان بین، بۆ ئەوەی کوردستانمان جوانتر و ئاوەدانتر بکەین و ئاستی ڕۆشنبیری کوردی بەرەو لوتکە بچێت، ئەمەش بە پشتیوانی ئێمە و ناوەندە فکری و ڕۆشنبیرییەکانی دیکە دەکرێت، کە بتوانین ڕێز له قەڵەم و هونەری کەسایەتییەکان بگرین، وەک ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان 20 هونەرزان لە باوەشی قەڵای هەولێردا ڕەنگەکانیان ئاوێتەی یەکتر کرد و تابلۆی جوانی و عەشق و خۆشەویستیان پێشکەش بە هاوشاریان کرد.