فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان “هەواڵێكی چەواشەكاری”ـی کەناڵێکی ڕاگەیاندن لەبارەی دامەزراندنی ڕێكخراوێكی (هاوڕەگەزبازی) ڕەت دەکاتەوە.

پێنجشەممە، 01-08-2024، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند “لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن دەزگایەكی ڕاگەیاندن كە زمان حاڵی حزبێكی كوردستانە، بەبێ بوونی زانیاری و بەڵگەی دروست و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی، بە چەند هەواڵێكی چەواشەكاری، فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە دامەزراندنی ڕێكخراوێك كە بە زمانی ئەوان (هاوڕەگەزبازی)ـیە. لە بنەڕەتدا بەكارهێنانی ئەو وشەیە دەچێتە چوارچێوەی شێواندنی دەروونی كۆمەڵگاکەمان”.

دەقی ڕوونكردنەوەکەی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان:

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن دەزگایەكی ڕاگەیاندن كە زمان حاڵی حزبێكی كوردستانە، بەبێ بوونی زانیاری و بەڵگەی دروست و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی، بە چەند هەواڵێكی چەواشەكاری، فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە دامەزراندنی ڕێكخراوێك كە بە زمانی ئەوان (هاوڕەگەزبازی)ە. لەبنەڕەتدا بەكارهێنانی ئەو وشەیە دەچێتە چوارچێوەی شێواندنی دەرونی كۆمەڵگاکەمان.

ئەم كەناڵە هەموو ئەو بەها ئەخلاقی و ئیتیكیانەی تێپەڕاندووە كە لە یاسایی ڕۆژنامەگەریی كوردستان ژمارە (35) ساڵی 2007 و بەڵێننامەی شەرەفی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان دیاری كراوە. پێشێلی پیشەی ڕۆژنامەنوسیشی كردووە چونكە بەبێ سەرچاوەی ڕاست و دروست هەواڵەكەی بڵاوكراوەتەوە، بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵەش بوو بە هۆی ئەوەی دوێنێ چەند کەس و لایەنەک كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕێك بخەن و بەیاننامەیەكی چەواشەكاری بێ بنەمای تێدا بەیان بكەن، كە وشە بە وشەی بەیانامەكە بێ بەڵگە و تۆمەتێكی دروستكراو و هەڵبەستراو و چەواشەكاریە لە پێناو شێواندنی دەرونی هاوڵاتیانی ئازیزی كوردستان.

ئێمە تێدەگەین مەرامی ئەم دەزگا و كەس و لایەنانە چیە و دەشزانین (ئایینی پیرۆزی ئیسلام) بەكار دەهێنن بۆ مەرامەكانیان و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە سۆزی هاووڵاتییان بەلای خۆیاندا ڕابكێشن، بۆ كۆكردنەوە و زیادكردنی چەند دەنگێك. بەڵام هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان زۆر بەئاگا و هۆشیارن لەبەرامبەر ئەم چەواشەكاریانەدا.

بۆیە ئێمە وەك تیمی نوێی سەرۆكایەتیی لە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان لەژێر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (1) ساڵی 2011 و پەیڕەوی ژمارە (4) كاروبارەكانمان بەڕێوە دەبەین و سەرقاڵی داڕشتنی پلانێكی تۆكمەین كە ڕێكخراوەكان ئازادانە لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكانی عێراق و هەرێمی كورستان كاروچالاكی گرنگ و كاریگەر ئەنجام بدەن بۆ بوژانەوەی ژێرخان و سەرخانی كوردستانی ئازیز، ئامانج و پەیام و خەمی گەورەی ئێمە پاراستنی نیشتمان و خۆشەویستی خاك و بەها باڵاكان و ئاكارە جوانەكانی كۆمەڵگەكەمانە بەهەموو نەتەوە و ئایین و پێكهاتەكانیەوە.

هەروەها لێپێچینەوەی یاسایی دەگرینەبەر بەرامبەر ئەو كەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانەی كە جگە لە چەواشەكاری و بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست، هیچی تر لە هەگبەیاندا نییە.

بە وزەیەكی نوێ و عەقڵێكی مەدەنییەوە كاردەكەین بۆ گەشەكردن و پێشخستنی ڕەوتی ڕێكخراوەیی لە هەرێمی كوردستاندا.

هەر لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین كە لە هەیكەلییەتی كارگێڕیی فەرمانگەكەماندا پلەیەك نییە بەناوی ڕاوێژكار، بەڵكو بەپێی پەیڕەوی ژمارە (4)/ ماددەی دووەم/ بڕگەی یەكەم: بەرزترین پلەی كارگێڕی لە فەرمانگەكەماندا (بەڕێوەبەری گشتی)ە.