خەبات: زانیار سەردار قڕگەیی – سلێمانی:- لەکاتێکدا کورد هیچ کەسێکی نەبوو، تەنیا چیاکانی کوردستان نەبێ، کە کەس و پشت و پەنای بوون بۆ پاراستنی ماف و خاکەکەمان. دوژمنانی گەلەکەمانیش هەمیشە لە هەوڵی سەرکوتکردنی نەتەوەکەماندا بوون و تەنانەت بە توندترین شێوە و بە ئاگر و ئاسن وەڵامی خەباتی ڕەوای گەلەکەمانیان دەدایەوە، بەو مەبەستەی ئیرادەی پۆڵایینی ئەم گەلە بشکێنن. لە بەرپەچدانەوەیاندا، ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بە قارەمانترین شێوە و بێ سڵەمینەوە لە مەرگ، بەرەنگاریان دەبوونەوە و کوردستانیان لێ کردبوون بە گۆڕستانی دوژمنان و گیانی بەرز و پیرۆزیان بەخشیوە لەپێناو ئەم گەل و خاکەدا. هەر بۆ ئەم مەبەستە، کوڕانی ڕۆژی سەختی خەبات لە دەڤەری هەورامانی سەرکەش و شارەزووری بووکی کوردستان، کوڕانی جەربەزەی پارتی و بارزانی، لەوکاتەدا، کە هێزەکانی ڕژێم بە زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیاباران تاویان بۆ خەڵکی کوردپەروەر هێنابوو، پێشمەرگە دلێرەکانی سنووری هەر دوو لیژنەی ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور بڕیاریان دا بە گژ دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعسدا بچنەوە و گورزی گورچکبڕیان لێ بوەشێنن و لە دەڤەری (ئەحمەدئاوا)دا بانگی ئازادی بدەن و بڵێن زۆر ئەستەمە ئێمەی کورد بە دیلی بژین و هەر ژێردەستە بین. بۆیە لە رێکەوتی ٧ی٨ی١٩٨٧ لەو دەڤەرەدا، پێشمەرگەی پارتی و بارزانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک داستانێکی قارەمانانەی کەموێنەیان تۆمار کرد و لاپەڕەیەکی گەشیان لە مێژووی ناوچەی شارەزووردا بە خوێنی (٧) شەهیدی قارەمان و برینداربوونی (١٢) پێشمەرگە نەخشاند، دواتر لە بریندارەکان چەند پێشمەرگەیەکی دیکە شەهید بوون، کە ئەمەش ناوی شەهیدەکانە: (سەردار حاجی حوسێن، سەلام شێخ کامیل مۆریاسی، غەریب دۆڵەسووری، عەلی مەلا، کاوە دەربەندی، قادر جەبار و حەسەن مارف، عەلی مەلا حەمەئەمین، قادر حەمەمراد)، (شەهید شاخەوان و شەهید یاسین، شەهید هەڤاڵ ئازاد..)).
لە ساڵیادی ئەو داستانە مەرگ بەزێنەی پێشمەرگە هەڵۆ ئاساکانی سنووری لقی چواری پارتیمان، لە مانگی ئابی ٢٠٠٤لە شاری هەولێر، بە پێویستمان زانی چەند هەڤاڵێکی پێشمەرگەی ڕۆژانی سەختی خەباتی کوردایەتی و بەشداربوانی ئەو داستانە بدوێنین، بە مەبەستی دانانی کتێبێک کە بە داخەوە تا ئێستا چاپ و بڵاونەکراوەتەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم/ بەشی دووەم- ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، لە لاپەڕەکانی ٦٤ تاکوو ٦٥)دا دەنووسێت: (داستانی ئەحمەدئاوا)، رۆژی ١ی تەمووزی ١٩٨٧، شەڕی ئەحمەدئاوا و هانەی قوڵ، لەلایەن پێشمەرگە دلێرەکانمانەوە تۆمار کرا.
