خەبات: برادەر كەلهوڕ:- بە درێژایی مێژوو پەیوەندییەكانی نێوان ئوردن و ئێران بەردەوام پشێوی و ئاڵۆزییان بەخۆوە بینیوە و بە بەردەوامی هاوسەنگی هێز و تەنگژەكانی ناوچەكە و پرۆژەی وڵاتە زلهێزەكان لە ناوچەكە راستەوخۆ كاریگەری بەسەر پەیوەندی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە هەبووە. بەم دواییانەش جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و وەشاندنی گورزە سەربازییەكان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل كاریگەری راستەوخۆی بەسەر ئەو پەیوەندییە دروستكرد،زیاتریش كاریگەرییەكە بەسەر ئوردنەوە دەركەوت بەو پێیەی هەڵكەوتەی جوگرافیای ئوردن وادەكات ئەو دەوڵەتە بكەوێتە نێو تەنگژەكەوە یا زۆر لێوەی نزیك بێت.

لێدوانی توند
بەم دواییانە، بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ، لێدوانی بەرپرسانی هەردوو دەوڵەت توندتر دەردەكەوتن بەهۆی ئەوەی لە وەڵامی هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەش بۆ لێدانی باڵیۆزخانەی ئێران، بە سەدان لە درۆنەكانی ئێران بە ئاسمانی ئوردندا تێپەڕ دەبوون بۆ لێدانی ئامانجەكانیان لەنێو خاكی ئیسرائیل.لەو بارەوە ئوردن بە ئاشكرا رایگەیاند كە هاوپەیمانێكی سەرەكی و ستراتیژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و رۆژئاوایە و بە هیچ شێوەیەك رێگەنادات هیچ لایەنێك خاك و ئاسمانی ئوردن ببەزێنێت و ئیدی چەند درۆنێكی خستە خوارەوە، ئەوەش دەسەڵاتدارانی ئێرانی نیگەران كرد و هەندێك سایت و پێگەی ئەلیكترۆنی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویان كردەوە كە گوایە ئامانجی دووەمی ئێران ئوردن دەبێت.ئەوەش وایكرد دەستبەجێ‌ ئوردن بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران لە عەمان بكات و پێی رابگەیەنێت كە ئەو رەفتارەی ئێران دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی ئوردن و لێی نیگەران و ناڕازین.دواتر ئێران ئەوەی رەتكردەوە و رایگەیاند ئەو پڕوپاگەندانە هیچ پەیوەندییان بە هەڵوێستی رەسمی تارانەوە نیە ..دوا بەدوای كوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ، جارێكی دیكە ئەو مەترسیانەی ئوردن لە هەڵوێستی ئێران نوێ بوونەوە بە تایبەتیش دوای ئەوەی ئێران دەوڵەتی ئیسرائیلی بە كوشتنی هەنیە تۆمەتبار كرد و رایگەیاند كە كاردانەوەی توندی دەبێت.هەر بۆیە شانشینی هاشمی ئوردن رایگەیاند كە ئەیمەن ئەلسەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن سەردانی تارانی كردووە و لەگەڵ مەسعود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران كۆ بووەتەوە و نامەی شا عەبدوڵڵای دووەمی شای ئوردنی گەیاندووە بە دەسەڵاتدارانی ئێران و دواتر لەگەڵ عەلی باقری وەزیری دەرەوەی ئێران تاوتۆێی رەوشی ناوچەكەیان كردووە.

مێژووی پەیوەندییەكان
پەیوەندییەكانی نێوان ئوردن و ئێران لە باشترین حاڵەت دابوون، دواتر لەگەڵ دەستپێكردنی راپەڕینە جەماوەرییەكان لە ساڵی 1978 بۆ رووخانی حوكمی شای ئێران، ئەو كات شا حوسێن سەردانی تارانی كرد و هەموو پاڵپشتییەكی ئوردنی بۆ شاهەنشا نیشان دا.دواتر لە12 ی شوباتی ساڵی 1979 شۆڕشی گەلانی ئێران سەری گرت و كۆتایی بە حوكمی شای ئێران هات . سەرەتا شانشینی ئوردن هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو، دواتر شا حوسێن نامەی پیرۆزبایی بۆ دەسەڵاتدارانی تازەی ئێران نارد ، ئەوەش خۆی لەخۆیدان دانپێنانێكی رەسمی بوو بە شۆڕشی ئیسلامی و كۆماری ئێران .دواتر ساڵی 1980 لە دوای دەستپێكردنی جەنگی نێوان عێراق و ئێران ، شانشینی ئوردنی هاشمی خۆی لەنێو دوو تەنگژەدا بینییەوە ، یەكیان فراوانبوونی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و راگەیاندنی لەنێو دەستووری وڵاتەكەدا و پەلهاوێشتنی ئێران بۆ كەرتی رۆژئاوا لە فەلەستین بوو. ئەو جارە شا حوسێن پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ عێراق راگەیاند، ئەوەش وایكرد لە كانوونی دووەمی ساڵی 1981 پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان ئوردن و ئێران بە تەواوەتی بپچڕێت. لە ساڵی 1989 ئیمام خومەینی مەرجەعی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران كۆچی دوایی كرد و رەفسەنجانی دەسەڵاتی گرتە دەست، جارێكی دیكە ئوردن هەوڵی دا پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران ئاسایی بكاتەوە و ئێران پاشگەز بكاتەوە لە بیرۆكەی فراوانكردن و هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و پەیوەندیی ئێران لەگەڵ دراوسێ‌ عەرەبەكان ئاسایی بكاتەوە.

ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان
لە رێكەوتی 9 ی كانونی یەكەمی ساڵی 1991 ، لە پەراوێزی شەشەمین كۆنگرەی ئیسلامی لە داكار لە سەنیگال ، شا حوسێن لەگەڵ هاشمی رەفسەنجانی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبووەوە، ئەو كۆبوونەوە جارێكی دیكە متمانەی لە نێوان تاران و عەممان دروست كردەوە و پەیوەندییە ئابووری و رۆشنبیرییەكان دەستیان پێكردەوە، بەڵام هێندەی نەبرد جارێكی دیكەپەیوەندییەكان ئاڵۆزییان تێ كەوتەوە بە هۆی ئەوەی ئوردن رێكخراوێكی بەناوی جەیشی موحەمەد ئاشكرا كرد و زۆربەی ئەندامەكانی دەستگیر كرد كە بنكەیەكی رۆشنبیری فەرەنسایان سووتاندبوو و تەقەیان لە بالەخانەی بانكێكی بەریتانی كردبوو و ئۆتۆمبیلی دوو ئەفسەری هەواڵگرییان تەقاندبووەوە.ئەندامانی ئەو رێكخراوە دانیان بەوە نابوو كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی كراون .هەرچەندە دوای ئەو رووداوە حەسەن روحانی سەردانی ئوردنی كرد و رەتی كردەوە كە ئێران پەیوەندی بە رێكخراوی جەیشی موحەمەدەوە هەبێت و دەستگیركراوەكان ئازاد كران ، بەڵام ئەوجارە لە ساڵی 1992 ئوردن دەستی بەسەر كۆگایەكی چەكدا گرت كە گوایە چەكی ئێرانیە و داویەتیە چەند گرووپێكی فەلەستینی بۆ ئەوەی كودەتا بەسەر سیستەمی حوكم لە ئوردن بكەن .دواتر لە ساڵی 1994 پشێوی و ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان ئوردن و ئیسرائیل گەیشتە ئەو ەڕی خراپی كاتێك شانشینی ئوردن پەیماننامەی ئاشتی وادی عەرەی سەلامی لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزا كرد و لەلایەن ئێرانەوە رەخنەی زۆری لێ گیرا، ئەوە بوو ئوردن باڵیۆز و 21 دیپلۆماتكاری ئێرانی لە ئوردن دەر كرد و بەوە تۆمەتباری كردن كە شانەیەكی تیرۆریستیان لە بزوتنەوەی حەماس و حزبوڵڵا لە ئوردن پێكهێناوە.لە ساڵی 1996 كۆماری ئیسلامی ئێران، عەمانی بەوە تۆمەتبار كرد كە داڵدەی رێكخراوی موجاهیدینی خەلقی داوە و داوای كرد ئوردن لەنێو خاكی خۆیدا وەدەریان بنێت.لە ساڵی 1997 دوای ئەوەی محەمەد خاتەمی بە سەرۆك كۆماری ئێران هەڵبژێردرا، جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو دەوڵەت دەستیان پێكردەوە و هەردوولا سەردانی دپلۆماسیان ئەنجامدا.

