
ڕاپۆرت – مسلم دۆلەمەری
لە ٣١-٧-١٩٨٣ ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ تەنها لەبەر کورد بوون و بوونی جەمەدانی سوور لەسەریان کە هەڵگری پەیامی کوردایەتی و شۆڕشی بارزان بوو، لە ئۆردوگا زۆرەملێکاندا ٨٠٠٠ نێرینەی بارزانیی بێتاوان بە بچووک و گەورە و پیر و نەخۆش جینۆسایدکران و لە بیابانە وشکەکانی خوارووی عێراق گوللەباران و زیندەبەچاڵی کردن و شەهیدیان کردن، لەم ڕاپۆرتەدا و لەم یادە پڕ لەتراژیدیایەدا کەسوکاریان بۆ خەبات دەدوێن.
سەرەتا نیهاد عەلی حسێن دەڵێت:
لەیادی چل و یەک ساڵەی جینۆسایدکردنی ٨٠٠٠ بارزانی بێتاوان سڵاو بۆ گۆڕی پڕ لەنووریان دەنێرم، سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنوێنم، بەتایبەت لەم یادەدا سڵاو و ڕێزی تایبەتم هەیە بۆ گشت دایکانی خۆڕاگر و شورەی پۆڵایین کە هەمیشە وەک شێرەژنی کورد و وەک قەڵغان لە هەمبەر هەموو نەهامەتی و ناخۆشییەکانی ژیان وەستان لە پێناو ئەوەی کە ڕۆڵەکانیان بە سەربلندی و ئازادی لەسەر ڕێبازی قوتابخانەی بارزانیی نەمر پەروەردە بکەن لەنێو جەرگەی دوژمن وخوێنخۆرانی گەلی کورد بەگشتی و بارزانییەکان بەتایبەتی، بۆیە من دەڵێم هەرچی بۆ ئەم دایکانە بکرێت هەر کەمە و پێویستە ژیانی ئەم شێرە ژنانە بکرێتە ڕۆمان و کورتە فیلم و پەرتووکی جۆراوجۆر بۆئەوەی نەوەکانی دواڕۆژ و تەواوی دنیاش بزانێت ئەم دایکانە چ ئێش و ئازارێکیان کێشاوە لە پێناو پاروویەک نان و چەند ساتێکی ئازادی بۆ ڕۆڵەکانیان.
هەروەها دوریا شێروانی گوتی:
لەیادی چل و یەک ساڵەی جینۆسایدکردنی ٨٠٠٠ بارزانی دووپاتی دەکەینەوە کوردبوون شانازییە و بارزانی بوون سەربڵندییە، ئەمە یەکەم هەنگاو و کۆتا هەنگاوی دوژمنان نەبووە بۆ لەناوبردنی بارزانییەکان، دوژمنانی گەلی کورد باش دەزانن کوردایەتی و شۆڕشە کوردپەروەر و نیشتمانپەروەرەکانی گەلی کورد هەڵقوڵاوی ئەشکەوت و بڵندایی چیای شیرین و گوند ودۆڵ و نەمامەکانی بارزانە، تەواوی جیهانیش ئەوە دەزانێت دۆزی کورد بەبێ بارزانی بوونی نییە و چارە نابێت، نموونەی خۆڕاگری و خۆنەچەماندنی دایک و کەسوکاری جینۆسایدکراوانی بارزانییەکانن کە بۆ چەندین ساڵ لەچاوەڕوانی کەسوکاریان و بە ئیرادەیەکی زۆر بەرزەوە دایکانی نیشتمان توانییان لەبەر گەرما و سەرما و زوڵمی دوژمنان و نەبوونی و شەونخونیدا ڕۆڵەکانیان گەورە بکەن و دووریان نەخەنەوە لە پەروەردە و کوردایەتی و کلتوورە جوانەکەی بارزان، بۆیە پێویستە زیاتر خزمەتی ئەم شێرە ژنانە بکەن و زیاتر کار بۆ ڕۆڵەکانیان بکرێت لە پێدانی کار و دامەزراندندا، هەروەها پێویستە لەسەر هەموومان دەست بخەینە نێو دەست بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆ بەدیهاتوون لە سایەی خوێنی هەزاران شەهیدی وڵاتەکەمان.