لە هێرشێکی ئازایانەدا دەست بەسەر بارەگاکانی فەوجێکی جاشان و فەوجی سوپای ڕژێم و بارەگای سریەی جەیشی شەعبیدا گیرا. لەو شەڕەدا، بە سەدان کەس لە چەکدارانی ڕژێم کوژران و زۆریشیان بریندار کران، نزیکەی دوو سەد و بیست کەسیش بە دیل گیران، زیاتر لە هەزار پارچە چەک و بڕێکی زۆر تفاقی سەربازی کەوتە دەست پێشمەرگەکانمان. ناوچەکە بۆ دوو رۆژ بەدەست پێشمەرگەوە بوو، دواتر پاشەکشەیان کرد. بەداخەوە لەم داستانەدا (سەردار حاجی حوسێن، سەلام شێخ کامیل مۆریاسی، غەریب دۆڵەسووری، عەلی مەلا، کاوە دەربەندی، قادر جەبار و حەسەن مارف) شەهید بوون و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون.
بەرلە کۆچی دوایی سەردانی (نادر هەورامی)مان کرد، لەمبارەوە بۆمان دوا و گوتی: ”داستانی هانەی قوڵ و ئەحمەدئاوا و زەڵم، بیرۆکە و داخوازی لیژنەی ناوچەی هەڵەبجە بوو، کە داوایان کرد لەو دەڤەرەدا داستانێکی مەرگ بەزێن لە دژی دوژمنانی گەلەکەمان تۆمار بکرێت. منیش بە خۆم و هێزێکی زۆرەوە چووم کۆبوونەوەمان لەگەڵ کاک (ئەنوەری حاجی عوسمان و شەهید ئەکرەمی حەمە عەلی) کرد لەلای سەید سادق، پێم ڕاگەیاندن، کە دەمانەوێ چالاکییەک و داستانێک تۆمار بکەین، ڕێک کەوتین کە بچین بۆ ئەحمەدئاوا و هانەی قوڵ و یاڵانپی و زەڵم. تا لەو دەڤەرەدا داستانەکە تۆمار بکەین. ئینجا گەڕاینەوە هاتینە چەمی زەڵم، لەوێدا ڕێک کەوتین و بۆ سبەی هێزەکانم دابەش کرد و هێزێکم نارد بۆ ناوچەی (خێڵی حەمە) و (گۆمەلار) بە سەرپەرشتیی عوسمان بەڵخەیی و تاکوو ئێمە دەست پێبکەین ئەوان خوڕماڵ رزگار بکەن. دواتر پەیوەندیمان کرد بە ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور، تا پێداویستیمان بۆ دابین بکەن، بۆ ئەوەی ئێمە ئامادەسازیی چەند ڕۆژەی خۆمان بۆ مانەوەی درێژخایەن بکەین، چونکە دەمانویست لەو سنوورە بچینە ناو جەرگەی ڕژێمەوە. ئینجا بڕیارمان دا مینەکان هەڵگرینەوە و ڕێگا دروست بکەین و نەخشەی ئەو ناوچەیە بکێشین، ئەوسا هێرش دەست پێ بکەین. هێزێکی ترمان نارد بۆ ناوچەی شەوبۆ و کۆمەڵگەی خۆرماڵ، کە کاک عومەر غەمگین بوو لەگەڵ برادەران، هێزی خۆشمان، کە کاک دیاری حوسێن بەگ و برادەران بوون، بڕیارمان دا بچینە یاڵانپی، ئەوپەڕمان ڕەبیەی دوژمن بوو، کە خۆرنەوازان بوو، ئەمبەرمان هانەی قوڵ بوو، کە دوژمن ڕەبیەی لێ دانابوو لە ساڵی ١٩٧٥دا نەگیرابوو. دوای شەو و ڕۆژێک مانەوەمان لەو جێگایانەدا بەنهێنی، بڕیاری جێبەجێکردنی چالاکییەکەمان دا، لە سەعاتی سفردا، هێزی ناوچەی هەڵەبجەش بە سەرپەرشتیی کاک ئەکرەمی حەمە عەلی، کە کارگێڕی ناوچە بوو، خۆرنەوازان بۆ ئەوان دانرا بوو، ئینجا قۆڵکی تر بۆ ئەنوەری حاجی عوسمان و دکتۆر یوسف و چەند برادەرێکی تر بوو. خۆشم بە هێزێکەوە بەڕێ کەوتم، کە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی داستانەکە بکەم. یەکەم شوێن و بەنزیکترین کات هانەی قوڵ ڕزگار کرا، هەر لەو شوێنەدا (٤٥) دیلی دوژمن هەبوو، جگە لە زیانێکی زۆری گیانیی دوژمن. دواتر توانرا شوێنەکانی دیکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئازاد بکەین و توانیمان زەبری کەمەرشکێن لە دوژمن بدەین و زیانێکی ماڵی و گیانی لێ بدەین و چەندین قوات خاسە کوژرابوون و (٩٥) دیل هەبوون، لەگەڵ گرتنی چەندین پارچە چەکی جۆراوجۆر، کە سەرجەم شەڕەکە (٧) ڕۆژی خایاند. ئەو داستانە بە خوێنی (٧) شەهید و (١٢) بریندار و مەچەکی پۆڵایینی پێشمەرگە ئازاکانی پارتیمان تۆمار کرا. سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، پاشانیش کاک شەریف سەعید وەک ناوچەی پێنجوین بەشداریی کرد و رەبیەی ملەقۆندەرە ئەوان ڕزگاریان کرد.
