سهرهتا وتار نەرمی نواندنی دەروونی لە سیاسەتی کورددا بارزانیی نەمر وەک نموونە
د. نەسرەدین ئیبراھیم گۆلی*
رۆژانە چەمکی نوێ دێنە نێو گۆڕەپانی زانستی دەروونناسی، و یەکێک لەو چەمکە نوێیانە چەمکی نەرمایەتیی دەروونی یان دەماری (neuroplasticity)یە، کە ئاماژەیەکە بە توانای لە ڕادەبەدەری خۆگۆنجاندنی مێشکی مرۆڤ، کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و خۆبەخۆ پرۆگرامکراوە و ھەر لە منداڵییەوە و یەکەم چرکەساتەکانی دروستبوونی زایگۆت، ڕوودەدات و دواتر ھاوکاری مرۆڤ دەکات لە سات و ھەڵوێستە جیاجیاکانی ژیان و بە پێی پێویست گۆڕانی بەسەردا بێت و بە پێی پێویست خۆی لەگەڵ ئەم ھەڵوێستە نوێیەدا بگۆنجێنێ.
سەرەتای دەرکەوتنی ئەم چەمکە بۆ ساڵانی ٢٠١٠ دەگەڕێتەوە، وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەدەن. ھۆکاری ئەو چەندەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مێشکی مرۆڤ توانای دینامیکیی بەھێزی ھەیە و دەتوانێت بە شێوازی جیاواز خۆی کۆنترۆڵ بکات. ئەو پرۆسەیەش لە بەشی پێشەوەی مێشک و نێوچاوان ڕوودەدات کە بە لۆبی سێربێرال (cerebral cortex) ناسراوە، کە بە ھۆیەوە ئەو بیرۆکە و ڕەفتار و ھەڵچوونانەی کە لەو بەشەدا ڕوودەدەن بە پێی پێویست گۆڕانیان تیایدا دەکرێت. ئەو کارەش بە شێوەی پرۆسەی دەرکردنی ھۆرمۆن و ڕژێنەرە کێمیاوییەکانی مێشکی مرۆڤ لە خانەکانی دەماری و نۆرۆنەکان زۆر بە وردی و خێرا ڕووبدەن و لە ھەر چرکەیەکدا ھەزاران ملیۆن لەو پرۆسانە ڕوودەدەن و بڕیار و رەفتار و ھەڵوێستە جیاوازەکانی ھەر یەکە لە ئێمە لە ھەر پلە و پایە و تەمەنێکدا بین، بەرھەمی ئەو پرۆسەیەن. ئەو پرۆسەیەی میکرۆسکۆپی ڕوودەدات بە بێ ئەوەی کەس بیبینێ و یان ھەستی پێبکات، تەنانەت خودی ئەو کەسەش.
پسپۆڕانی سایکۆلۆژی و پەیوەندییە مرۆییەکان لەو بڕوایەدان کە توانایی مرۆڤ لەم کارەدا ھۆکارێکی سەرکەوتنی مرۆڤن، کە لە ڕێگەی نواندنی نەرمایەتیی دەروونی و دەماری لە ھەڵوێستی جیاوازدا و ڕێگەدان بە تاقیکردنەوەی ڕێگەی جیاواز، دەبن بە ھۆکاری ئەوەی کە تاک بتوانێ لەو ڕێگەیەوە دەرگای مێشکی بە کراوەیی بەجێبھێڵێ کە بیرۆکەی نوێ و زیاتر و گۆنجاوتر لە مێشکیدا گەڵالە ببن و بوار و دەرفەتی ھەڵبژارتنی زیاتر لەبەردەمی ھەبێ تا بتوانێ ئەو ڕێگە چارەسەرییەی کە بۆ ھەڵوێستێکی دیاریکراو گۆنجاوترە لەوانیتر جیا بکاتەوە و سوودی لێوەربگرێ. مرۆڤە سەرکەوتووەکانی بوارە جیاجیاکان و لەوانەشە سیاسەت زۆر سوود لەم پرۆسەیە وەردەگرن.
بارزانیی نەمر لە ژیانی سیاسی خۆیدا، کە ھەر لە تەمەنی لاوێتیدا دەستی پێکردووە، ئەزموونێکی دەوڵەمەندی کۆمەڵایەتی ھەبووە، بەو پێیەی لە نێو خێزانێکدا پێگەیشتبوو، کە ڕێبەرایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دەڤەرێکی دیاریکراوی کوردستانی دەکرد. ئەمەش دەرفەتێک بوو کە ئەو بتوانێ ڕاستەوخۆ بەشداری چەندین بزاڤ و جووڵەی سیاسی باشوور و ڕۆژھەڵات و باکووری کوردستان بکات و ئەمەش ئەزموونێکی دەوڵەمەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێی بەخشی، کە گرنگترینیان شۆڕشی دووەمی بارزان لە ١٩٤٣ و دواتر کۆماری مەھاباد بوو. ئەمە وێڕای ئەزموونی خێزانی و ماڵباتەکەی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی عۆسمانییەکان و دواتر سیستەمی پاشایەتی لە عێراق.
