خەبات: عامر فەرحان – هەڵەبجە:- پارێزگای هەڵەبجە خاوەنی چەندین ناوچەی گەشتیارییە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری ناوخۆی و بیانی بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش سەردانیان دەکەن، بەتایبەت لەوەرزی هاوین و بەهاردا.

چیا قاسم بەڕێوبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە خەباتی ڕاگەیاند: ئەوەی جێگەی خۆش حاڵیە ژمارەی گەشتیاران مانگانە ڕوو لەزیاد بوونە کەسەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی سنورەکەمان دەکەن، ئێمەش وەک بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بەپێی توانای خۆمان هەموو کارئاسانیەک بۆ گەشتیاران دەکەین. پلانی ئەوەمان هەیە کە گەشتیاری بیانی لە دەرەوەی هەرێم و عێراقەوە، واتە تەواوی وڵاتانی جیهان بۆ ناوچە گەشتیاریەکانمان ڕابکێشین. بۆ ئەم مەبەستە تەنها لایەنی ئابوورییمان لەبەرچاو نەگرتووە، بەڵکو ئەو گرووپە گەشتیاریانەی کە ڕوومان لێدەکەن، ئێمە ئاشنای مێژوو و کلتوورو فەرهەنگی ناوچەکەمانیان دەکەین.

لەبارەی گرنگی دانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکەرتی گەشتوگوزار، چیا قاسم گووتی: کابینەی نۆیەم لەڕێگەی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمەوە کاری زۆر باش بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار کراوە، بەڵام پێویستە کاری زیاتر بۆ کەم کردنەوە و نەهێشتنی ئەو گرفتانەی کە لەکەرتی گەشتوگوزاردا هەیە بکەن، بەتایبەت نۆژەنکردنەوەی ڕێگای ناوچە گەشتیارییەکان و پێدانی کارەبای بەردەوام بەنرخێکی کەم بەناوچە گەشتیارییەکان و دانانی هێما لەشەقامە سەرەکیەکان.

هەروەها گووتی: لەکاتی سەردانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بەتایبەت کە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی هاوینە هەواری ئەحمەد ئاوای کرد، دەست خۆشی زۆری هەبوو بۆ ئەو پێشکەوتنەی کە لە کەرتی گەشتگوزاری پارێزگای هەڵەبجە هەیە، ئامادەیی هەموو هاوکاریەکی نیشاندا.