خەبات: مەریوان نەقشبەندی – ئەڵمانیا:- لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی كوردی لە شاری كوڵن، بە دیداری گەیشتم “وەك گەنجێكی بەهرەمەندی نابینا لەناو چەپڵەڕێزانی ڕەوەندی كوردی لە ئەوروپا میوزیكی دەژەنی و گۆرانییەكی نیشتمانی – نەتەوەیی دەچڕی، (دلان داری)، ناوی تەواوی (دلان یاسین)ە، لەدایكبووی ساڵی 2001ی ڕۆژئاوایی كوردستانە، چیرۆکی نابیانی خۆیی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: كاتێ لەدایكبووم بە نابینایی لەدایكبووم، چوار برا و خوشكێكم هەیە، بە هۆی ڕووداوەكانی سوریا ساڵی 2013 چووینە باشووری كوردستان و لەكەمپی قوشتەپپە نزیكەی 3 ساڵ لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لەكوردانی ڕۆژئاوا ژیاوین، دواتر بەهۆی رێكخراوێكی مرۆدۆستی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان من و ئەندامانی خێزانەكەمیان هێنا بۆ ئەمریكا و ئێستا هەموو پێكەوە لە شاری سەندیاگۆی ویلایەتی كالیفۆرنیا دەژین، دلان داری، بەهرەمەند تەمەنی 23 ساڵە، لە دیمانەیەکدا بۆ خەبات بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.

*دەكرێ بزانین چۆن دەستت بەكاری هونەری میوزیك و گۆرانی كرد؟
بەدڵنییاییەوە هەموو مرۆڤێك كاتێ لەدایك دەبێ خوای گەورە بەهرەیەكی دەداتێ كە قەرەبووی هەر ناتەواویەكی جەستەیی بۆ بكاتەوە، منیش لەبەرئەوەی دەرفەتی خوێندنم وەك نابینایەك نەبوو، قوتابخانە و ئامێر و كەرەستەی تایبەت بەخوێندنی نابینا نەبوو، بۆیە هەر لەمنداڵییەوە خولیای فێربوونی میوزیك بووم و حەزم دەكرد لەگەڵ میوزیك گۆرانیش بڵێم، بۆیە هەر لەتەمەنێكی منداڵییەوە دەستم بە ژەنینی چەند ئامێرێكی میوزیك و گۆرانی كرد، جگە لەخانەوادەكەم ژمارەیەك لە مامۆستا لە ڕۆژئاوا پشتیوان و هاوكارم بوون بۆ بەردەوام بوونم لە ژیانی هونەریی لەوانە :(مامۆستا حەسەن رەمۆ، مامۆستا بەرزان عەتێ، مامۆستا عومەر مەنتش، مامۆستا مەعسوم شكاك).

*ئەو ماوەیەی لە هەرێمی كوردستان بوویت لەناو كەمپی قوشتەپپە چۆن كاتت بەسەر دەبرد و درێژەت بەكاری هونەری دەدا؟
ئەگەرچی هۆیەكانی بەردەوام بوونم لەگۆرانی و میوزیك زۆر ئامادە نەبوو، چونكە ژیان لەكەمپ و ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ئەوكاتە كە شەڕی داعش یەخەی كوردستانی گرتبوو زەحمەت بوو کار لەسەر بواری هونەری بكەیت، بەڵام هەر كۆڵم نەدا و بریارمدا بەشێوەیەك لەشێوەكان هاوسەنگەری میللەتەكەم بم، بۆیە بۆ بەشداریكردنم لەم جوامێریەی كە پێشمەگە قارەمانەكان و خەڵكی كوردستان چەند سروودێكم بۆ نەبەردییەكانی پێشمەرگە گوت، جگە لەكەمپی قوشتەپە و هەولێر، ڕۆیشتمە كەمپێكی ئاوارەكانی ڕۆژئاوا لەشاری سلێمانی و لەوێش بۆ بەرزكردنەوەی مەعنەویاتی كوردانی ڕۆژئاوا كۆنسێرتی بچووكیان بۆ رێكخستم.

*ئەو ماوەیەی لە كەمپی قوشتەپە بوویت و لەپڕۆسەی خۆتۆماركردن بۆ سەفەركردنت لەگەڵ خانەوادەكەت بۆ ئەمریكا كێ هاوكار و پشتیوانت بوو؟
دیارە خەڵكی كوردستان بەگشتی خەڵكێكی مرۆڤدۆست و جوامێرن، ئەو چەند ساڵەی لەقوشتەپە بووین بێ هاوكاریی و پشتیوانی و هاوسۆزی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەبووین. بۆیە سوپاسی جوامێری خەڵكی كوردستان و حكوومەت و سەركردایەتی سیاسی گەلی كورد دەکەم.لەکەڵ ئەوەش ناكرێ ڕۆڵی برای بەڕێز د. ڤیان یوسف لە بیربكەم جگە لەوەی وەك پزیشكێكی كوردی خۆبەخش خۆی و هاوڕێكانی لە ڕێكخراوەكەی لەڕۆژە سەختەكان لەباشووری كوردستان هاوكاری پێشمەرگە و دابینكردنی كەرەستەی پزیشكی پێشمەرگە بوون لەشەڕی دژ بە داعش. هەروەها هاوكاری منیش بووە هەرگیز لەیادی ناكەم، هەروەها سوپاسی ئەو ڕێكخراوەی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانیش دەكەم كە بەهۆیەوە توانیم لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەم بگەمە ئەمریكا و ژیانی نێکی نوێ دەستپێبكەین.

