سهرهتا وتار شۆڕشەكانی كورد لەبەر ڕۆشنایی فەلسەفەی ئێكزێستنشیالیزم
د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
(ئێكزێستنشیالیزم) بیرۆكەیەكی فەلسەفییە جەختدەكات لە بوونی تاك وەك كارەكتەرێكی ئازاد و بەرپرس، كە پێشڤەچوونی لەچوارچێوەی كار و خواستەكانی خۆی دیاری دەكرێت، هەرچەندە بیروباوەڕەكانی فەیلەسوفەكانی وەك سۆرێن كركگارد، فریدریك نیچە، مارتین هایدگێر، و سیمۆن دۆبۆڤاریش دەربڕین لە فەلسەفەی بوونگەرایی (وجوودی) دەكەن، بەڵام دەبێ بنەما سەرەكییەكانی ئەم فەلسەفەیە لە نووسینەكانی ژان پۆل سارتەر بدۆزرێنەوە كە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە فرەنسا سەریهەڵداوە.
لە نووسینەكانی نیچە دەبینین كە ئاماژە بەوە دەكات كە مرۆڤەكان داهێنەرن و بۆ ئەوەی ژیانێكی واتاداریان هەبێ، دەبێ خۆیان بەهاكانی خۆیان دابهێنن و دابنێن، و دەبێ سنوور و ئاڵنگاری و ئاستەنگەكان تێپەڕێنن تاوەكوو لە هێز و وزەی دەرونیی خۆیان تێبگەن و بیناسن. سارتەریش، وەك لە پەرتووكە بەناوبانگەكەی خۆی بە ناوی (هەبوون و نەبوون)دا هاتووە لەو بڕوایەدایە كە مرۆڤ مەحكومە بە ئازادی، چونكە لەگەڵ ئەوەی كە چاوی بەم جیهانە هەڵدێنێ بە بەرپرسیاری هەموو ئەو شتانە دادەنرێت كە ئەنجامی دەدات.
لە جیهانبینیی خۆیدا، سارتەر، مرۆڤگەرایانە بیر دەكاتەوە نەك خۆداگەرایانە. لە ڕوانگەی سارتەر مرۆڤەكان ئازادن لە ژیانێكی واتادار و بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی ژیانیان، خۆیان كاری هەڵبژاردن ئەنجام بدەن و هەر خۆشی بەرپرسیارێتی ئەو هەڵبژاردنانە لەئەستۆ بگرن و هیچ شتێكی لەو جۆرە كە پێشتر بڕیاری لەسەردرا بێت لە ئارادا نییە.
ئەم فەلسەفەیە هاندەری مرۆڤە بۆ ڕەسەنایەتی و بەڵێندان بە خودی خۆی، و نەمانی متمانە، گۆمان، بێئۆمێدی نیشانە لاوەكییەكانی ئازادیی مرۆڤن لە هەڵبژاردندا. ئەم فەلسەفەیە پێی وایە كە هەر شتێك ئامانج و مەبەستێكی لە پشتە. هەرچەندە كە سارتەر بڕوای وایە كە ئەم جیهانە خۆڵقێنەرێكی نییە، هەربۆیەش ئامانج و واتایەكی تایبەتی نییە، و مرۆڤیش وەك بەشێك لە سروشت بەدەر نییە لەم یاسایە. بەڵام ئەو پێی وایە كە گیانەوەران و گژ و گیا و دار و درەختەكان بێئاگان لە بوون و واتای ژیانی خۆیان، بەڵام مرۆڤ، بەپێچەوانەی ئەوان، لە بوونی خۆی بە ئاگا و هوشیارە و هەروەها دەزانێ كە دەكرا كە بوونی نەبێ و دەشزانێ كە ڕۆژێك دادێت كە دەمرێ. كەواتە بوونی مرۆڤ، بە بەراورد لەگەڵ واتای ژیانی، لە پێشترە. مێشك و زێهنی مرۆڤ فاكتەرەكانی بوونی ئەو دروست دەكەن و واتا و ئامانجەكانی ژیانی پێناسەدەكەن.
