خەبات: عەلی بانیشاری:- ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نێویاندا هەریەكە لە هادی سەلامی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و عەلیە نەسیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا داوایانكردووە، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كە لەسەروبەندی خانەنشین بووندایە بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت.

عەلی عەلاق كە لە 23ـی كانوونی دووەمی 2023ـەوە پارێزگاری بانكی ناوەندییە و پێشتر لە ساڵانی 2014-2020 بەهەمان شێوە بە وەكالەت پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی بانكەكە بوو بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە لە پشت سزادانی ژمارەیەك لە بانكە عێراقییەكانەوەیە، سەبارەت بە بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی عێراق بۆ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، خەلیل دۆسكی كە ئەندامێكی كوردی لیژنەی داراییە دەڵێت: دەبێت وەكو لیژنەی دارایی بزانین داهات و خەرجی حكوومەت چەندە و تەیف سامی ڕوونكردنەوەمان پێبدات كە بە چ شێوەیەك یاسای بودجە جێبەجێكراوە.

دكتۆر خەلیل دۆسكی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە پلاندا بوو دوێنێ چوارشەممە 7ـی ئابی 2024، هەریەك لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەبن، بەڵام كۆبوونەوەكە ئەنجامنەدرا و بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

گوتیشی: بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی بۆ ئەو مەبەستەیە تاوەكو ڕوونكردنەوە بدات بە لیژنەی دارایی كە بە چ شێوەیەك یاسای بودجە جێبەجێكراوە و خەرجی چەند بووە و داهاتی مانگانەی حكوومەت چەندە. زیاتر گوتی: وەكو لیژنەی دارایی دەبێت بزانین یاسای بودجە چۆن جێبەجێكراوە و خەرجی و داهات چەندە، خەلیل دۆسكی ئاماژەی بەوەشدا، لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران جوڵەیەك هەیە بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق بكرێت، بەڵام ئەوەی من ئاگاداربم تەمەنی یاسایی ناوبراو بۆ خانەنشین بوون تێپەڕیووە و ڕەنگە سەرۆكوەزیران خانەنشینی بكات، مەگەر دەرچەیەكی یاسایی بۆ خانەنشین نەبوونی ناوبراو بدۆزرێتەوە.

ڕۆژی سێ شەممە 6ـی ئابی 2024، میدیای عێراقی بڵاویكردەوە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی داوای لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە كە خانەنشینی بكات، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر پارێزگاری بانكی ناوەندیی واز لە پۆستەكەشی بهێنێت، ڕەنگە هەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات، بەڵام ئەگەر لێپرسینەوە بۆ لادان بێت، ئەوە عەلاق خۆی دەستلەكاردەكێشێتەوە.خەلیل دۆسكی پێیوانییە، بە لادان یان خانەنشینبوونی پارێزگاری بانكی ناوەندیی هیچ گۆڕانكارییەك لە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار ڕووبدات.

تادێت دەنگی ناڕازی دژ بە پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق زیاتر دەبێت و لە نوێترین هەڵوێستیشدا عالیە نسەیف، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دەبێت عەلی عەلاق لە پۆستەكەی دوربخرێتەوە، چونكە ناپاكی كردووە. ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاكی ئەوەشی گوتووە: لە 51% كەرتی بانكیی عێراق سزادراوە، ئەوەش ناپاكی ناوخۆیی لە پشتەوەیە.

سەبارەت بە كاتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەر ڕۆژ و هەفتەیەك قسەیەك دەكات، ((هەفتەی ڕابردوو لە وەزارەتی دارایی بووم و لەگەڵیان دانیشتم و پێیان ڕاگەیاندم ئەم هەفتەیە مووچە دەنێرن، بەڵام وا گەیشتینە كۆتایی هەفتە و مووچە نەنێردراوە))، دیاریش نییە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە دەكات یان هەفتەی داهاتوو، ناوبراو بە دوریشی زانی، هۆكاری دواكەوتنی مووچە، پەیوەندی بە وردبینی لە لیستی مووچە هەبێت، وەكو خەلیل دۆسكی دەڵێت: كێشەی لە وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە و ئەوە تێپەڕیووە. هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە.