سهرهتا وتار جەنابی سەرۆک وەزیران… ئێمەش دڵخۆشین لێرە بین و بمێنینەوە و نەک بڕۆین
شاد حمەئەمین
کۆچ کردن وا پێناسەدەکرێ، بریتیە لە جێهێشتن و ڕۆیشتنی مرۆڤ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە، زۆرجاریش کۆچ کردن لەسنووری ناوخۆی وڵاتێکدا دەکرێت واتە لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکەی هەمان وڵات، زۆرجاریش سنووری چەندین شار و وڵات دەبڕێت تاکوو دەگاتە ئەو جوگرافیایەی کۆچی بۆ دەکات.
کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستان ، کۆچکردن نییە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە، چونکە لەگەڵ بوونی کۆمەڵێک کەس کە کۆچ دەکەن لەئەنجامی نەبوونی هەلی کار و ژیانێکی شایستەدا، کۆمەڵێکیش دەبینیت لەناو ژیانێکی شایستە و هەبوونی هەلی کاردا دواجار هەر کۆچ دەکەن، کەواتە لێرەوە تێدەگەین کۆچی ئێستا هەڵهاتن نییە لە دۆخێکی ناسەقامگیر و نەبوونی هەلی کار، بەڵکوو نەبوونی متمانەیە و دواجار هەمووان دەیانەوێت بڕۆن و ئێرە جێبهێڵن.
ئاخر ناگونجێت! تۆ نیشتمان جێبهێڵیت لەبەر دۆخێکی ناسەقامگیری کاتی، بەڵام مەترسییەکی هەتا هەتایی بگریتەبەر، چۆن دەگونجێت گەنجێک ئامادە نەبێت لە وڵاتی خۆیدا هەندێک کار بکات!!بەڵام کۆچ بکات بۆ وڵاتێکی دیکە و ئامادەیی بۆ هەموو کارێک هەبێت. لێرەوە دەگەین بە بەشێکی دەرئەنجامی کۆچی گەنجان کە پاڵنەرێک و کەسانێک لە پشت کۆچی گەنجانەوەن کە کۆچ بکەن.
لێرە(واتە کوردستان) گەنج کۆچی نەکرد و مایەوە، بەرگەی کیمیاباران و ئەنفال و برسی کردن و ڕاگواستن و سوتانی گرت، بەڵام چۆکی دانەدا، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گەنجان لە کوردستان ئامادەبوون بمێننەوە و لێرە بمرن، نەک بڕۆن لەپێناو مانەوە! ئەی ئێستا ئەگەر مانگێک مووچە دوابکەوێت گەنج بۆ کۆچ دەکات و نامێنێتەوە..؟! دەبێت بزانن، چونکە کار لەسەر ئینتیمای گەنجان دەکەن، بەجۆرێک گەنج نەتوانێت توانای مانەوەی مانگێک ناڕەحەتی هەبێت، بەڵام توانای ڕۆیشتنێکی هەیە دەیان مانگ ڕێگایەکی سەخت و دژوار بگرێتەبەر و کۆچ بکات و بڕوات، کە ڕەنگە پێش گەیشتن بە شوێنی مەبەست مەرگی پێش کەوێت و لەو ڕێگا سەختەدا کۆچی یەکجاری بکات نەک لە وڵات بەڵکوو لەژیان.