هانەی قوڵ خۆم سەرپەرشتیم کرد، بە سەرکردایەتیی نەسرەدین هەورامی و دکتۆر یوسف و کاک دیاری حوسێن بەگ و کاک ئەنوەری حاجی عوسمان و فەیروز بیارەیی و مامۆستا سۆران بوو. لەو سەرکەوتنە گەورەیەدا و بەو بۆنە مێژووییەوە، جەنابی سەرۆک برووسکەی سەرکەوتن و دەستخۆشی و پیرۆزبایی بۆ ناردین“.
هەر لەمبارەوە، دیاری حسێن، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی- هەڵەبجە- راپەڕین، گوتی: ”کاتێ ڕژێمی بەعس بە دڕندانەترین شێوە دەستی کردبوو بە جێبەجێکردنی پڕۆسەی ڕاگواستنی گوندەکانی کوردستان بەگشتی و ناوچەی شارەزوور و دەوروبەری بەتایبەتی، هەروەها کوشتن و بڕینی خەڵکی بێ گوناهی دەڤەرەکە، مەبەستی بوو مۆرکی کوردایەتی بسڕێتەوە و پاکتاوی ڕەگەزیی بکات، تاوەکوو زیاتر کاریگەری هەبێت لەسەر ڕووخانی ورەی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە. بیرۆکەی داستانەکە وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەو کردارانەی دژ بە مرۆڤایەتییە. بۆ ئەوەی بە کردەوە بیسەلمێنین، کە پێشمەرگە زۆر لەو کردەوانە مەزنترە و هەرگیز ورەی ناڕووخێ. سەرەتا بەڕێز کاک نادر هەورامی ئاگاداری کردین، کە پێویستە جەولەیەکی ناوچەی شارەزوور بکەین و هەوڵ بدرێت، کە چالاکییەکی وا ئەنجام بدرێت، کە دەرس دادانێک بێت بۆ دوژمنان و هۆکارێکیش بێت بۆ بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە و جەماوەری سنوورەکە.
ئێمە لە دەڤەری قەرەداغ بووین لە لقی چوار، کاک نادر بە بێتەل داوای لێ کردین کە بگەڕێینەوە، کە گەڕاینەوە لە گوندی (خێڵی حەمە) کۆبووینەوە، کە هەوڵ بدرێت چالاکییەک بکرێت، بە شێوەیەکیش بێت، کە دوژمنان چاوەڕوانی ئەوە نەکەن کە پێشمەرگە بەو شێوەیە چالاکییە دەکات. بڕیار درا، کە بە ڕۆژ چالاکییەکە بکرێت، چونکە دوژمن چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد لەو شوێنە گرنگ و ستراتیژەی سنوورەکە بە رۆژ داستان تۆمار بکرێت. ڕۆژێک پێش ئەوە، هەڤاڵان چوونە گوندی (یالانپێ) بۆ ڕۆژی دواتر بەرنامەیەکیان دانا و هێرشیان کردە سەر رەبیەکانی (هانەی قوڵ) و بەزوویی تەواوی رەبیەکان گیران و ناوچەکە ئازاد کرا و چەند ڕۆژێک پێشمەرگە مایەوە. پاشان بەرنامە دانرا بۆ گوندی ئەحمەدئاوا و رەبیەی شاخەکانی دەوروبەری، ئێمە چووینە چەمی وشکە ناو، بەرڕێز کاک نادر جارێکی دیکە بەرنامەڕێژییەکی تری دانا بۆ هێرشکردنە سەر دوژمن، مەفرەزەیەکی ناردە سەر بەرزاییەکانی نزیک رەبیەی (گردە)، کە دەیڕوانییە سەر ئەحمەدئاوا، واتە شوێنێکی ستراتیژی بوو، بۆ ئەوەی ئەو پێشمەرگانە کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەن و ئێمەش هێرش بکەینە سەر گوندی ئەحمەدئاوا و چەمی زەڵم و بارەگای فەوج.
