خەبات: پەریهان عومەر:- ساڵانێكە ئافرەتانی كورد چاوەڕێی دامەزراندن و مووچە ناكەن و هەر یەكەو بە توانای جیاواز و بەهرەی تایبەت ڕێگەیەك بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان دەدۆزنەوە و توانیویانە بەسوود وەرگرتن لە جیهانی نوێی پەیوندییەكان بازاڕ بۆ كارەكانیان دابینبكەن. خاتوو جوان حاتەم ئیبراهیم خاوەن بڕوانامەی ئەكادیمییە، بەڵام دروستكردنی سابوونی سرووشتی دەستكردی وەك پیشەیەك بۆخۆی دیاریكردووە. لە دیدارێكی تایبەت بە خەبات وەڵامی پرسیاری ئێمەی دایەوە.
*بیرۆكەی ئەم كارەت لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە؟
بیرۆكەی ئەو ئیشەم لە ئافرەتێكی خزمی خۆمان وەرگرت بە هەموو وردەكارییەكان لە پێكهاتە سەرەكییەكانی سابوون، ئەو گژوگیا و ڕووەكانەی لە دروستكردنیدا بەكاردێ، چۆن وشك دەكرێتەوە و چۆن هەڵدەگیرێ و ماوەی چەند هەڵدەگیرێ هەتا پێدەگات و گونجاو دەبێ بۆ بەكارهێنان كە ئەو زانیارییانەم لە دەفتەری تێبینیەكانم نووسییەوە، ئینجا وردە وردە دەستمكرد بە كۆكردنەوەی كەرەستە سەرەتاییەكان هەرچەند بەئاسانی دەستم نەدەكەوتن، چونكە زۆربەی ئەو كەرەستانە ناویان لە بازاڕ گۆڕابوو، بەو هۆیەوە كارەكانم وەستا تا كاتی كەرەنتین، لەو كاتەدا ساڵێك بە شێوەی ئۆنلاین خوێندم ناوی ماددەكان و پێكهاتە سەرەكییەكانی سابوون فێربووم. دوای وەرگرتنی بڕوانامەی ئەكادیمی لەو بوارەدا دەستمكرد بە دروستكردنی سابوون لەساڵی (2021) ماوەی سێ ساڵ دروستمكرد و خۆبەخشانە هاوڕێكانم تاقیان دەكردەوە و لە ئەنجامەكەی ئاگاداریان دەكردمەوە، چەندین توێژینەوەم لەسەری كرد هەتا گەیشتمە دەرەنجامێكی باش و كواڵتی باش لە سەر ئاستی بەرهەمەكانی بازاڕ بێت بگرە زیاتریش.
*پێكهاتەی ئەو سابوونانەی تۆ بەرهەمی دێنی چۆنن؟
ئەو سابوونەی من هەمووی بەرهەمی سرووشتییە و هیچ پێكهاتەی كیمیاوی تێدانییە، لە زەیتی سرووشتی و ڕووەك و میوەی سرووشتی دروستدەكرێت و هیچ كاردانەوەیەكی زیانبەخش دروستناكات و ژینگە لە پیسبوون دەپارێزێت. پڕۆژەكەم پێشكەشی زانكۆی جیهان كرد ئەوانیش بە سوپاسەوە لێیان وەرگرتم ئیستا لەسەر قەڵای هەولێر لە ماڵی ڕۆشنبیری زانكۆی جیهان شوێنێكم هەیە و بە دەست دروستی دەكەم.
*هەوڵتداوە كەسیتر فێر بكەی؟
هەتا ئێستا نەمتوانیوە كەس فێر بكەم، چونكە شوێنم نییە بۆ ڕاهێنان، لە داهاتوودا ئەگەر حكوومەت ئاسانكاریمان بۆ بكات پڕۆژەكە گەورە دەكەم و چەندین خاتوون فێری ئەو پیشەیە دەكەم و هەلی كار بۆ چەندین كەس دڕەخسێنم، بێشك هەموو ئەمانە جگە لە هەوڵی من پاڵپشتی و شوێن و پێداویستی تایبەتی دەوێت.