ھەموو ئەو ئەزموونە کاتێک دەوڵەمەندتر بوون، کاتێک بارزانیی نەمر دوای کۆماری کوردستان لە مەھاباد خۆی و ھاوسەرنگەرانی دوای شەڕێکی نابەرابەر لەگەڵ سوپای ھەر سێ وڵاتی ئێران و عێراق و تورکیا خۆیان گەیاندە سۆڤییەتی جاران، و مۆمی خەبات و بەرخۆدان و شۆڕش لە پێناو ڕزگارکردنی میللەتەکەی لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران، لە دڵ و دەروونیدا نەکوژابوویەوە و ھەمیشە مێشکی کراوە بوو بۆ ئەوەی لەم ڕێگە پیرۆزەدا بەدوای ئەڵترناتیڤ و جێگۆڕکێی گۆنجاودا بگەڕێ. ئەوەبوو کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراق بە گوڕوتینێکی زیاتر و ئۆمێدێکی فراوانتر ڕوو لە وڵات دەکات بە ھیوای ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی نوێ بتوانێ لەسەر بنەمای سوودوەرگرتن لە ئەزموونی تاڵی سەردەمی پاشایەتی دەرچەیەکی نوێ لەبەردەم گەلانی عێراق و بە تایبەت کورد و کوردستانیان بکاتەوە، ھیوایەکی زۆری بە عەبدولکەریم قاسم ھەبوو و لە بۆنە جیاجیاکان بە ھەموو ھێز و تواناوە پشتگیریی لێدەکرد، بەجۆرێک کە تەنانەت ھەندێ کەس و لایەن بە ھەڵە لێکدانەوە و شیکردنەوەیان بۆ دەکرد.
ئەمە خۆی لووتکەی نیەتپاکی، و بە پێی زانستی نوێ نەرمایەتی نواندنی دەروونی بوو لای بارزانیی نەمر، و ئەوەش بە بەڵگەی ئەوەی، کە شایەد و لەوانەیە قاسم کۆتایی بەو زۆڵم و زۆردارییە بھێنێ کە دەرھەق بە میللەتی کورد دەکرا و پێی وابوو ئەمە دەرفەتێکی زێڕین دەبێ بۆ ئەو میللەتە ستەملێکراوە تا بە مافەکانی شاد ببێ. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە ھەمان ئەوەیە کە زانستی سەردەم پێی وایە رەفتارێکی گۆنجاوە بۆ کەسێک کە بتوانێ لە گۆڕەپانی سیاسەتدا و لە ھەڵوێستێکی وەھادا فسیۆلۆژیای مێشکی خۆی بەکراوەیی بھێڵێ تاوەکو خۆی بە پێی ئەزموون و توانایی خۆی بەرەو ڕێگەچارەکان ھەنگاو بنێت و لە ھەمانکاتدا و بە پێی ھەلومەرج و بارودۆخ خۆی لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەدا بگونجێنێ و لەگەڵیشیدا ڕێگە ھەرە گۆنجاوەکە ھەڵبژێرێ، کە بارزانی نەمر پێی وابوو ئەو کات زیاتر لە ھەر کاتێکی دیکە گۆنجاو بوو. ئەوەبوو بارزانیی نەمر تا دواساتەکانی پەیمان شکێنی دەسەڵاتی ئەوسای عێراق، خۆی لە ھەر جۆرە ململانێیەکی سیاسی و لەشکەری لە دژی قاسم دوورخست. ئەوەبوو کە پاش دژایەتی توندی دەسەڵاتی عێراق بۆ خواست و داواکارییەکانی کوردو بە ناچاری و پاش بێئۆمێدی لە لایەن بارزانیی نەمر و بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی کورد، شۆڕشی ئەیلوول ھەڵگیرسا.
بارزانیی نەمر پاش ئەزموونێکی تاڵ و ناخۆشی شۆڕشەکانی کورد لە باشووری کوردستان گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە ھەر دەسەڵاتێکی سیاسی لە دوای ڕووخانی رژێمی پاشایەتی بێتە نێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، دەتوانێ باشتر بێ لە پیادەکردنی بنەماکانی دیمۆکراسی و، یەکسانی و دادپەروەری لەم وڵاتەدا بڵاو بکات و ببیتە مایەی خۆشگۆزەرانی خەڵکەکەی. بەتایبەت کە دوای دروستبوونی عێراق و پێکەوەلکاندنی نەتەوە جیاوازەکانی لە لایەن ئینگلیزەکانەوە، کە ویست و ئیرادەی ئەو نەتەوانە لەبەرچاو نەگیرابوو، لە سەرتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، بەردەوام بە قۆناغی پڕ لە شڵەژاندا تێپەڕیبوو و ھیچ یەک لەم نەتەوانە ھەستیان بە سەربەخۆیی و بەختەوەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئایینی نەدەکرد. بەڵام ئەم ھیوایەی بارزانیی نەمر زۆری نەخایاند و دەسەڵاتی نوێی عێراق ھەمان رێچکەی دیکتاتۆرەکانی پێش خۆی گرتەبەر و بەرھەمەکەشی ھاتنە سەر دەسەڵاتی فاشیستەکانی بەعس بوو، بەڵام دەمارگیری شۆڤینییانەی بەعسییەکان سەری خۆیانی خوادر.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانکۆی زاخۆ