هێرشەکە کرا و ڕقی پیرۆزی پێشمەرگە بەسەر دوژمناندا داباری و تواندرا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا تەواوی رەبیەکانی چەمی زەڵم و بنپەڵگ و ناوچەکە ئازاد بکرێن. هەڤاڵانی سەر بەرزاییەکان توانییان ئازایانە رەبییەی (گردە) بگرن، کە شوێنێکی ستراتیژیی گرنگ بوو بۆ ناوچەکە. هەر لەم کاتەشدا هێزەکانی هانەی قوڵ بە سەرپەرشتیی کاک ئەنوەری حاجی عوسمان، توانییان ڕێگای سەرەکیی ئەحمەد ئاوا – خوڕماڵ کۆنترۆڵ بکەن. ئێمەش لە بنپڵگەوە هێرش بکەینە سەر ئەحمەدئاوا و تەواوی ناوچەکە بە بارەگای فەوجیشەوە هەمووی کۆنتڕۆڵ کرا و گیرا. واتە داستانەکە بەسەر چەند قۆڵێکدا دابەش کرابوو، شەڕەکەش چەند ڕۆژێکی خایاند و ڕژێم بە چەندین فڕۆکەی جەنگی و هێزی زەبەلاح و زرێپۆش و تۆپەوە بەشداریی تێدا کرد، تا شکستەکەی بشارێتەوە و شوێنەکانی داگیر بکاتەوە. پاشان هەڤاڵانی سەر شاخ داوای هاوکاریی هێز و تەقەمەنییان کرد، کاک نادر ڕایسپاردم، کە هێزێک و تەقەمەنییان بگەیەنمێ، ئێمەش گەیشتینە لای هەڤاڵان (شەهید سەردار و شەهید سەلام)، کە هەر لەو داستانە شەهید کران، کە بەڕاستی ڕۆڵێکی قارەمانەیان نواند، لە هێرشکردندا بۆسەر مۆلگەی ڕژێم، کە بارەگای سریە بوو و بریندار کران پاشان شەهید بوون و چەندین برینداری تر هەبوون. زیانی دوژمن هێجگار زۆر بوو لە کوژراو و بریندار و دیل و گیرانی چەندین پارچە چەکی جۆراوجۆر و چەند سەیارەیەک. دوای ماوەیەک، کە سەردانی ئەو شوێنەمان کرد، خەڵکی ناوچەکە سەریان سووڕ ما کە ئێمە ماوین، چونکە شەڕەکە ئەوەندە سەخت بوو، ڕژێم بە تۆپ و فڕۆکە گەورەترین هێرشی کردە سەرمان، بەڵام هەر بە سەرشۆڕی گەڕابوونەوە. تۆمارکردنی ئەو داستانە و کوژران و دیل و زیانی دوژمن بەو ڕێژە زۆرە، بووە هۆکاری ئەوەی، کە جەماوەری سنوورەکە بە ورەیەکی زۆرەوە پێشوازیی لە پێشمەرگە بکەن و بارکردنی گوندەکان کاریگەریی نەبێ لەسەر خەڵکی شارۆچکەکان و خوڕماڵ و هەڵەبجە“.
