خەبات: عەلی بانیشاری:- شارەزایەكی دارایی و بانكی دەڵێت، پێویستە بانكی ناوەندیی و وەزارەتی دارایی و حكوومەتی عێراق شكۆ بگێڕنەوە بۆ دیناری عێراقی و جیاوازی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە نێوان نرخی فەرمی بانكی مەركەزی و بازاڕ ڕێژەیەكی زۆر كەم بكەنەوە. ئاماژە بەوەش دەكات، لە عێراق كۆمەڵێك فاكتەر هەن كە كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی بانكی ناوەندیی هەیە و دەتوانن دوای بڕیارەكانی بانكەكەش یاری بە بەهای دۆلارەوە بكەن.

هاوكار عیزەت میكە، شارەزای دارایی و بانك بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: هەموو بانكێكی ناوەندیی لە وڵاتان خاوەنی سیاسەتێكی دیاریكراوی نەختینەیی خۆیەتی و كۆمەڵێك پرەنسیپ و میكانیزمی دیاریكراوی هەیە بۆ ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان خواست و خستنەڕوودا، لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكیتر ئەم سیاسەتە بەپێی ژینگەی سیاسی و كاریگەرییە دەرەكییەكان و دۆخی دارایی هاووڵاتیان و خواستیان بۆ دراوی بیانی گۆڕانكاری بەسەردا دێت. بانكی ناوەندیی عێراقیش بێگومان سیاسەتی نەختینەیی و ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان دراوەكانی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەوە پەیڕەو دەكات كە خۆی بە باشی دەزانێت و ستراستیژیی لەسەر بنیادناوە. گوتیشی: بە دڵنیاییەوە ئەگەر بانكی ناوەندیی مەبەستی بێت دەتوانێت بڕێكی زۆر زیاتر دۆلار بخاتە بازاڕ و گۆڕانكاری لە كەمكردنەوەی ئەو هەموو خواستەدا بكات كە بۆ دراوی دۆلاری ئەمریكی هەیە لەلایەن هاووڵاتیان و بازرگانان لە وڵاتدا.

هاوكار عیزەت زیاتر گوتی: ئەگەر ئەو بڕە دۆلارە زیاد بكرێت كە ڕۆژانە بانكی ناوەندیی دەیخاتە بازاڕەوە و بە ڕێگایەكی مەشروع و یاسایی و ئاسایی بگاتە دەستی هاووڵاتیان، كاریگەری لەسەر بەهاكەی دەبێت و بەراورد بە بەهای ئێستای، بەهاكەی كەم دەكاتەوە، بەڵام كۆمەڵێك فاكتەری گرنگ لە عێراقدا هەن كە كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی بانكی ناوەندیی هەیە و دوای بڕیاری بانكی ناوەندیش دەتوانن یاری بە نرخ و بەهای دراوەكانەوە بكەن لە بازاڕەكاندا بە تایبەت ((بەهای دۆلار)).

ئەو شارەزایەی دارایی و بانك سەبارەت بە كەمكردنەوەی بڕی خراوەڕووی دۆلاری كاش و زیادكردنی بەشێوەی حەواڵە لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە دەڵێت: ئەوە بابەتێكی زیاتر تەكنیكییە و كەمتر كاریگەری لەسەر بەهای كاش هەیە لە بازاڕەكاندا، چونكە بەشێكی زۆری مامەڵە گەورەكان بە دۆلارەوە لە ئێستادا لە بازاڕەكاندا لەلایەن كۆمپانیا و بازرگانەكانەوە لەگەڵ دەرەوە ئەنجام دەدرێت و كەمتر پێویستیان بە كاش هەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە و ڕاستەوخۆ پێویستی بە وەرگرتن و ئاڵوگۆڕی دۆلاری كاش هەیە ((كەمینەیەكن)) لەچاو خواستە زۆرەكەی ڕۆژانەدا، لەبەرئەوە بانكی ناوەندیی بەپێی ئەو جۆری خواستەی كە هەیە دۆلار دەخاتەڕوو چ بە كاش بێت یان بە حەواڵە.

دەشڵێت: بانكی ناوەندیی خاوەن سیاسەتێكی تایبەت بە خۆیەتی، بە بەراورد بەو خواستەی ڕۆژانەی خەڵك دەبێت بۆ دۆلار، خستنەڕوو زیاد و كەم بكات بۆ ئەوەی بتوانێت هاوزەنگی نێوان دراوی نیشتمانیی و دراوی بیانی ڕابگرێت، بەڵام هەندێك كات گۆڕانكاری لەو ستراتیژەدا دەكرێت و بە پلانی خێرا و كاتی جێی ئەو ستراتیژە دەگرنەوە و زیاد و كەم بە بڕی خراوەڕووی دۆلار دەكەن، ئەوەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ دەبێت و هەندێك كاتیش شڵەژان لە بازاڕدا دروست دەكات و ((كەسانێك دەتوانن وەك دەرفەت بیقۆزنەوە و یاری بە نرخەكانەوە بكەن و قازانجێكی زۆر لەو دۆخە شڵەژاوە بكەن)).

