بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ كەوتووەتەوە كار و لە كاتژمێرەكانی داهاتوودا ئاو دەگاتەوە سەرجەم گەڕەكەكانی هەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8/8/2024، ئاری ئەحمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان،  ڕایگەیاند: “لە كاتژمێر 6ی بەیانیی ئەمڕۆوە، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ بە هەموو توانای خۆیەوە دەستی بە كار كردەوە، سەرەتا ئاو گەیشتە چەند گەڕەكێك، لە كاتژمێرەكانی داهاتووشدا ئاو دەگاتەوە سەرجەم گەڕەكەكانی دیكە.”

دوێنێ بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی گوتبوو: “ئەمشەو چاکسازییەکانی پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز سێ تەواو بوو، قۆناغی تێست دەستی پێکردووە و لە پێنج پەمپ، پەمپێک کار دەکات و پاشان قۆناغ قۆناغ پەمپەکان دەکەونەوە کار.”

پڕۆژەكانی ئاوی ئیفراز، كە سەرچاوەكەی زێی گەورەیە بەشی زۆر و سەرەكیی ئاوی هەولێر دابین دەكەن، بەڵام لە نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممەوە، بەهۆی چاکسازی و زیاترکردنی ئاو لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، پڕۆژەكە وەستێنرابوو.