مێژووی مرۆڤدۆستی و کوردپەروەریی بارزانیی نەمر لە كوێوە دەست پێدەكات؟

149
سوورە مەرگەیی
هەڵەیەكی مێژوویی و زوڵمێکی گەورەیە، ئەگەر پێمان وابێ مێژووی بارزانیی نەمر لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان یان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە دەست پێدەكات، چونكە بارزانیی نەمر بەر لە دامەزراندنی پارتی و هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، هەڵگری پەیامی مرۆڤدۆستی و كوردپەروەری بووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەڵگە مێژووییەكانی بەر لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش، هیچ گومانێك لەسەر ئەو ڕاستییەی سەرەوە نامێنێ.
* دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢١ بۆ جاری دووەم ئەرمەنییەكان کەوتنەوە بەر شاڵاوی كۆمەڵكوژیی ڕژێمی ئەو كاتەی توركیا، بارزانیی نەمر بە خۆی و هێزێكی بارزانییەكان دەچێتە هاواریان و، ئەندرانیك پاشا و خێزانەكەی و چەند كەسایەتییەكی ئەرمەنی لە كوشتن ڕزگار دەكات و دەیانگەیەنێتە سوریا، لە چوون و گەڕانەوەی چواردە شەهید بە مرۆڤایەتی دەبەخشێ، ئەو هەڵوێستە مرۆڤدۆستییەی بارزانیی نەمر ئەوە دەردەخات، کە پشتوپەنای مەزڵومان و دژی زاڵمان بووە، جا بەلایەوە گرنگ نەبووە مەزڵوم کێیە و زاڵم کێیە.
* لە ساڵانی ١٩٣١ بۆ ١٩٣٢ شۆڕشی یەکەمی بارزانی هەڵگیرسا، لەو شۆڕشەدا تەنها بە لاوەکانی بارزان، دژی ستەم و چەوسانەوەی سەر نەتەوە ژێردەستەکەی وەستایەوە، ئەوەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بارزانیی نەمر کوردایەتی و ئامانجە نەتەوەییەکانی، پێش حزبایەتی و ئامانجە حزبییەکان خستووە، هەر ئەوەشە وایکردووە کوردایەتی لە حزبایەتی بە گەورەتر بزانێ.
* هەڵوێستە شۆڕشگێڕی و کوردپەروەرییەکەی، وای لە رژێمی مەلەکی کرد، بارزانیی نەمر لە بارزانی مەڵبەندی شۆڕش و بەرخودان دوور بخەنەوە، دوای ئەوەی بە هاوکاریی بنەماڵەی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی دەربازکرا و بە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەڕایەوە بارزان، شۆڕشی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٥ی هەڵگیرساند، هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری مەهاباد کۆماری کوردستان ڕاگەیەنرا، ئامانجی بارزانیی نەمر کردنەوەی دەروازەیەک بوو بە ڕووی پرسی کورددا، بۆیە ئەو بەشەی کوردستانی بە گونجاوتر زانی بۆ ئەوەی دەروازەکە بە ڕووی پرسی کورددا بکاتەوە و بیکاتە کلیلی دەرگا کڵۆمدراوەکانی سەر پرسی کورد، ئەوەبوو خۆی و هێزی بارزانییەکان سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی دوژمنیان لە باشوورەوە گواستەوە بۆ ڕۆژهەڵات.
* لە ڕۆژهەڵات وێڕای بەرگری لە کۆماری کوردستان، باشووری کوردستانیشی لەبیر نەکرد، چونکە خەمی بارزانیی نەمر، خەمی ڕزگاری هەر چوار بەشەکەی کوردستان بوو، جا بەلایەوە گرنگ نەبوو کام بەشە زووتر ڕزگار دەبێ.