ئەنوەر حاجی عوسمان، بریکاری پێشووتری وەزارەتی پێشمەرگە، لەمبارەوە گوتی: ”لەڕاستیدا ئەوە یەکەم داستانی ئێمە نەبوو لەو دەڤەرەدا، بەڵکوو چەندین داستانمان تۆمار کردووە، بەڵام ئەم داستانە مەزن بوو و تایبەتمەندییەکی هەبوو. دیاربوو پێش ئەوەی ئێمە بڕیاری ئەوە بدەین، جگە لە زوڵم و زۆردارییەکانی ڕژێم، لەلایەن چەند خۆفرۆشەوە سووکایەتی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردەوە دەکرا، هەر بۆیە ئێمە بڕیارمان دا، کە تەحەدای ئەو هەموو هێزەی ڕژێمی بەعس و خۆفرۆشەکانی بکەین لەو سنوورەدا. کاک نادر هەورامی داوای لێ کردین کادرانی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە کۆ ببنەوە و بەرنامەڕێژییەک دابنێن بۆ تەمبێکردن و دەرسدادانی هێزەکانی ڕژێم. کۆبوونەوەکەمان لە شوێنێکی هەستیاردا بوو، کە هەموو دەورمان هەر رەبیەی دوژمن بوو. ئەوە بوو بڕیارمان دا، کە لە ڕۆژی جەژندا دەست پێ بکەین، بۆ ئەوەی جەژنەکەمان بۆ ئێمەی هێزی پێشمەرگەی پارتی ببێتە دوو جەژن. بەرنامەیەکی زۆر چاکمان دانا، چونکە دوژمن هەرگیز بڕوای نەدەکرد، کە بە ڕۆژی ڕووناک پێشمەرگە پەلاماریان بدات. کاک نادر سەرپەرشتیی گشتیی دەکرد، من و کاک نەسرەدین و کاک سەلام شێخ کامیل لە قۆڵێکەوە دانرابووین، کە زنجیرە چیایەک بوو، مەبەستمان بوو کە ئەو شوێنە بگرین، کاک حەمەی حەمەسەعید و کاک عومەر غەمگین و شەهید ئەکرەمی حەمە عەلی لە قۆڵێکی ترەوە بۆ خۆرنەوازان دانرابوون، لە قۆڵێکی ترەوە شەهید سەرداری حاجی حوسێن و کاک فاروق و کاک هەژار بۆ چەمی زەڵم و شاخی پشت ئەحمەدئاوا، سوپاس بۆ خوا سەرکەوتنمان بەدەستەێنان، لە قۆناغی یەکەمدا هەموو خاڵەکانمان گرت و کۆمەڵێک دەستکەوتی باشمان هەبوو، هەر لە کەلوپەلی سەرباز و ژمارەیەکی زۆر دیل لە جەیش و جاش. پاشان بڕیارمان دا بەرەی جەنگ فراوانتر بکەین و پەلاماری بارەگەی فەوج و شوێنە گشتییەکان بدەین، لەوێش سەرکەوتنێکی باشمان بەدەست هێنا و بە سەدان پارچە چەکی جۆراوجۆر و قورس گیرا. شەڕەکە بوو بە (تەحەدا) لەبەرامبەر حکوومەتدا، کە دوو فیرقەی جەیش بەشداریی تێدا کرد و چەندین مەفرەزە خاسە و جاشی سووک بەشدارییان تێدا کرد و شەڕەکە گەورەتر بوو. ئێمەش بڕیارمان دا بەرگریی بکەین، ئەوە بوو بەرەکە بەربڵاوتر بوو لە ناوچەکانی بانی شارەوە بەرەو بانی بەرمان و رەبیەکانی پشت ئەحمەدئاوا. داستانەکە لە ئاست ناوچەکەدا دەنگێکی گەورەی دایەوە و کەموێنە و جێی ڕەزامەندیی خەڵکی تێکۆشەر بوو. هێزی پێشمەرگەش ورەیەکی زۆر باشی پەیدا کرد، کە بە سەدان کوژراو و بە سەدان دیلی دوژمن لە مەیدانەکەدا بەجێ مابوون و لە ئێزگەی دەنگی کوردستانی عێراق داوای دەکرد بێن تەرمی کوژراوەکانیان بەرنەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک ئەو سنوورە لەژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی پارتیدا بوو، کە حکوومەت بە هەموو هێزێکەوە و بە چەکی قورس و تەکنەلۆژیاوە هێرشی دەکرد، تاوەکوو ئەو ناوچەیە بگرێتەوە، بەڵام بۆی نەدەگیرایەوە. بەردەوام بە تۆپی دوورهاوێژ و هاوەن و فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی ئەو ناوچەیەی دەکرد، بەڵام پێشمەرگە هەر خۆڕاگر بوو. ئەو کاتە ئێمە توانیمان بە دوژمنی بسەلمێنن، کە پێشمەرگە هێزێکی لەبن نەهاتوو و خۆڕاگرە و ڕۆڵێکی گەورە هەیە، ئەو داستانە بە خوێنی کۆمەڵێک سەرکردەی قارەمان و تێکۆشەر تۆمار کراوە، کە (شەهید سەردار حاجی حوسێن، شەهید سەلام شێخ کامیل، شەهید غەریب دوڵەسووری، شەهید علی مەلا) و کۆمەڵێک شەهیدی قارەمانی دیکە بوو“.