*ژیانی نوێت لە ئەمریكا چۆنە و چۆن بەبێ چاوەكانت هەستت بۆ خۆشەویستی كوردستان بەم شێوەیە بەردەوامە؟
ئەگەر خەڵكی كوردستان بەهۆی چاویانەوە جوانی كوردستان ببینن و وڵات و شاخ و دەشت و ئاوەكانیان خۆش بووێت، ئەوە من بەدڵ كوردستان دەبینم و ئەو سۆز و خۆشەویستییەم بۆ كوردستان و خەڵك و خاكەكەی لەڕێگەی دڵمەوە دەبینم و درووست دەبێ. ژیانم لە ئەمریكا سوپاس بۆ خوا زۆر باشە لێرە جگە لە فێربوونی زمانی ئینگلیزی هەلی خوێندنیشم بۆ ڕەخسا، چونكە هەلی خوێندن بۆ نابینا و كەمئەندامان دابین كراوە”لێرە بروانامەی بە كالۆریۆسم بەدەستهێناوە و خوازیارم بتوانم لەئایندەدا ببمە مامۆستای میوزیك لەپەیمانگەیەك یان زانكۆیەكی ئەمریكا خزمەتی زیاتر بە زمانی كوردی و گۆرانی و میوزیكی كوردی بدەم. لێرە لە بۆنە نەتەوەییەكان و بەتایبەتی لەجەژنی نەورۆز لەساندیاگۆ و چەند شوێنێكی تری ئەمریكا ئاهەنگی گۆرانی و میوزیك ڕێكدەخرێ و منیش تێدا بەشدار دەبم، جگە لەوەش بەهۆی ئەوەی زمانی ئینگلیزی بەباشی فێربووم ئێستا دەتوانم بەزمانی ئینگلیزیش پەرە بەتوانا هونەرییەكانم بدەم و نزیكەی 25 گۆرانیم تۆماركردووە و لە یوتوب بڵاوكراوەتەوە. بەڵام بەداخەوە هێشتا بەرهەمم لە (سی دی)كۆنەكردۆتەوە. زۆربەی گۆرانی و ئاوازەكانی من نەتەوەیی و نیشتمانین بۆ پشتیوانی و ناساندنی كوردە بەهەموو جیهان. لەساڵی ڕابردووش 2023 گەڕامەوە كوردستان و جگە سەردانی قوشتەپە سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانیشم كرد وەك وەفایەك بۆ ئەو خاكەی ساڵانێك بەنابینایی لەئامێزی گرتبووم.

*دەتەوێ چی بڵێیت بەو گەنجە كوردانەی ئێستا لە كوردستان و جیهان دەژین؟
پێیان دەڵێم بێ ئومێد نەبن، هەر مرۆڤێك خوای گەورە دروستی دەكات ئەگەر كۆڵنەدات ئەوا بەدڵنیاییەوە بەهرەیەك لەخۆیدا دەدۆزێتەوە كە لەگەڵ ژیانی میللەتەكەی بەردەوام بێت. ئێمە هەموو ژیانمان خەبات و بەرگریكردن بووە لە خاكی خۆمان، بۆیە دەتوانین جێگایەك لەم ژیانە پڕبكەینەوە و ئایندەیەكی باشتر بۆ كوردستان درووست بكەین، سوپاسی رۆژنامەی خەباتیش دەكەم بۆ ئەم دیمانەیە و بۆ ئەوەی ڕۆڵەیەكی خۆی كە نابینایە و كۆڵنادات و درێژە بەژیان دەدات بەخەڵك بناسێنێت.

شایانی باسە، لە شاری كۆلن لەئەڵمانیا لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی كوردی بەڕێز شیفا بارزانی بەرپرسی ڕەوەندی كوردستانی لەبارەگای بارزانی و بەرپرسی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردی لە دیاسپۆرا هونەرمەند و بەهرەمەند دلان داری خەڵاتكرد، هیوای خواست ببێتە باڵیۆزی هونەر و میوزیك بۆ گەیاندنی دەنگی كوردستان لەوئەمریكا و جیهان، لە دوایی تەواو بوونی دیمانەکەم لەگەڵ دلان داری، بە پێویستم زانی بەڕێز د. ڤیان یوسف بدوێنم كە یەكێك بووە لەو كەسایەتییە نیشتمانپەروەرانەی كوردستان لەدەرەوە بەردەوام هاوكار و پشتیوانی دلان داری بووە و لەسەر ئەم پەیوەندییە تایبەتەیان گوتی: دلان داری دەنگ و نوێنەری ڕاستەقینەی كورد و كوردستانە لە هەموو جیهان، خوازیارم میدیاكانی كوردستان گرنگی پێبدەن گرنگی بەم بەهرەیە بدەن كە گەنجی كورد هەیەتی لەكاتێكدا چاوی بەوكوردستان و ژیان نەكەوتووە و هەستێكی نەتەوەیی لەدڵیدا چەسپیووە “داواكارم هەموو كەسایەتییەكان لەسەرتاسەری كوردستان و ئەوروپا و جیهان هاوكار و پشتیوانی بن.