ئەوەبوو هاوکات لەگەڵ بەرگری لە کۆمار، بۆ ڕابەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، لە باشووریش پارتی دیموکراتی کوردی دامەزراند، بەڵام بەداخەوە زۆری نەبرد کۆماری کوردستان خرایە ناو پیلانگێڕیی رژێمی شای ئێران و یەکێتیی سۆڤییەتی ئەو کات و کۆمار تووشی شکست بوو، ئەو پیلانگێڕییەی سەر کۆماری کوردستان ئەرکی بارزانیی نەمری قورستر کرد، چونکە چاوی هەر سێ داگیرکەران کەوتە سەر بارزانیی نەمر و هەڤاڵەکانی، دوژمن لەو ڕاستییە گەیشتبوون و پێیان وابوو، ئەگەر بارزانیی نەمر و هەڤاڵەکانی لەناو نەبرێن، ئەوا هیچیان نەکردووە و بارزانیی نەمر دەستی پیلانگێڕییان لە بنی هەنبانەی پیلانەکانیان دەردێنێ، ئەرکێکی تر کە پیلانە شوومەکەی سەر کۆمار خستبوویە سەر بارزانیی نەمر، پاراستنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بوو، کە پێشەوا قازی محەممەد پێی سپاردبوو، بەڵام بارزانیی نەمر بە ڕێڕەوە مێژووییەکەی و پەڕینەوەی لە رووباری ئاراس و گەیشتنی بە یەکێتیی سۆڤییەت، هەم بە دوژمنانی کوردی گوت: کورد خاوەنی پرسێکی ڕەوایە و هیچ پیلانگێڕییەک دەستبەرداری ئەو پرسە ڕەوایەی ناکات، هەمیش ئاڵای پیرۆزی کوردستانی وەک ئەمانەتی پێشەوا قازی محەممەد و شکۆی نەتەوەیەکی سەربەخۆخوازی لە سوکایەتی پێکردنی دوژمنان و پیلانگێڕان پاراست.
لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ بارزانیی نەمر دوای دوازدە ساڵ ئاوارەیی گەڕایەوە عێراق، لەو ماوەیەدا بارزانیی نەمر چاوەڕوانی ئەوەبوو حکوومەتی عێراق و عەبدولکەریم قاسم تا کوێ بەدەنگ داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانەوە دێن، بەڵام دوای ئەوەی بارزانیی نەمر گەیشتە ئەو باوەڕەی کە حکوومەتی «عەبدولکەریم»یش داخوازییەکانی کورد جێبەجێ ناکات، بەغدای جێهێشت و گەڕایەوە بارزان، ئەوەبوو لە ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی هەڵگیرساند و کوردی کردە خاوەنی دەستکەوتی رێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠.
* دوای ئەوەی رژێمی بەعس زانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان نابێت، ئەویش پەنای بۆ رێککەوتنە پیلانگێڕییەکەی ٦ی ئازاری ساڵی ١٩٧٥ی جەزائیر برد، ئەگەرچی ئەو پیلانگێڕییە توانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بۆ ماوەیەکی کاتی بوەستێنێ، بەڵام هێشتا سەرگەرمی ئاهەنگی پیلانگێڕییەکە بوون، جارێکی تر شۆڕشی گوڵان بە فۆرمێکی نوێ و وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، پیلانگێڕانی ڕاچڵەکاند و ڕاستەوخۆ بە پیلانگێڕانی گوت: لە ئێوە پیلانگێڕی و لە ئێمەش پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان.
* لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە مرۆڤدۆستی و کوردپەوەریی بارزانیی نەمر، لە بەهاناوە چوونی ئەندرانیک پاشای ئەرمەن و شۆڕشی ساڵانی ١٩٣١ بۆ ١٩٣٢ دەستی پێ کردووە و تا ڕزگاریی کورد و سەربەخۆییی کوردستانیش بەردەوامی دەبێت، ئەگەرچی بارزانیی نەمر بە جەستە لەناومان نەماوە، بەڵام هەمان ئیرادەی مرۆڤدۆستی و کوردپەروەری لە ڕێبازێکی شۆڕشگێڕی و بڕوا بەخۆبووندا بۆ جێهێشتووین و دوا مەنزڵگای ئەو ڕێبازەش، ڕزگاریی کورد و سەربەخۆییی کوردستانە.