بەرلە کۆچی دوایی سەردانی (حەمەی حەمەسەعید)، کارگێڕی لقی ١٢ی پارتیمان)مان کرد، لەمبارەوە بۆمان دوا و گوتی: ”ساڵی ١٩٨٧ ساڵێک بوو لە ساڵە پڕ کارەسات و مەرگەساتە خوێناوییەکان و گەیشتن بە لوتکەی ستەم و زۆرداری و کوشتن و بڕینی دوژمنانی نەتەوەکەمان. هەر لەو سەروبەندەدا بوو، کە بیر لە داستانێک کرایەوە لە دژی ڕژێمی بەعس تۆماری بکەین لە سنوورەکەماندا کە ئەو کاتە من لێپرسراوی (ل.ن. هەڵەبجە) بووم. بەرپرسی یەکەم و سەرپەرشتیاری گشتیی داستانەکە کاک نادر هەورامی بوو، بەرەکەش بەسەر چەند قۆڵێکدا دابەش کرا، دیاربوو قۆڵی (هانەی قۆڵ) بەر لیژنەی ناوچەی ئێمە کەوتبوو، کە من و کاک (ئەکرەمی حەمەعەلی) سەرپەرشتیمان دەکرد. کاک ئەکرەم کارگێڕی ناوچە بوو، ئێمە لە هانەی قۆڵەوە دەستمان پێ کرد بۆ شیرەمەڕ و یاڵانپی و خۆرنەوازان، کە بەڕاستی پێشمەرگە رۆڵێکی زۆر باشی هەبوو و قارەمانانە ناوچەکەیان پاک کردەوە و سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەست هێنا و شەڕێکی گەرم ڕوویدا، کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو. لەو داستانەدا زیاتر لە (١٠) رەبیەمان گرت و (سەربازگەی شیرەمەڕ)یش گیرا، لە قۆڵی کاک نادر (ئەحمەدئاوا) هانەی قۆڵ و دۆڵاوی گەورە ڕزگار کرا، دەتوانم بڵێم بە هیمەتی برادەران، سەرکەوتنمان بەدەست هێنا و لە قۆڵی ئێمەوە چەند برادەرێک وەک هاوڕێ و برادەر، بەدەر لە پارتی بەشدارییان کرد و رۆڵی بەرچاویان هەبوو، وەک (ئەحمەد قەدەفەری، عەلی بچکۆل)، کە هەر لەوێدا کاک ئەحمەد بریندار کرا و تا ئێستا ئاسەواری برینەکەی هەر ماوە. هەروەها لە قۆڵی ئێمەوە قوربانیمان دا و (٢) پێشمەرگەی قارەمانمان شەهید بوون و (٩) برینداریشمان هەبوو، کە زۆربەی لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بوون، وەکو خۆم و کاک ئەکرەمی حەمە قەدەفەر و کاک عومەر غەمگین و (٥) پێشمەرگەی دیکە، کە ناوەکانیم لە یاد نەماوە. بەڕاستی لەو سەردەمەدا ئەو گەورەترین داستان بوو لەو ناوچەیەدا بەدەستی پێشمەرگە تۆمار کرا“.