سەبارەت بە جێگری بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، هاوكار عیزەت میكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بەشێكی ئەو جێگیرییەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار پەیوەستە بەو سیاسەتەی كە لە ئێستادا بانكی ناوەندیی پەیڕەوی دەكات و بڕی خراوەڕوو لە ڕۆژێكەوە بۆ رۆژێكیتر زۆر نزیكە لە یەكەوە و تا ڕادەیەك سەقامگیری بە بازاڕی دراو داوە، هەرچەندە لە هەموو حاڵەتێكدا لە بەردەم هەڵكشان و داكشاندایە بەپێی ڕووداوەكانی ناوچەكە، بەو پێیەی سیاسەتی بازاڕی دراوی عێراق هەر لە بانكی ناوەندییەوە، نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە دۆخێكی نا سەقامگیر و ناسكدان و هیچ گەرەنتییەك نییە بۆ مانەوەی بەهای دراوەكان وەك خۆی، بەڵام تاڕادەیەك ئێستا نرخەكان سەقامگیر و بازاڕ بێ شڵەژانە، ئەوەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر كۆی بازاڕ و ئاڵوگۆڕ و حەواڵاتی دەرەوەش دەبێت.

لەبارەی جیاوازی زۆری بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە نێوان نرخی فەرمی بانكی مەركەزی و بازاڕ، كە جیاوازییەكە نزیكەی 18 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێك، ئەو گوتی: ئەمە یەكێكە لەو عەیبە و نەنگیانەی كە ڕووبەڕووی بانكی ناوەندیی بۆتەوە و تا ئێستاش نەیتوانیووە خۆی لێ دەرباز بكات، كاریگەری گروپە سیاسییەكان و كۆمپانیا داراییەكانی لایەن و كەسایەتییە سیاسیەكان، قۆرخكاریی بازاڕ و مۆنۆپۆلی ئەو بڕەی دەخرێتەڕوو، وایكردووە كە چەند كەس و گروپێك بەردەوام یاری بە بەهای دۆلارەوە بكەن و ئەو ڕێژە زۆرە قازانجەی كە مەبەستیانە دەستیان بكەوێت، هەندێك جار گروپە سیاسییەكان گەورەتر لە بانكی ناوەندیی بیر دەكەنەوە و بڕیار دەدەن و قۆرخی بازاڕی داو دەكەن كە سەرەنجام تەنها هاووڵاتیان و بازرگانانی ڕاستەقینەی وڵات زیانی لێدەكەن، بەڵام هەر چۆن بێت و بە هەر ڕێگەیەك بێت پێویستە بانكی ناوەندیی و وەزارەتی دارایی و حكوومەتی عێراق بتوانن ئەو شكۆیە بگێڕنەوە بۆ بانكی ناوەندیی و جیاوازی بەهای دۆلار لە بانكی ناوەندیی و بازاڕەكاندا ڕێژەیەكی زۆر كەم و ئاسایی بێت، نەك ئەو بڕە زۆرەی كە ئێستا هەیە و 12%ـی كۆی بەهای خودی دۆلارە.

هاوكار عیزەت میكە باسیلەوەشكرد، هەندێك ڕێكار هەن ئەگەر بانكی ناوەندیی بتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێت و بیانگرێتەبەر بە دڵنیاییەوە دەرگا دەكەنەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتی مانگانە بتوانێت بڕی پێویستی خۆی لە دراوی دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندیی دەست بكەوێت، بەڵام ئەوەی گرفتی گەورەیە لە بەردەم ئەو پرۆسەیەدا بەشێكی زۆر لەو ڕێكارانە پێش ئەوەی بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە لەلایەن بەشێك لە بازرگانانەوە دەكرێنە كەرەستەی خۆدەوڵەمەندكردن و زیانی گەورە بە هاووڵاتیانی ئاسایی دەگەیەن كە پێویستیان بە دۆلارە بە دەستیبهێنن.

ناوبراو ئەوەشی گوت: پێویستە بانكی ناوەندی بیر لە ڕێگەیەكی كردەیی و تۆكمە بكاتەوە بۆ ئەوەی ئەو دۆلار ڕاستەوخۆ بگاتە دەستی ئەو هاووڵاتیانەی كە بە ڕاستی پێویستیانە، بەشێك لە هاووڵاتیانیش لەم پرۆسەیەدا بۆ بەدەستهێنانی قازانجێكی زۆر ڕەمزی و كەم بەشێكن لە تاوانەكە و تێكدانی پرۆسەكە.

ئەو شارەزایەی دارایی و بانك جەختی لەوەش كردەوە، هاووڵاتی بە پلەی یەكەم زەرەرمەندی بەرزبونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دینار، چونكە داهاتی تاكی عێراق بە تایبەت تاكی فەرمانبەر و مووچەخۆری دەوڵەت بە دیناری عێراقیەوە و زۆرینەی خەرجی و كەرەستە و پێویستییەكانیش بە دۆلاری ئەمریكی، واتە تاكی عێراقی سەرچاوەیەكی داهاتی دیناری هەیە و چەند دەرچەیەكەی خەرجی دۆلار، لێرەشدا هەر بەرزبوونەوەیەكی بەهاری دۆلار بەرامبەر بە دینار، ڕاستەوخۆ هاووڵاتی باجەكەی دەدات، دواتر كەسانی تر.