واتا و ئامانجەكانی ژیانی مرۆڤ، پێشتر دانەنراون و بڕیاریان لەسەر نەدراوە. بەڵكوو، وەك سارتەر دەڵێ، هەر مرۆڤێك خۆی واتا و ئامانجەكانی ژیانی خۆی دیار و دەستنیشان دەكات. ئەو پێی وایە، مرۆڤ وەك ئەكتەرێكە كە لەناكاو فڕێ دەدرێتە نێو گۆڕەپانی فیلمێكدا و دەبێ ئەو خۆی ڕۆڵی خۆی بە جوانترین شێوە ببینێ. كاتێك كە بیری دێت كە دەبێ ڕۆژێك بمرێ و ئەم جیهانە بەجێبهێڵێ و ژیان هیچ ئامانجێكی نەبێ، ئا لەو كاتەدا تووشی ترس و دڵەڕاوكێ و خەمۆكی دێت و لەم جیهانە بێ واتایەدا هەست بە نامۆیەتی و بێگانەبوون دەكات و پاڵی پێوەدەنێت كە هەست بە پووچی بكات. بەواتایەكیتر ئەگەر مرۆڤ خۆی بۆ خۆی و بۆ ژیانی خۆی ئامانج و واتایەك دانەنێ، هەست بە پووچی دەكات، بۆیە سارتەر هانی مرۆڤ دەدات بۆ ئافراندنی واتایەك بۆ مانەوەی خۆی و دانانی ئامانجێك بۆ بەردەوامیدان بە ڕێڕەوەی ژیانی خۆی. وەك پێشتریش ئاماژەمان پێدا، مرۆڤ، بە بڕوای سارتەر، مەحكومە بە ئازادی، چوونكە ئەو بۆ بوون و هاتنە ئەم جیهانەی خۆی بڕیاری نەداوە و هیچ دەسەڵاتێكی تیایدا نەبووە، هەرچەندە كە ئەو وای بۆ دەچێ كە ئەم ئازادی و هوشیارییەی لەبارەی خودی خۆی لە لایەن مرۆڤەوە، نیعمەت نییە، بەڵكوو بەڵایەكە تووشی هاتووە و لای گیانەوەرانیتر بوونی نییە.
سارتەر پێی وایە هیچ پێوەرێكی دیاریكراو و هەمیشەیی نییە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ژیانی خۆیدا هەڵبستێ بە هەڵبژاردنێك، بەڵام دەبێ بەرپرسیارێتی ئەو هەڵبژاردنانە لەستۆبگرێ. ئەو كەسانەی كە خەڵكانیتر ئامانج بۆ ژیانەكەی دادەنێن شوناسی خۆیان ون دەكەن، چونكە بە پێی پێوەری كۆمەڵایەتی و بیروباوەڕی كەسانیتر دەجووڵێن و شوناس و ناسنامەی خودی خۆیان پشتگۆێ دەخەن.
ئازادی و ئۆتۆنۆمیی كەسێتی ئەو بەرپرسارەتییە دەخاتە ملی مرۆڤ كە وەك بووكەشووشە نەبێ. ژیانی ڕاست و دروست بەرهەمی هەڵبژاردنی ڕەوشتییانە و دروستە. ئەوانەی كە كاری دوور لە ڕەوشت و نابەرپرسیارانە ئەنجام دەدەن و دواتر ئۆباڵی دەخەنە ئەستۆی فاكتەری دیكەی وەك چارەنووس، كۆمەڵگە، خەڵكانیتر، و شانس و بەخت و …هتد، ئەمانە هەمووی بەهانەن و ڕاكردنە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، ئەگەرچی سارتەر پێی وایە كە ژیان هیچ واتا و ئامانجێكی لەپشت نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە لە ژیاندا هیچ شتێك بۆ مرۆڤ بە گرنگ نەزانرێت. بەواتایەكیتر سارتەر نهێلیست و پووچگەرا نەبووە، بەڵكوو پێداگرە بەوەی كە لەگەڵ ئەوەی كە وێڕای بێواتابوونی ژیان، بەڵام ئەركی سەرشانی مرۆڤە كە دەبێ خودی مرۆڤ واتای پێ ببەخشێ.
