خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- هونەرمەندی بەئەزموون و دیار (زەمەند نوری) لەوەڵامی چەند پرسیاڕێکی خەبات، سەبارەت بە ئەزموون و کارە هونەرییەکانی خۆی لە بواری میوزیک قسەی بۆکردین.

لەوەڵامی تێڕوانینی لەئێستادا لەچ ئاستێکدا دەبینێت زەمەند نوری گوتی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی گۆرانی و مۆسیقای كوردی كە خاوەنی فۆڕم و تایبەتمەندی خۆیەتی و بەشێك لە نووسەران ئاماژەیان پێكردووە، بەڵام ئێستا كە هونەری مۆسیقا لە چ ئاستێكە، بەڕای من ئەم پرسیارە بۆ ئێستا وەڵام دانەوەی ئاسان نییە، بە هۆی نزیك بوونەوەی فۆڕمە جیاجیاكانەوە لە جیهاندا و تێكەڵ بوون و نزیكایەتی كولتووری گەلان و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و تۆڕەکانی ڕاگەیاندنەکان، دەتوانم بڵێم تاڕادەیەكی باش فۆڕمەكان لە گۆڕانكاری بەردەوام و نزیكبوونەوە و ئاشنابووندان، بەڵام ئەم گۆڕانكاریانەش ئەوە ناگەیەنێت كە هەر نەتەوەیەك هونەر و ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات، ئەگەر مۆسیقای كوردی وەك دابەشبوونی جوگرافی سەیر بكەین كوردستانی باشوور بەلاواز ترین هێڵ دادەنرێت لەم ڕووەوە، چونكە كارەكان زۆر پەرشوو بڵاون و لە زۆربەی كارە هونەرییەكان فۆڕم و ڕەسەنایەتی بە لاوازی و شێواوی هەستی پێدەكرێت، ئەمەش چەندین هۆكاری هەیە، وەك: لاوازی ڕۆشنبیرییەكی هونەری و نەبوونی ڕەخنەگری پسپۆڕ، هەروەها پووكانەوەی تیپە هونەرییەكان و گرینگی نەدان پێیان، لەگەڵ زۆر هۆكاری دیکە.

هەروەها لەبەردەوامی قسەکانیدا لەبارەی میوزیک زەمەند نوری گوتی: كە باسی مۆسیقای كوردی دەكەین مەبەستمان توانای ژەنین نییە، چونكە ژەنیاری بە توانامان هەیە، بەڵام ئاوازدانەر مان نییە، یاخود هەشبن ڕێژەیان كەمە، كەسانێكیان هێناوەتە پێشەوە كە ناسراون وەك مامۆستا و ئاوازدانەر كە هیچ بنەمایەكی نییە، بەڵكو بەربەستێكن لەبەردەم ڕەوتی بەرەوپێش چوونی مۆسیقا و گۆرانی كوردی، كە ئەمە خاڵە هەرە سەرەكییەكەیە، بۆیە بەهۆی ئەم خاڵانەی سەرەوە هۆكارن بۆ چەق بەستوویی هونەر، بەڵام هەر ئەوە هۆكارنییە، هۆكاری دیکەش زۆرن، بۆ خۆدەربازكردن پێویستمان بە ڕێكخراوێكی ناحكوومی هونەری تۆكمە هەیە ببێت بە چەترێک بۆ هەموز هونەرمەندان بەبێ جیاوازی و دوور لە حزبایەتی، كە زۆبەی بەشەکان لە خۆبگرێت بە شێوەیەكی پڕاكتیكی و زانستی وەك توێژینەوەی هونەری، ئەنجامدانی سمیناری هونەری، سازدانی فیستیڤاڵی ساڵانە و برەودان بە هونەری میللی لەسەر بنەمای زانستی و بوژاندنەوەی تیپە هونەرییەكان و برەودان پێیان.