شەهزاد ساڵح گوتی:
ئەنفال ئەو تاوانە مەزنەی دژی مرۆڤە کە ڕژێمی گۆڕبەگۆڕ دژی گەلی کورد و بەتایبەت ٨٠٠٠ بارزانی بێتاوان جێبەجێی کرد، ئەویش تەنها ئامانجی نەهێشتنی کورد و سڕینەوەی بارزانییەکان بوو لە کوردستان، چل و یەک ساڵە دایکانمان لە چاوەڕوانیدان، ئەم تاوانە بووەتە برینێکی قووڵ و بێدەرمان بۆ هەموومان، هەرچەندە تەواوی ڕۆڵەکانی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان بەبێ باوک گەورە بوونە، بەڵام شێرەژنەکانی بارزانی وایان پەروەردە کردوون کە هەمیشە کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر بن و موریدی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر بن، دایکانی جینۆسایدکراوان ئێش و ئازارێکی زۆریان چەشتووە بە کارکردن وەک پیاوان بە شەو و ڕۆژ بە هاوین و زستان بەبێ ئاو و نان کۆڵیان نەدا و لە پێناو پاروویەک نانی حەڵاڵ و سەربەرزانە بۆ منداڵەکانیان، ئەمەش وایکرد بۆ دوژمنانی بارزان دیار بێت کە تا تەنها ئافرەتێکی بارزانییش مابێت موریدان و قوتابیانی قوتابخانە گەورەکەی کوردایەتی «بارزانیی نەمر» کۆتایی نایەت و بە هیچ شتێک لەناو ناچن، هەروەک هەمووجاریش جەنابی سەرۆکمان دەفەرموێت ( ئیرادەمان بەهێزە )، ئێمەش لەسەر ئەم ئیرادە وباوەڕبەخۆبوونە گەورە بووینە و بە هێزی خودای گەورە نەبێت بە هیچ هێزێک ناشکێین و بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر.
لەکۆتاییدا هوشیار شکاک دەڵێت:
هەرکاتێک لاپەڕەکانی مێژووی گەلی کورد هەڵدەدەینەوە ئینجا دەبینین کە گەلەکەمان بەدرێژایی مێژوو چ مێژوویەکی پڕ لە تراژیدیا و قوربانیدانی هەیە، یەکێک لەم تراژیدیا و قوربانیدانانەش جینۆسایدکردنی ٨٠٠٠ بارزانیی بێتاوانە کە رژێمی بەعسی دڕندە زۆر بێویژدانانە ٨٠٠٠ منداڵ و گەنج و پیرو پەککەوتە و نەخۆشی بە دڕندەترین شێواز زیندەبەچاڵ کرد بەبێ گوێدان بە بەها مرۆڤایەتی و ئایینییەکانی دنیا، تەنها تاوانی ئەو ٨٠٠٠ بارزانییە بارزانی بوون و کوردبوون بوو، ئامانجی ئەو دڕندانە تەنها لەناوبردنی گەلی کورد بەگشتی و بارزانییەکان بەتایبەتی بوو، ئەوان وایاندەزانی بە شەهیدکردنی ٨٠٠٠ بارزانی داینەمۆی شۆڕشی بارزان دەوەستێت و کوردایەتی بوونی نامێنێت، وایاندەزانی بە کوشتن و جینۆساید و کیمیاباران گەلی کورد بەچۆکدا دێنن و قڕی دەکەن، نەیاندەزانی نەوەکانیان داکۆکیکاری زیاتر دەبن و لەسەر مافی گەلەکەیان هەمیشە سینگیان دەکەنە قەڵغان لەبەردەم هەر دوژمنێکی گەلی کورد کە بیەوێت هەنگاو بنێت بۆ نێو خاکی پیرۆزی کوردستان، هەر بۆیەشە دەڵێم پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار کاری زیاتر بکەن بۆ بەجیهان ناساندنی جینۆسایدی بارزانییەکان، هەروەها پێویستە زیاتر خزمەتی دایکانی نیشتمان بکەن بەتایبەت لە رووی تەندروستییەوە، هەروەها پێویستە ئەم تاوانانەی بەعسی گۆڕبەگۆڕ بخرێتە نێو ناوەندەکانی خوێندن بۆ ئەوەی نەوەکانی دواڕۆژمان بزانن چ تاوانێکی گەورە بەرانبەر بە گەلەکەمان کراوە و بەدیکۆمێنتکردنی ژیانی دایکانی نیشتمانیش زۆر پێویستە بۆ نەوەکانی دواڕۆژمان.