جەعفەر شێخ عەلی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: ”دوای زوڵم و زۆریی ڕژێمی بەعس، پێشمەرگە قارەمانەکان لە ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور خەریکی خۆئامادەکردن بوون بۆ هێرشێکی سەرتاسەری لە بناری سوورێن و هەورامان و ئەحمەدئاوا، بۆ ڕزگارکردن و پاککردنەوەی لە خۆفرۆشان و دوژمنان، دوای هێرشێکی سەخت بۆ سەر مۆڵگە و حەشارگەی دوژمن و شەڕێکی سەخت و خوێناویی چەند ڕۆژ و چەند شەوەی بەردەوام و بەرەنگاربوونەوەی دژە هێرشەکانی دوژمن لە هەموو شەڕگەکان و بۆردومانی بەردەوامی تۆپخانە و فڕۆکەکانی دوژمن، دوای ئازادکردنی دەیان سەنگەر و پاککردنەوەی شوێنێکی زۆر لە دوژمن و گرتنی دیل و زیانی گیانیی سەدان تاوانباری رژێم و گرتنی چەک و تفاقێکی زۆری سەربازی، دوژمن هەموو هێزەکانی خۆی لە مۆڵگەیەکدا لەسەری گوندی ئەحمەد ئاوا کۆ کردەوە، تا لەوێ هێرش دەست پێ بکات، بۆ گرتنەوەی شوێنە ئازادکراوەکان. سەرەڕای ماندووبوونێکی زۆر و کەمیی خۆراک و پێداویستیی تر، پێشمەرگەکان بڕیاریان دا، کە شەوی ٧/٨/١٩٨٧ هێرش بەرنە سەریان، لە ڕیزی پێشەوەیان، کە سەلام شێخ کامیل و سەرداری حاجی حوسێن بوون. دوای شەڕێکی قارەمانانەی دەستەویەخە، کە گەیشتنە سەر مۆڵگەی دوژمن، کاک سەلام بە سەختی بریندار کرا و کاک سەردار شەهید دەبێت و دواتر ئەو داستانە بە خوێنی چەندین پێشمەرگەی تێکۆشەر ئاو درا. پێشمەرگە سەرکەوتنێکی باشیان لەو دەڤەرەدا بەدەست هێنا.
هەرچەندە خۆم لەوێ نەبووم و لە بارەگای لیژنەی ناوچەی پێنجوێن بووم لە دەربەند فەقەر، کە خۆمان ئامادە کردبوو، کە هەرکاتێ داوامان بکەن، لە ئامادەباشیدا بووین و هێزی یەدەگ بووین، لەهەمان کاتیشدا بە بێتەل بەردەوام پەیوەندیمان پێیانەوە هەبوو و ئاگاداری چالاکییەکانیان بووین“.
بەڕێز ساڵح محەمەد، بەرپرسی پێشووتری لیژنەی ناوچەی پێنجوێن، لای خۆیەوە گوتی:”ئەو کاتە ڕژێم ویستی زۆر لە گوندەکانی شارەزوور ڕابگوێزێ، لە دەرەنجامی ئەوەدا ڕاپەڕینێک لە شاری هەڵەبجە بەرپا کرا و بەشێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارە کەوتە ژێر دەسەڵاتی جەماوەرەوە. بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕژێم گەڕەکی (کانی عاشقان) و چەند جێیەکی تری بۆردومان کرد، چەند ماڵێکیشی تەقاندەوە و ژمارەیەک شەهید و بریندار هەبوون، لە نەخۆشانەش بریندارەکان و هاوکارەکانیان لە لایەن ڕژێمەوە دەستبەسەر کران و سەرەنجام ئەنفال کران. بۆیە ژمارەیەک لە خەڵکی هەڵەبجە، لەناو زوڵم و ستەمی رژێم بڕیاریان دا وەک ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی ڕژێم هەڵەبجە بەجێ بهێڵن، لەو کاتەدا ناوچە ئازادکراوەکان دەوروبەری ئازاد بکەین، بۆ ئەوەی ببێتە دەرگایەک بۆ نیشتەجێکردنی ژمارەیەک لەو خێزانە شۆڕشگێڕانە. ئەوە بوو بیرۆکەی ئەو داستانەی لەلا دروست کردین و بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو، پەلاماری ڕەبیەکانی رژێممان دا و سەرکەوتنێکی زۆر چاکمان بەدەست هێنا، کە بەڕاستی شوێنەکە ستراتژبوو و دەیڕوانی بەسەر ناوچەکەدا، وەک ڕێگای سەرەکیی سلێمانی – هەڵەبجە و خۆرماڵ و بەشێک لە شارەزوور. کۆمەڵێک شەهید و بریندارمان دا، کە لە ئاستی بەپرسیارێتیدا بوون، خۆم یەکێک بووم لە بریندارەکانی ئەو داستانە و لەو کاتەدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو و سەکەوتنێکی گەورە بوو بۆ هێزی پێشمەرگە، کە دەست بەسەر جبەخانەیەکی گەورەدا گیرا و مەقەر فەوج و زۆر لە رەبیەکانی دوژمن لەو ناوچەیەدا گیران و زۆربەی ناچەکە بە دەستی پێشمەرگەکانی پارتیمان ئازاد کرا“.