ئوردن.. بنكەیەك بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل
لە پەراوێزی كۆنگرەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 6 ئەیلولی ساڵی 2000 ، بۆ یەكەمجار شا عەبدوڵڵای دووەمی شای ئوردن لەگەڵ محەمەد خاتەمی سەرۆك كۆماری ئێران چاویان بە یەكتر كەوت و داوای لێكرد هەركاتێك پێی گونجاو بێت سەردانی عەممان بكات بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و عەممان لە هەموو روویەكەوە باشتر بكەن.بەڵام جارێكی دیكە پەیوەندییەكان گرژییان تێكەوتەوە ، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئوردن چوار كەسی فەلەستینیان دەستگیر كرد كە بڕێكی ئێجگار زۆر پارەیان لابووە و لە ئێرانەوە هاتبوونە نێو خاكی ئوردن بۆ ئەوەی بەو پارەیە ئامادەكاری بكەن تاكو هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدەن.دوای شەش مانگی دیكە شانەیەكی دیكەی 16 كەسی دەستگیر كرد لەگەڵ83 هاووڵاتی ئوردنی كە لە ئێرانەوە مەشقیان پێ كرابوو.. ئیتر ترس و نیگەرانی لای شا عەبدوڵڵا دروست بوو لەوەی ئێران نیازی وایە ئوردن بكاتە بنكەیەك بۆ لێدانی ئیسرائیل، هەروەها لە لێدوانێكدا گوتیشی ئێران بە نیازە عێراق بكاتە كۆمارێكی ئیسلامی سەر بە ئێران و چەندین رێكخراوی خێرخوازی پێكهێناوە بۆ ئەوە وێنەی خۆی لای عێراقییەكان بە جوانترین شێوە نیشان بدات .دوای ئەوە شای ئوردن لەگەڵ جۆرج دەبلیو بوشی سەرۆكی ئەوكاتەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆبووە و پێی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵ دەدەن ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان ئاڵۆزتر بكەن ئەویش لە رێگەی دروستكردنی دوو شانەی تیرۆریستی بە ناوەكانی حزبوڵڵای لوبنانی لە لوبنان و بزووتنەوەی حەماس لە ئوردن . لە بەرانبەردا ئێران شانشینی ئوردنی هاشمی بەوە تۆمەتبار كرد كە ئەمەریكا لە دژی ئێران تیخ دەدات.دواتر لە ساڵی 2003 بۆ یەكەمجار لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ، شا عەبدوڵڵای دووەم سەردانی تارانی كرد، ئەوكات چاودێران پێیان وابوو سەردانەكە وەكو ناڤبەرییەكە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا.

عەممان لە چی دەترسێ؟
ساڵی 2003 هەریەكە لە ئێران و ئوردن بە هۆی هەڵكەوتەی جوگرافیانەوە لەسەر لێواری ئەو جەنگە بوون كە ئەمەریكا بۆ رووخاندنی رژێمی حوكمی عێراق بەرپای كرد.ئوردن پێی وابوو ئەو جەنگە دەبێتە مایەی ئەوەی رەوشی مرۆیی ئاڵۆزتر بێت بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆر .. ئێران پێی وابوو ئەو جەنگە رێگە بۆ ئێران خۆش دەكات و دەبێتە دەروازەیەك بۆ ئەوەی پاڵپشتی زیاتر لە گرووپە هاوپەیمانەكانی لە عێراق بكات . لە واقیعدا هەر ئەوە روویدا ، ئیتر شا عەبدوڵڵای دووەمی شای ئوردن نیگەرانی خۆی لە هەمبەر دەستێوەردانەكانی ئێران لە كاروباری عێراق نیشان دا.بەتایبەتیش ئەو كاتەی چەمكی (هیلالی شیعی) هاتە گۆڕێ‌.بەم دواییانەش كاتێك تەنگژەی سووریا هاتە ئاراوە كە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئێرانە لە ناوچەكە ، ئوردن باری زۆر قورستر بوو، لە ساڵی 2011 وە بەردەوام سنوورەكانی لەگەڵ سوریا نائارامە و چەندین جار بەرپەرچی گرووپە چەكدارەكانی داوەتەوە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، تاكو كار گەیشتە ئەو رادەیەی.

گوتەبێژی حكومەتی ئوردن بە فەرمی رایگەیاند، ئوردن بە نوێنەرایەتی وڵاتەكانی ناوچەكە لە جەنگدایە لە دژی میلیشیا چەكدارەكانی سوریا كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن.سەرباری هەموو ئەوانە هێشتا هەوڵەكان لە ئارادان بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان شانشینی ئوردنی هاشمی و كۆماری ئیسلامی ئێران ، دواترینیشیان بەشداریكردنی نوێنەری ئوردن بوو لە رێورەسمی دەستبەكاربوونی مەسعود پزیشكیان وەك سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران.

ئاژانسەكان