خەبات: پەریهان عومەر:- شانۆکار و میوزیکژن و گۆرانیبێژ ڕەیان شۆرش عەلی، تەمەنی 25 ساڵە و دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر لە بەشی شانۆیە، ئێستا قوتابی کولێژی هونەرە جوانەکانە لە قۆناغی 3 بەشی شانۆ و سینەما. ڕەیان، لە دیدارێکدا بۆ خەبات باس لە ئەزموونی خۆی و کارەکانی لەنێو بواری هونەرەکەی کرد.
ڕەیان دەڵێت: سەرەتا ساڵی 2015 کە چوومە ناو بواری نواندن لە ڕێکخراوێکی لوبنانی بوو ( JRS) بە زمانی عەرەبی نواندنم کرد، باسی لە جگەرە کیشان دەکرد کە چ زیانێکی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، دواتر پاش ئەوە دەستم بەکاری نواندن کرد بە زمانی ئینگلیزی، هەروەها ڕەیان دەڵێت: نواندن لای من دەربرینی ئەو هەستانەیە کە لەناخمان شاردیتمانەوە یان ئەو هێزەی کە نیشانم نەداوە.
هەروەها لە بارەی میوزک و گۆرانی گوتنیش گوتی: مۆسیقا بۆمن خۆراکی ڕۆحە، خۆراکێکە پێش ئەوەی دەست بەکاری شانۆ و نواندن بکەم لە مۆسیقا دەستم پێکرد، سەرەتا لە قۆناغی یەکی سەرەتای ئەو بابەتانەی مامۆستاکەم پێی دەدام هەموویم دەکرد بەگۆرانی و ئەدام دەکرد، تاوەکو ئێستاش بەو شێوازە بەردەوامم گرینگترین بەشە لە ژیانم.
ڕەیان زیاتر دواو لەبارەی پاڵپشتیکردنی بۆ هونەر گوتی: وەکو پاڵپشتی هیچ کەس پاڵپشتم نەبووە، دەتوانم بڵێم زۆر شتیشم لە دەستداوە، زۆر کەسیشم لەدەستداوە، چونکە لەناو ئەو بوارە تاوەکو ئێستا هەر خۆم پاڵپشتی خۆمم، لە داهاتووشدا هەر خۆم پاڵپشتی خۆم دەبم، باسی کار و پڕۆژەی بۆ داهاتوو ئەو پڕۆژانەی بەنیازە ئەنجامیان بدات ڕەیان گوتی: وەک پڕۆژە زۆر شتم لە مێشکدایە نامەوێ پەلەی لێبکەم، بەڵام پەنا بەخوا بەرهەمی خۆم دەبێت چاوەڕوان بن.