خەبات: کەنار جەمال – مۆسکۆ: لە رێورەسمێکدا لە شاری مۆسکۆ، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، بۆ ساڵی سێیەم خەڵاتی باشترین تەلارسازی دیپلۆماسی بە نیگارکێشی کورد «نوریک موسایان» بەخشی.

نوریک موسایان بۆ ئەمساڵیش تەنیا نیگارکێش و تەلارسازی کوردبوو، کە بە سێ تابلۆ لە پێشبڕکێی تەلارسازی دیپلۆماسی رووسیادا بەشداریکردبوو. لە رێورەسمێکی شایستەدا ڤیچیسلاڤ فاتین نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، خەڵاتی بە نوریک دا. جیاواز لە جارەکانی پێشوو، ئەمجارە نوریک بە جلی کوردییە لە رێورەسمەکەدا بەشداریکرد.

پێشبڕکێی ئەمساڵ لە ژێر درووشمی نەخشە و رەنگەکانی کولتوری نەتەوەییدا بەڕێوەچوو، کە نیگارکێش و تەلارسازان لە 20 هەرێمی رووسیاوە بەشداربوون، نوریک موسایان، تەمەنی 21 ساڵە و نیشتەجێی مۆسکۆی پایتەختی رووسیایە. هەنوکە قوتابی قۆناغی پێنجەمی کۆلێژی تەلارسازییە لە مۆسکۆ، ئەو جگە لەوەی لە پسپۆڕییەکەی کەسێکی سەرکەوتووە، لە نیگارکێشی و میوزیکیش لاوێکی بەهرەمەند و دەستڕەنگینە. نوریک دەڵێت، بەردەوام پەرە بەتواناکانی دەدات، بۆ ئەوەی ناوی گەلەکەی لە رووسیادا بەرز رابگرێت.