سەرۆكی سەندیكای زێڕنگرانی هەولێر

خەبات: بڕیار كۆیی:- نرخی زێڕ لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، بۆ چەند كاتژمێرێك نڕخی ئۆنسەیەك بە ڕێژەی بەرچاو بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 2480 دۆلار، بەڵام لە کۆتایی هەفتەدا، کۆی قازانجەکانی ئەو هەفتەیە لەدەست دا، ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا و نرخەکانی کۆفرۆشی لەو وڵاتە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار. چونکە هەر گۆڕانکاری لە بەهای زێڕ کاریگەری لەسەر نرخی دۆلاریش دەبێت.

هندرێن وەرتی، سەرۆكی سەندیكای زێڕنگەرانی هەولێر بە (خەبات) ڕاگەیاند، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا نرخی زێڕ گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا هات و ئەمەش پێشبینی كراو بوو هەرچەندە دواتر نرخەكەی جارێكی دیكە دابەزییەوە بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەی ناوەندە پێشكەوتووە ئابوورییەكانی جیهان و پسپۆڕانی ناسراوی بوارەكە، نرخی زێڕ تاوەكو ساڵی 2027 دەگاتە دوو هێندەی ئێستا، واتا، نرخی ئۆنسەیەك زێڕ بۆ 5000 دۆلار بەرز دەبێتەوە.

گوتیشی: پێشووتر پێشبینی ئەوە كرابوو كە نرخی زێڕ لە ساڵی 2023دا دەست بە بەرزبوونەوەی بەرچاو دەكات و تاوەكو كۆتایی ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت بەڵام بابەتی كۆڕۆنا و شەڕی ئۆكراینا و ڕووسیا و چەند بابەتێكی دیكەی جیهانی، كاریگەرییان هەبوو لەسەر دواكەوتنی بەدیهاتنی ئەو ئەگەرە، بەڵام دواجار ئەمساڵ ئەو ئەگەر و پێشبینییە بەدیهات و ئێستا نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

سەبارەت بە بازاڕی زێڕیش لە هەرێمی كوردستان، وەرتی ئاماژەی بە ئەوە دا كە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە گشتی و ناجێگیریی نرخەكە بەتایبەتی بازاڕی زێڕنگەران كز دەكات و تەنیا ئەو كەسانە كڕیاری زێڕن كە پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن، لای خۆیەوە گەورە بانکێکی ئەمریکی دەڵێت، ئەو هۆکارانەی نرخی زێڕیان گەیاندووەتە بەرزترین ئاستی مێژوو، هێشتا ماون و پێشبینیش دەکرێت بمێنن. ئەمە مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی مسقاڵی زێڕیش دروست دەکات.بانکەکە دەڵێت، هەریەک لە بازرگانانی بازاڕە داراییەکان و زێڕی فیزیکی “بەرجەستە”ـش خواستیان لەسەر زێڕ هەیە، بەدەر لەوانیش، بانکەکان.

بەشێکی بەرزبوونەوەکانی زێڕ بەهۆی پێشبینیی سێ جار کەمکردنەوەی رێژەی سوود بوو لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە ئەم ساڵدا، بەڵام ئێستا پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەم ساڵ یەکجارە، هاوكات گریگۆری شێرەر، سەرۆکی بەشی ستراتیژییەتی کاڵا بەنرخەکان لە جەی پی مۆرگان رایگەیاند: بەهۆی خراپی جیۆسیاسی، زیادبوونی سزاکان و خۆلادان لە بەکارهێنانی دۆلار، تێبینیی زیادبوونی مەیلی کڕینی سامانە راستەقینەکان دەکەین، لەنێویاندا زێڕ، هەورەها ناتاشا کانێڤا، سەرۆکی بەشی ستراتیژییەتی کاڵا جیهانییەکان لە بانکەکە باس لەوە دەکات: سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بەڵام بەشێک لە پاڵنەڕە بنچینییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی سامانێکی وەک زێڕ وایانکردووە ئەم ساڵ نرخی زێڕ بگاتە بەرزترین ئاست، ئەو پاڵنەرانەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ رەنگە هەر بمێننەوە، ئەوەش بەبێ گوێدانە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ”.

ئەو بەڕێوەبەرە باسی بازاڕی نرخەکان دەکات: بەڵام بازاڕەکانی کاڵا بەنرخەکان سەرنجیان لەسەر هەر گۆڕانێکی ئەگەرلێکراوی سیاسەتەکان دەبێت کە دەکرێت یەکێک یان زیاتر لەو پاڵنەرانە زەقتر بکاتەوە یان بیانگۆڕێت، لەبارەی نرخی زێڕەوە بەشی توێژینەوەی جەی پی مۆرگان ڕایگەیاندووە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە فاکتەرەکانی بنچینەیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هێشتا ماون، پێشبینی دەکەن نرخی زێڕ لە ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوودا زیاتر بەرزببێتەوە، بەپێی خەمڵاندنەكە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە دوو هەزار و 500 دۆلار، پێشبینییەکە لەسەر گریمانەی ئەوە دانراوە کە لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەستپێدەکات. ئەمەش زێڕ دەگەیێنێتە ئاستی مێژوویی نوێ.