بۆ ئاڵای كوردستان لە ئۆڵۆمپیاد هەڵناكرێت؟

904

د. قاسم مەندەلاوی
جیهان لە وادەی ئاهەنگی كردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 نزیك دەبێتەوە ( 26ـی تەمموز تاكو 11ـی ئاب)، بۆ زانیاری پاریس بۆ جاری سێیەمە میوانداری ئەم یارییانە دەكات، جاری یەكەم لە ساڵی 1900 و جاری دووەمیش لە ساڵی 1924دا بوو، كاتی ئەوە هاتووە كە گەلی كوردمان و (جیهان) ئاڵای كوردستان، كە نوێنەرایەتی زیاتر لە 50 ملیۆن كەس دەكات، ببینن لە نێو ئاڵای 206 وڵاتی بەشداربووی ئەم خولە جێگەی خۆی گرتووە و دەشەكێتەوە.

ئاڵای هەندێ وڵات و دوورگە لەوێ هەیە، كە ژمارەی دانیشتوانیان لە ژمارەی دانیشتوانی شاری سلێمانی، یان شاری دهۆك لە هەرێمی كوردستان، یان شاری كرماشان، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، یان شاری قامیشلۆ، لە ڕۆژئاوای كوردستان، یان شاری ماردین، لە باكووری كوردستان زیاتر نییە، وەك (سان مارینۆ، ژمارەی دانیشتوانی 34 هەزار كەسە)، (جامایكا، ژمارەی دانیشتوانی 850 هەزار كەسە)، (دوورگەی ڤیجی، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 937 هەزار كەسە)، (دوورگەكانی قەمەر، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 877 هەزار كەسە) و چەندین وڵات و دوورگەی دیكە، كە لە ژێر ئاڵاكانی خۆیانەوە، بەشداریی لە ئاهەنگی كردنەوە، چالاكی و پێشبڕكێی یارییە ئۆڵۆمپیەكاندا دەكەن. ڕاستییەكەی پاڵەوانانی كورد بەشداریی لە یارییەكانی ئۆڵۆمپی و پاڵەوانیەتییەكانی جیهانی لە زۆر یاری وەك (بەرزكردنی قورسایی، زۆرانبازی، بۆكسێن، تۆپی پێ و هی تردا) دەكەن، ملوانكەی زێڕ، زیو و برۆنز بەدەست دەهێنن و ژمارەی پێوانەیی ئۆڵۆمپی و جیهانیش دەشكێنن، بەڵام لەژێر ئاڵای وڵاتانی داگیركەری كوردستان، نەوەك ئاڵای كوردستاندا (چونكە گەلی كوردمان تاكو ئێستا خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نییە).

ئەم گەلە چەندین ساڵ خەباتی كردووە و تاكو ئەمڕۆش لە خەبات كردن بەردەوامە، چەندین ڕووبار خوێنی پاكیشی لە پێناوی (سەربەخۆیی كوردستان) پێشكەش كردووە، بەڵام بێ هودە بووە. نامانەوێت هۆكار و فاكتەرەكان لەم گوتارە تایبەتە بە یارییەكانی ئۆڵۆمپی باس بكەین، بەڵام شتێكی گرنگ بۆ گەلی كوردی تێكۆشەرمان ئەوەیە، چاو بخاتە سەر (دروست كردنی پاڵەوانان)، بەتایبەتی لە وەرزشە تاكەكەسییەكاندا (یارییەكانی هێز، زۆرانبازی، بەرزكردنەوەی قورسایی، بۆكسێن، شمشێربازی، جودۆ/تایكواندۆ، مەلەوانی، بازدان بۆ ناو ئاو، تیرەندازی (نیشانەشكێنی)، ئەسپسواری و هی تریش)، با لەڕێگەی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، یەكێتی و یانە وەرزشییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها یانە وەرزشییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانەوە بێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش (دروست كردنی پاڵەوانان) زۆرپێویستە گرنگی بەم خاڵانەی لای خوارەوە بدرێت:- .

یەكەم: پلاندانانی زانستی بۆ بەڕێوەبردنی لیژنەی ئۆڵۆمپی، یەكێتی و یانە وەرزشییەكان. بەڵام پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆك و ئەندامان بۆ سەرۆكایەتی كردنی دەستە كارگێڕییەكان لە پسپۆڕانی لێهاتوو و دڵسۆزان بێت، بۆ ئەوەی ئاستی ئەم دامەزراوە وەرزشییە ئۆڵۆمپیانە بەرز بكەنەوە و بە ئامانجی دروست كردنی پاڵەوانان بگەن.
دووەم: دروست كردنی دامەزراوەی وەرزشی وەك: یاریگە، هۆڵی سەرگیراو و مەلەوانگە (بە تایبەتمەندی نێودەوڵەتی و ئامادەكراو بە ئامێر و كەرەستەی وەرزشی نوێ).
سێیەم: دروستكردنی یانەی وەرزشی لە ناوچە نزیكەكان لە قوتابخانە و شوێن و كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون، سەرباری تۆڕی گواستنەوە بۆ هاتوچۆكردن بۆ گۆڕەپان و یاریگەكان.
چوارەم: ئەنجامدانی پێشبڕكێی ناوخۆیی لە چوارچێوەی پلان و وادەی ورد بۆ تیپە وەرزشییە جیاوازەكانی كوردستان، بە ئامانجی بەدەستهێنانی دەستكەوتی وەرزشی ئۆڵۆمپی و نێودەوڵەتی.
پێنجەم: ئامادەكردنی ڕاهێنەرانی لێهاتوو، بۆ ڕاهێنان كردن بە بەهرەمەندانی وەرزشیی لە قوتابخانەكان، زانكۆ و یانە وەرزشییەكان، كردنەوەی خولی تایبەت بە ڕاهێنانی وەرزشی لە ناوخۆی كوردستان، هەروەها ناردنی ڕاهێنەران بۆ بەشداری كردن لە خولی ڕاهێنانی تایبەتمەندیش لە دەرەوەی كوردستان گرنگە.
شەشەم: هاوكاری نێوان ڕاهێنەر و دەروونناسەكان لە بوارەكانی ڕاهێنان، پێشبڕكێ، پاڵەوانیەتی و دروست كردنی پاڵەوانان.
حەوتەم: بەشداری كردنی هەڵبژاردەكانی كوردستان لەو پاڵەوانیەتی و پێشبڕكێیانەی كە لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراقدا ئەنجام دەدرێن.
هەشتەم: بەشداری كردنی تیپ و یانە وەرزشییەكانی كوردستان لە پاڵەوانیەتییەكانی دەرەكی (عەرەبی، كەنداو، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی).
نۆیەم: ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی و پێشبڕكێی نێودەوڵەتی، وەك ئەوەی بەم دواییانە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، لە شاری سلێمانی لەژێر ناونیشانی (گەورەی گەردوون، بۆ لەشجوانی پیاوان) ئەنجامدرا، كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ میوانانی شاندی یەكێتی نێودەوڵەتی لەشجوانی لە كیستی خۆی و بە بەشداری 15 تیپی نێودەوڵەتی لە پاڵەوانیەتییەكەدا میوانداریی كرد، جگە لە بەشداریی تاكەكەسی لەلایەن پاڵەوانانی ئەوروپا و بەشداری كردنی هەڵبژاردەی فەلەستین لەسەر كیستی یەكێتی لەشجوانی عێراقدا.
و: ڕەمزی میرەكانی