لە كابینەی نۆیەمدا تەنیا لە نەمامگەكانی شارەوانیی هەولێر، نزیكەی 800 هەزار دار و گوڵ بەرهەم هێنراون.
ئەمڕۆ سێشەم 23ـی تەمووز، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی كردووەتەوە، لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بایەخدانی زیاتر بە بەرهەمهێنانی خۆماڵی و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی، گرنگیی زۆری بە نەمامگەكانی شارەوانی دا و بەهۆیەوە ئاستی بەرهەمێنانی دار و گوڵ لە نەمامگەكانی شارەوانیدا بەرز بووەتەوە.
باس لەوەش كراوە، لە ماوەی كابینەی نۆدا، تەنیا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، زیاتر لە 423,400 گوڵ و 361,048 دار بەرهەم هێنراون و لە شوێنە جیاوازەكانی شاری هەولێردا چێنراون، بەهۆیەوە ڕێژەی سەوزایی لە شارەكەدا نزیك بووەتەوە لە 20% و هەوڵەكانی بەرزكردنەوەی ئەو ڕێژەیەش لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانی و ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بەردەوامە.
بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێری سەربە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە ماوەی پێنج ساڵی كابینەی نۆدا (2019 تا 1/6/2024) زیاتر لە (784،448) دار و گوڵ لە نەمامگەكانی شارەوانیی هەولێر كە لەلایەن شارەوانییەوە سەرپەرشتیی دەكرێن، بەرهەم هێنراون و دواتر لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكان و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر چێنراون.