لێرەدا بە گرنگی دەزانین خوێنەری كورد بزانێ كە نەتەوەی كورد لە كۆێی هاوكێشەكانی ئەو فەلسەفەیەیە. ئەگەرچی كۆمەڵگەی كوردەواری لە هەزاران تاك پێكدێت كە هەر یەكەیان، وەك فەلسەفەی ئێكزێستنشیالیزم بۆی دەچێ، دەبێ خۆیان بۆ ژیانی تایبەتی و جیاوازی خۆیان ئامانجی دیاریكراو دابنێن و واتای پێببەخشن، بەڵام ئەو كۆمەڵگەیە لە پێكهاتەی گشتیی خۆیدا، لە كۆمەڵێك مرۆڤ پێكدێت كە بەیەكەوە كۆمەڵگەی گشتی كوردەواری دروست دەكەن، كە خاوەن ئەزموون، بەها و داب و نەریتی هاوبەشن، كە لە هەمان كاتدا ئاراستەیان دەكات. كورد، وەك نەتەوەیەكی دابەشكراو و ستەملێكراو، لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆیدا بە چەندەها قۆناغی سەختدا دەرباز بووە، كە لەگەڵ ئەوەی كە هەر قۆناغێك و پارچەیەك تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا زۆر خاڵی هاوبەشیان هەن. ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی نەتەوەی كورد هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.
لە ڕابردوودا، كورد بە هوشیاری و هەستكردن بەو زۆڵم و زۆردارییەی لێی كراوە و ئەو تاوانە نامرۆڤییانەی لە دژی ئەنجامدراون، دەستەوئەژنۆ نەبووە، بەڵكوو بە خەباتی بێ وچانی خۆی هەوڵیداوە واتا و مانا بە ژیانی خۆی ببەخشێ، و بتوانێ لە سایەی خەباتی چەكداری بەشێك لە مافەكانی خۆی بەدەست بهێنێ. بۆ نموونەش شۆڕشی ئەیلوول، كە بە ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر، كورد بە هەموو چین و توێژەكانیەوە و لە ژێر سێبەر و چەتری ئەم شۆڕشە لە پێناو ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی خەباتی كرد و دەستكەوتی مەزنی هەبوو كە بەیانی 11 ئادار نموونەكەیەتی.
ئەگەرچی لەو قۆناغە سەختانەدا، بەها ڕەسەنەكانی خۆی لەیاد نەبردووە، تەنانەت لەو خەباتە سەخت و چەكدارییەشیدا، ئەوپەڕی ڕێزی بۆ مرۆڤایەتی، تەنانەت نەیارانیشی هەبووە، كە لە لاپەڕەكانی مێژوودا نموونەی زۆرن، وەك ئەو هەڵسوكەوتە جوانەی كە پێشمەرگە قارەمانەكان و كوردستانییان لەگەڵ دیلەكانی رژێمی بەعس و سەدامی گۆڕبەگۆڕ لەكاتی ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 كردیان و هەموو ئەو سەربازانەی ئازاد كرد كە دەستیان لە تاوانەكانی پێشووتری دژ بە میللەتی كورد هەبووە. ئەوە خۆی لە خۆیدا، بەشێكە لە واتاداركردنی ژیان، لە لایەنی تاكی كورد، كە دەریدەخات سەرباری هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خۆی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئێكزێستێنشیالیزمدا، و لە سۆنگەی هەڵگرتنی ئەركی بەرپرسیارێتی بەرامبەر كەسان و نەتەوەكانیتردا، دەزانێ كە هەرگیز نابێ لە سایەی دەسەڵاتی كورددا زۆڵم و زۆرداری لە كەس و نەتەوەیتر بكرێت.
و ئێستاش و لە قۆناغی دیپلۆماسیدا، كورد هەمان ئەو ڕێچكە راست و دروستەی پێشووتری هەڵبژاردووە، و لەگەڵ ئەوەی كە بە خەباتی سیاسی هەوڵی دەستەبەركردنی مافە زەوتكراوەكانی خۆی دەدات و لێرەدا دەیەوێ واتا بە ژیانی خۆی ببەخشێ، و لە هەمانكاتدا و وەك قۆناغی خەباتی چەكداری، خۆی بە بەرپرسیاری هەر ڕەفتارێكی خۆی بزانێ و بە هەڵبژاردنی دروست ژیانێكی دروست بۆ خۆی دروست بكات، وەك ئەوەی خەڵك و نەتەوەكانیتر هەیانە، بەشێكن لەو پێداویستییە كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژیانەی بۆ بوونی هەر مرۆڤێك بە پێویست و گرنگ دەزانرێت، و ئەوە هەمان ئەو بەها جوانانەن كە فەلسەفەی ئێكزێستێنشیالیزم بانگەشەی بۆ دەكات و جاڕی بۆ لێدەدات.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