بەهاکانی کۆچ کردن پێویستە بەهێز بن نەک بیانوو بن، تاوەکوو مرۆڤ نیشتمانی بۆ جێبهێڵێت. ئەوەی ئێستا هەیە کۆچکردنی بەشێکی زۆری گەنجەکانمان بیانووە، دروستە هەندێک لەو گەنجانە کۆچ دەکەن لەبەر نەبوونی هەلی کار و ژیانێکی شایستە، بەڵام ناگونجێت کەسانێکیشی تێدا بێت دامەزرابن و خاوەن ژیانێکی شایستەبن، بەڵام کۆچ بکەن!!. کۆچ بۆ گەنجان بڕیارێکی ئاسان نییە، گرنگە تێبگەین هەرچەند مانەوە قورس بێت، کۆچ کردن قورسترە، گرنگە گەنجەکانمان بزانن، ئەوانەی کۆچیان کردووە چۆن ڕۆیشتوون، ئایا دەزانن کۆچ کردن؛ چۆن بەرەو ڕێگای ژیانت دەبات، ڕەنگە ئاواش بەرەو مەرگت ببات. دڵنیام مەرگی دەیان گەنجی ئەم نیشتمانەتان بینیوە کە ڕەنگە بەشێکی ئەو گەنجانەش کەس وکار و هاوڕێ و دۆستان بووبن.
گرنگە پرسیار لەخۆتان بکەن چ شتێک یاخود چ کەسێک هاندەرتان بوو تاکوو کۆچ بکەن، لەکاتێکدا ئەوانەی بۆ ئێوە هاندەر بوون کۆچ بکەن خۆیان بۆ مانەوەیان هەڵبژارد؟ کاتێک تێگەشتن لەوەی هیچ هاندەرێک نییە و هاندراون بەمەبەست، نەک کۆچ ناکەن؛ بەڵکوو دەگەڕێنەوە بۆ نیشتمان ئەگەر کۆچیشتان کردبێت! بۆ دەگەڕێنەوە نیشتمان، کۆچت بۆ ژیان کرد نەک بۆ ژان!، ئازاری دووری و غەریبی و ئەو هەموو وێنایەی لە خەیاڵت درو ستت کردبوو، ڕەنگە بەخەیاڵیش پێی، نەگەیت، قورسە لە وڵاتێکی غەریبدا دوور لە هەموو شتێک بتەوێت هەموو شتێک بەدەستبهێنیت، لەکاتێکدا لە نیشتمانی خۆتدا هیچت بەدەست نەهێنابێت.
تۆ کە نەتوانیت لەگەڵ دۆخە سەختەکانی نیشتمانی خۆت هەڵبکەیت، چۆن دەتوانیت لەوڵاتێکی دیکە خۆت ڕابهێنیت و بەرگەی بگریت. جا گرنگە پێش گەڕانەوە بڕیاری ڕۆیشتن نەدەیت، گرنگە تێبگەیت هیچ شوێنێکی دونیا هێندەی نیشتمان شیرین نییە، کۆچکردن لە کوردستان ساڵانی ڕابردوو بەو جۆرە دەستیپێکرد، کە شەڕی داعش قەیرانی دارایی، نەبوونی مووچە و نەبوونی هەلی کار بووە هۆکارێکی بەهێز و پاڵنەرێک تاکوو گەنجان کۆچ بکەن بۆ بەدەستهێنانی ژیانێک کە شایستەی ئەوان بێت. بەڵام کۆچی ئێستا هیچ پاڵنەرێکی بەهێز نییە بۆ گەنجان تەنها بیانوو نەبێت، چونکە لە ئێستا جیا لەوەی بەشێکی ئەو هۆکارانە نەماون، هۆکاری مانەوەش زیاترە وەک لە هۆکاری ڕۆیشتن، کە ئەویش هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گەنجان لە زیادبوونی هەلی کار، ڕەخساندنی دەرفەتی گرنگ بۆ گەنجان و باشتربوونی دۆخی ئابووری و گرنگیدان بە دەستی کاری ناوخۆیی و دەستپێکردنەوەی دامەزراندن لە لایەن حکومەت، لێرەوە وەڵامی داواکەی سەرۆکی حکومەت دەدەینەوە کە ڕایگەیاند دڵخۆشین لێرەن، نەک لەوێ. ئێمەش دەڵێن دڵخۆشین بە هەنگاوەکانتان کە وامان لێدەکات لێرە بین و بمێنینەوە، نەک بڕۆین و لێرە نەبین.
*جێگری سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە