خەبات: ژیلا كەریمی:- ئافرەتانی كورد لە ئێستادا بوێرانە زۆر شتی نوێ تاقیدەكەنەوە و تیایدا سەركەوتوو دەبن، هەم وەك كورد و هەمیش وەك ئافرەت شانازی دەخوڵقێنن و ناویان لە مێژوودا تۆماردەكەن. بنار سەردار كچێكی گەنج كە لە بواری فۆتۆگرافی ساڵانێكە خۆی ماندوو كردووە و بە خۆشحاڵییەوە بەرهەمی ماندوو بوونی چنیوەتەوە و كارەكانی لە گرنگترین پێشانگای لەندەن نمایش دەكرێت. بنار، كێیە و گرنگی ئەو پێشانگایە لەو دیمانەیەدا دەخەینەڕوو.
بنار سەردار كێیە و چونیەتی هاتنی بۆ جیهانی فۆتۆگرافی؟ ناوم بنار سەردارە لە دایك بووی١٩٨٣ دوكان ـ سلێمانیم، دبلۆمم هەیە لە زانستی كۆمپیوتەر لە كوردستان لە بەریتانیاش لە بەشی فۆتۆگرافی دۆكیومێنتاری لە زانكۆی كاریف لە هەرێمی وەیڵز دەخوێنم و كۆتا ساڵمە بۆ بەدستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس، ماوەی شەش ساڵە لە بەریتانیا دەژیم. دەرفەتی خوێندنم بۆ هاتە پێش لە یەكێك لە زانكۆ پلە یەكەمەكانی بەریتانیا بە ناوی زانكۆی باشووری وەێڵز، لەوێ بەشی دۆكیومێنتاری فۆتۆگرافی دەخوێنم، لەساڵی ٢٠١٠وە خەریكی كاری فۆتۆگرافیم، حەز و خولیاكان لەوەوە سەرچاوەیان گرت كاتێ سەیرمكرد كە هونەرێكی زۆر دگمەنە و ڕەگەزی نێر زیاتر خەریكی ئەو كارەیە، بۆیە بە پێویستم زانی كچێكیش لەم بوارەدا هەبێت، دەمبینی فۆتۆگرافەری جیهانی زۆر دێتە هەرێمی كوردستان و عێراق و چیرۆك و ڕاپۆرتی سەرنجڕاكێش دەكەن و بە جیهانی دەناسێنن، ئێمە كە كەسانێكین لە شار و ژینگەكە دەژین بۆ هەڵنەستین بەمكارە؟ ئەمانە و زۆر هۆكاریتریش هەبوون.
بنار لەو بارەوە وتی: گەلەری پۆرترێتی نیشتمانی كەوتۆتە دڵی لەندەنەوە، ئەم دامەزراوە دانسقەیە لە ساڵی ١٨٥٦ دامەزراوە و تایبەتە بە نمایشكردنی ڕووخساری ئەو كەسانەی كە مێژوو و كلتوری بەریتانیایان لە قاڵبداوە، لە شاهانە و سیاسەتمەدارەكانەوە تا هونەرمەندان و داهێنەران، كۆمەڵە بەرفراوانەكەی گەلەرییەكە گەشتێكی سەرنجڕاكێش پێشكەش دەكات بە تێپەڕبوونی كاتدا، كە جەوهەری نەتەوەیەك لە چاوی گەلەریەكەوە دەگرێت.
گەلەری پۆرترێتی نیشتمانی مێژوونووس” فیلیپ هێنری ستانهۆپ” دایمەزراندووە، گەلەرییەكە زیاتر لە ٢١٥ هەزار وێنەی پۆرترێتی تێدایە و هەر لە تابلۆ و پەیكەری زەیتی تەقلیدییەوە تا وێنەی هاوچەرخ و هونەری دیجیتاڵی، سەردانكەران دەتوانن سەرسام بن بە وێنە ئایكۆنییەكانی شاژن ئەلیزابێسی یەكەم، ویلیام شكسپیر، سێر ئیسحاق نیوتن و ژمارەیەكی بێشوماری ڕووناكبیرانی دیكە كە جێپەنجەیەكی نەسڕاوەیان لەسەر مێژوو بەجێهێشتووە. گەلەری نیشتمانی پۆرترێت بە بەردەوامی پێشانگا فۆتۆگرافییەكان سازدەكات كە قووڵ دەبنەوە لە بابەت، قۆناغ، دیدگای نوی َبۆ كۆمەڵە بەرفراوانەكەی پێشكەشدەكەن.
