سهرهتا وتار پەیوەندیی ڕۆشنبیریی سیاسی بە پێشکەوتنی کۆمەڵگا وهەڵسوکەوتی سیاسییهوه
ئاشنا بابان*
دەوترێت پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ڕۆشنبیریی سیاسی و هەڵسوکەوتی سیاسیدا هەیە، کە کاریگەرییەکی بەرچاو و ڕوونی لەسەر تاکی کۆمەڵگا هەیە، لە ڕێگەی کار و چالاکییە خوازراو و نەخوازراوەکانەوە، رۆژانە بەرجەستە دەبێت و ئاراستەی سیستمی سیاسی دەکات، کە زۆر جار تاکی کۆمەڵگا، بی ئاگان لەو جۆرە هەڵسوکەوتە. بهڵام چونکە پەروەردەیەکی سیاسی بەو ئاراستەیە کراوە، کۆمەڵێک هۆکاری وەک کلتورو داب و نەریت سەپێنراوە و بۆتە پەروەردەیەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی و بنەمای هزری تاک، کە بەجۆرێک لەگەڵ گەشە و پەروەردەبوونیا، لا ئیرادی چەسپاوە و بەردەوام لە کاری ڕۆژانە و لە هەڵسوکەوتیدا ڕەنگدەداتەوە.
هەروەک گابرییل ئالموند، لە ساڵی ١٩٥٦ لە بەرهەمە نووسێنیکیدا، ئاماژە بە ڕۆشنبیریی سیاسی کۆمەڵگا دەكات، پێناسەی دەکات کە (رۆشنبیریی سیاسی بریتیە لە داخوازییە ئاراستەکراوەکانی زۆرینەی تاکی کۆمەڵگا، بەرامبەر سیستمی سیاسی بە گشتی و دیاریکردنی ڕۆڵی تاک لە سیستمی سیاسیدا). بەو جۆرە، تاک کۆمەڵێک بۆچوونی لا دروست دەبێت، کە تاک چۆن دەڕوانێتە سیستمی سیاسی بە گشتی؟ جیاوازیی پێکهاتەکانی سیستمی سیاسی چیە و توانای بەدیهێنانی داخوزییەکانی هەیە؟ چۆن تاکی کۆمەڵگا لە ناو ئەو سیستمە سیاسییەدا ڕۆڵی خۆی دەبینێت؟
ئەوانە ئاماژەن بۆ هەموو ئەوانەی، بە نهێنی و قووڵی لە ئەنجامی پەروەردەوە، لە ناخی مرۆڤەکاندا چێنراون. تاک درکی پێبکات یاخود نا، کاریگەریی لەسەر ئاراستەو داخوازییەکانی و هزرو بیر و بۆچوونی ههیە، پاشان دەبێتە هەڵسوکەوت و ڕەنگدانەوەی کارو داخوازیەکانی.. پەروەردەی سیاسی بریتیە لە: گواستنەوەی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، لە ڕێگەی خێزان و قوتابخانە و دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە. یاخود لە ڕێگەی پاڵپشتی ڕۆڵی سیاسیی تاک، کە لە کەناڵ و ڕێگەی پارتی سیاسی، پەرلەمان، کۆمەڵە بەرژەوەندیخوازەکان، پەروەردەی سیاسی، بەشێکی گرنگ و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە هەڵسوکەوتی سیاسیدا، کاریگەریی لەسەر سیستم و بڕیاری سیاسی ههیه، چونکە دەبێتە لانکەی کادر و شوێنکەوتووانی ئەو هزرو بیروبۆچوونەی، کە لە و پەیڕەوە بە مەبەست ئاراستە کراوە و پەروەردە کراوە.
ئەگەر بمانەوێت لە واقعی کۆمەڵگایەک بکۆڵینەوە، بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەوانەی ئاماژەمان پێکرد، وەک پەروەردە و ڕۆشنبیری و هەڵسوکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی گشتی، کە خۆی لە ڕۆشنبیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. هەر لەو ڕوانگەیەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕۆشنبیریی گشتی و پەروەردەی سیاسی، لە ڕێگەی گەشەی مرۆڤایەتیی ئەرێنیەوە، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر سیستمی سیاسی و هەڵسوکەوتی سیاسی و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و دروستبوونی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕيکخراوەی سەرکەوتوو دهبێت، کە پێچەوانەکەی دەبێتە بەردەوامی کۆمەڵگایەکی تهقلیدی و وەستاو، بێ گەشە لە هەموو ڕووە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە هەموو ئەوهەڵسوکەوتانەی ڕۆژانە بەرەو ڕوومان دەبنەوە، چ لە لایەنی تاک بۆ سیستمی سیاسی، چ کاردانەوەی سیستمی سیاسيیه، لە ڕێگای بڕیارەکانەوە، کە دەرئەنجامی پەروەردە ڕۆشنبیریی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە. دەکرێت بڵێین سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بە ڕۆشنبیریی گشتی و سیاسی و پەروەردەی سیاسییەوە پەیوەستە. لە هەمان کاتدا، دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بە ڕۆشنبیریی سیاسی هەیە، بۆ ئهوهی هێزی بەردەوامی بداتێ و هۆکارێک بێت، بۆ مانەوە و خۆ تازە کردنەوەی بەردەوامی.
* مامۆستای زانكۆ