بۆ ئەم مەبەستە بنار سەردار دەڵێت: لێرەدا بەشداریكردن لەم گەلەریەدا زۆر بە بایەخە، چونكە ناوت دەچێتە ناو مێژووی ئەم وڵاتەوە و ناوەكەت لێرە دەبینرێت، ئەوە بوو ئەمساڵ مانگی سێ لیژنەیەكیان هاتن بۆ زانكۆكەمان لە هەرێمی وەێڵز، سەیری وێنەی یانزە فێرخوازیان كرد هەموو فێرخوازەكان وێنەكانی خۆیان پێشكەشكرد، بەڵام سێ خوێندكار وێنەكانیان چاپكرا بە قەبارەی گەورەی مەتر بە شەست، من وەك بنار یەكێك بووم لەو فێرخوازانەی كە ئەو دەرفەتەم پێدرا وەكوكچێكی كورد، بۆ یەكەمجار لەو گەلەریە گەورەیەدا وێنەكانم نمایش بكەم یەكێك لە وێنەكان بەچاپكراوی و سێ وێنەكەی ترم لەسەر شاشە نمایشكرا لە یادی دووسەد ساڵەی گەلەریەكەدا ، هەر لەوێدا هەر چوار وێنەكەم فرۆشرا.
لە بەشێكیتری چالاكییەكان لە هەمان ڕۆژی 16/5/2024 بەشداریكردنی من بوو لە پاناڵێك كە پێنج فێرخواز قسەیان دەكرد لەسەر سەختییەكان، هەموو فێرخوازەكان خەڵكی بەریتانیا بوون، منیش وەكو كوردێك باسی كارەكەی خۆمم كرد و لەلایەن پێشكەشاری پەناڵەكەوە سەبارەت بە كارەكەم چەند پرسیارێكم لێكرا، كارەكەمیان زۆر بەرز نرخاند.
بنار باسیكرد كە: یاسای وەرگرتنی كارەكە لەم پێشانگایە ئەوە بوو كە كۆتاكاری فۆتۆگرافی چیبووە؟ دەبێ پۆرترێت بێت واتە وێنەی كەسی بێت. منیش كۆتا كارم لەسەر ئافرەتانی یەمەن بوو كە لە هەرێمی وەیڵز لە كاردیف دەژین، من پێموایە بۆ گەشەپێدانی خۆمان دەبێت پەل بهاوێژین بۆ زۆر لە كۆمەڵگەكانی تر و كاریان لەسەربكەین، بەڵام پرۆژەی دەرچوونەكەم بێگومان لە كوردستان دەبێت، واتەكارێك لەسەر كوردستان دەكەم و خوا یاربێت لێرە نمایشی دەكەم.
لەوبارەوە بنار وتی: ئەم پڕۆژەیە بانگهێشتتان دەكات بۆ بینینی ساتەكانی ژیانی ئافرەتانی یەمەن لە كاردیف، كە یەمەنییەكان یەكەمین پەنابەر بوون كە هاتوونەتە هەرێمی وەیڵز. لە دوای ئەوەی مامۆستاكەم یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری كاریفی هەڵبژاردبوو كە كاری فۆتۆگرافی تیادا بكەین، بێشك هاوبەشیكردنی چیرۆكی ئافرەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شتێكی ئاستەم و زۆر كات ترسناكە. وێنەكان بەدواداچوون بۆ ململانێ شووناسییەكانیان دەكەن، كە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە هەموو سات و كاتێكی كلتووری و كۆمەڵایەتیدا هەیە. من بە بەكارهێنانی ڕەنگی سوور ل تابلۆكانم كە وەك هێمای خۆڕاگری و بوێریە لە ئافرەتانی یەمەندا، ئەو ڕەنگە بوێر و زیندووە نوێنەرایەتی هێز و كۆڵنەدانی ئافرەتان دەكات.
دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەكی باش ناسراوم ئەو بانگهێشت و كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەی فۆتۆكانم لە دەزگا جیهانییەكاندا و ئەو پێشانگایانەی بەشداربووم لە وڵاتاندا شایەتحاڵن، ئەو پێشانگایانەی كە تیایاندا بەشداربووم لە (كوردستان، بەریتانیا، فەرەنسا، هۆڵندا، ئیتاڵیا، نەرویج، كۆماری چیك، سلۆڤینیا، توركیا، پاكستان، مسر) فۆتۆكانم لە دەزگا میدیاییە باڵاكانی وەكو نیۆرك تایمز، بی بی سی، میترۆ، ئەپۆلۆ، جەزیرە بڵاو بوونەتەوە. مەدالیای برۆنزیم وەرگرت لە وڵاتی مسر بۆ یەكێك لە فۆتۆكانم كە سەبارەت بە خەتەنەی كچان بوو، لەلایەن كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان (UNHCR) دەستنیشان كرام وەكو فۆتۆگرافێكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وڵاتی ئیتاڵیا بۆ شاری ڤێنیس بۆ قسەكردن لە پەناڵێك لە دوو زانكۆی ئەو شارە لەسەر فۆتۆگرافەری ئافرەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كار و چالاكییەكانیان. هەر لە وڵاتی بەریتانیا لەلایەن كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان (UNHCR) هەڵبژێردرام بۆ باڵیۆزی فۆتۆگرافی بۆ ماوەی ساڵێك. ئەگەر بێینە سەر ڕەچە شكێنی، ئەوە بوو ئەو كاتەی كە دەستمكرد بە كاری فۆتۆگرافی چەند خانمێكی كەم هەبوون لەو باوەڕەدام ئەو كارەیان دەكرد زیاتر لە ناو دەزگاكانا هەبوون، یان بڵێین لە بابەتی دۆكیومێنتاری نەبوون، واتە كاریان لەسەر دۆكیومێنتكردن نەكردبوو، چونكە فۆتۆگرافی دۆكیومێنتاری كاری قورسترە لە كایەكانی تری فۆتۆگرافی، گەڕانی زۆر بۆ بابەت و كاركردن لێی زۆر كات هەبووە ساڵێك زیاتر لەسەر یەك بابەت ئیشم كردووە، یەك دوو لە خانمەكان دوای من دەستیان پێكرد، بەڵام دوای ماوەیەك وازیان هێنا بەداخەوە.
بنار وتی: فۆتۆگرافی ئەگەر خۆت مەیلت لێی هەبێت و ڕێگەكەی بدۆزیتەوە بێگومان دەتوانێت سەرچاوەی داهاتت بێ، بەڵام لە كوردستان هێشتا ماویەتی، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێشتا ماومانە لە هونەری فۆتۆ تێبگەین، هونەرێكە هێشتا ماویەتی بایەخی پێبدرێت بە تایبەتی بابەتی فۆتۆی ڕۆژنامەوانی و دۆكیومێنتاری، بێگومان ئەو كارئاسانییەی بۆت دەكڕێت یەكەمجار خێزانەكەتە ئینجا ئەوەیتر دەكەوێتە سەرخۆت، چۆن خۆت هاندەر و پاڵپشتی خۆت دەبیت، چونكە هەموومان لە خێزانێكی زۆر پارێزراو لە زۆر لە شتەكان پەروەردە كراوین، بۆیە دەبێت زۆر ئاگاداری بین. بۆ دەستخستنی فۆتۆیەكی دەگمەن یەكەم شت لەسەرخۆ بوون و پشوودرێژییەكی زۆری دەوێت كە ئەمە وا دەكات كە وێنەیەكی باش و نایابت پێ ببەخشێت. چوون بۆ وڵاتانیتر و گەڕان ئەمە كلیلی دەرگاكردنەوەی تواناكانی فۆتۆگرافییە، گەڕان دەبێتە هۆی ئەوەی كە فۆتۆگرافەرەكە گەشە بكات لە بیر و هۆش و وەرگرتنی بیرۆكەی تازە وەكو دیدگای جۆراوجۆر. گەشتكردنی فۆتۆگرافەران بەرەوڕووی كۆمەڵێك كلتوور و نەریت و شێوازی ژیان دەبێتەوە. ئەمەش تێگەیشتنیان فراوانتر دەكات و یارمەتیان دەدات بە هاوسۆزی و ڕێزێكی زیاترەوە لە بابەتەكان نزیك ببنەوە. ئیلهام و گەشەكردنی داهێنەرانە بەشێكن لە ئەنجامی گەشتەكان، دیمەن و ژینگەی نوێ، وڵاتە جیاوازەكان دیمەنی سرووشتی جۆراوجۆر و شێوازی تەلارسازی و ژینگەی شار پێشكەشدەكەن. ئەم جۆراوجۆرییە دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ فۆتۆگرافەران بۆ تاقیكردنەوەی ستایل و پێكهاتە و تەكنیكە نوێیەكان. بەرەنگاربوونەوەی هونەری هەنگاوێكی گرنگترە، ڕووبەڕووبوونەوەی شوێنە نوێ و نامۆكان وا لە فۆتۆگرافەران دەكات لە ناوچەی ئاسوودەیی خۆیان پاڵبنرێنە دەرەوە، هانیان دەدات بۆ خۆگونجاندن و داهێنان. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی پێشكەوتن و گەشەكردنی داهێنەرانە. منیش هەروەك ئەو فۆتۆگرافەرانە ئارەزووی گەشت كردنم هەبوو ئەوە بوو بۆ بابەتێك پاكستانم هەڵبژارد. چیرۆكێكم كرد لەسەر هاوسەرگیری پێش وەختە كچان. لە ڕاستیدا لە زۆربەی كارەكانم فۆكسم خستۆتە سەر بابەتی ئافرەتان و خستنەڕووی كێشە و ئازارەكانیان و وەك ئافرەتێك لەو بارەوە هەست بە بەرپرسایەتی دەكەم كە پێویستە سەرنج بخرێتە سەر ئافرەت و خۆمم تەرخان كردووە بۆ ئەو بابەتە.