مستەفا قایتەوەنی – لەندەن
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەمەنی بووە پێنج ساڵ، خۆی لەحکوومەتێکی خزمەتگوزاری، ئاوەدانی و پڕ دەستکەوت و بەرنگاربوونەوەی گەندەڵیدا دەبینێتەوە، سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگ و گرفتانەی چ لەسەر ئاستی جیهان، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیی ڕووبەڕووی ئەم کابینەیە بووەوە، تەمەنی کابینەی نۆیەم تەنها چەند مانگێک بوو ڤایرۆسی کۆڕۆنا وەک نەخۆشییەکی کوشندە جیهانی خستەسەر چۆک، حکوومەتی هەرێم سەرەڕای سەختیی باری سەرشانی و ئەو بارودۆخەی پێیدا تێپەڕی بەبێ بودجە و داراییەکی تۆکمە توانی بەرەنگاری ئەو پەتایە ببێتەوە، پاشان دابەزینی نرخی نەوت بووە ئاستەنگێکی دیکە لەبەردەم هەنگاوەکانی ئەم کابینەیەدا، چونکە نەوت تاکە داهاتی سەرەکی حکوومەت بوو.
باسی پیلان، ڕێگری، گرفت دروستکردن و دەیان هەوڵی ناوخۆیی و هەرێمیی و ناوچەیی ناکرێ، کە ویستیان هەنگاوەکانی ئەم کابینەیە خاو بکەنەوە لە درێژکردنی دەستی ئاوەدانی و خزمەتکردن بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم، ئەگەر مرۆڤ بە چاوێکی پڕ لەویژدانەوە تەماشای حکوومەت و هەوڵەکانی خودی سەرۆک وەزیران بکات، زۆر هەنگاوی گرنگ و پڕۆژەی باس نەکراو دەبینی کە دەبوو ئەم هەنگاوانە بەکردەیی دیکۆمێنت بکرانایە، بەداخەوە نەکراون، لەوانە بە دیجیتاڵ کردن و کەمکردنەوەی کاغەز و ڕۆتین لە زۆر بواردا، ئەم هەنگاوە ستایش و پێزانین و دەستخۆشانەی زۆری دەوێ، کاتێکی زۆری بۆ هاووڵاتی گێڕاوەتەوە بەتایبەتی لەڕاییکردنی کاروبارەکانیاندا مانگ، هەفتە و ڕۆژی کردووەتە کەمتر لەچەند کاتژمێرێک لەڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتی لە زۆربەی دامودەزگاکانی دەوڵەت وەک دادنووسی، تاپۆ، خانوو بەرە، سیستەمی بەبانکی کردن، گرنگترین هەنگاویش سنووری کاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە، ئەم وەزارەتە بە ڕووح و دینگەی هێز و بازووی حکوومەت ناسراوە، هەنگاوەکانی ئەم وەزارەتە لە بەدیجیتاڵ بوون و جێگیرکردنی کامێراکانی هاتوچۆ و چاودێری و چالاککردنی ئەو سیستەمە وزە و توانایەکی باشی بەخشیوەتە دامەزراوە ئەمنییەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، هەروەها کەمکردنەوەی زیانە ماڵی و گیانییەکانی هاتوچۆ، ئەمەش بەگەورەترین دەستکەوت ئەژمار دەکرێت کە کڕینەوەی گیان و ڕووحی هاووڵاتییانە لە ڕووداوەکانی هاتوچۆ، سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەش لەچاو وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر باشیان بڕیوە لە زۆر بواری جیاجیا لەپێشکەوتن و کەمکردنەوەی ڕۆتین، حکوومەتی هەرێم لەزۆر بواردا هەنگاوی کردەیی ناوە کە جێگای دەستخۆشی و پشتیوانییە، لە زۆر بواریشدا پێویستە هەنگاوەکانی خودی(مەسرور بارزانی)، سەرۆک وەزیران لە تیۆەرییەوە بکرێتە پراکتیک هاوشێوەی وەزارەتی ناوخۆ پشتیوانی لەجێبەجێکردنی هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیران بکەن، ئەگەر بە چاوی ڕەخنەگرانەشەوە تەماشای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بکەین، بێگومان بێ کەموکورتی نییە و نابێت!
تەنها یەک دیمەن وەڵامی سەدان ڕەخنە دەدەنەوە ئەگەر ویژدان و چاو ئاوێتە بکەین، دوو وێنەی کەسیی پێش دەست بەکاربوونی ئەم کابینەیە و ئێستای خودی(مەسرور بارزانی)، سەرۆک وەزیران لەماوەی ئەم پێنج ساڵە بەراورد بکەین، ماندووبوونێکی زۆر دەبینین بە ڕووخساری سەرۆک وەزیرانەوە، سەدان خەونیش لەچاوەکانی دەبینرێن بۆ جێبەجێکردنیان کە لە هزریدا وێنەی بۆ نەخشاندوون، ئەوەندەی من بزانم جەنابی سەرۆک وەزیران وێنەکێشێکی دەست ڕەنگینە.
کابینەی نۆیەم سەرەڕای گرفتە ناوخۆیی، هەرێمی، ناوچەیی و دەرەکییەکان لەپێوەرەکانی سەرکەوتن زۆر نزیک ترە وەک لە شکست کە نەیارانی پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، ئەگەر بەراورد لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەزموونی وڵاتێکی وەک بەریتانیای مەزن بکەین، دەوڵەتێکی زلهێزی وەک شانشینی یەکگرتوو بە نموومە وەربگرین، لەماوەی تەنها ئەم پێنج ساڵەی تەمەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەریتانیا پێنج کابینەی وەزاری گۆڕیوە بە پێنج سەرۆک وەزیرانەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی(مەسرور بارزانی) قورسترین پێنج ساڵی بەڕێ کرد، خودی سەرۆک وەزیران شانی دایە بەر تەواوی بەرپرسیارەتییە سەختەکان.
بەڵام، لە بەریتانیا پێنج سەرۆک وەزیران پۆستەکانیان بەجێهێشت لەژێر گوشاردا دەستیان لە کار کێشایەوە، توانای بەرگەگرتنی ئەو هەموو پێداویستی و خواست و لۆد و گوشارەی شەقامی ئینگلیزیان نەگرت، نەیانتوانی بەرپرسیارەتی هەڵبگرن، چاو لە ئەزموون و حوکمڕانی ڕابردووی ئەم شانشینەش بکەین کە هەرگیز خۆری لێ ئاوا نابێت، نەک سەدان، بەڵکوو هەزاران ساڵە ئیمپراتۆرییەت و شانشینە و بە سیستەمی شاهانە بەڕێوە دەبرێت، بە پشتیوانی گەنجینەیەکی دەوڵەمەند، بەهێز و سوپایەکی تۆکمەی شاهانە و سیاسەتێکی دەرەکی پشتیوانی لێ کرا و، سەرەڕای ئەو پاڵپشتییانە ئەوجاش پێنج سەرۆک وەزیران بەرگەی هەڵاوسانی ئابووری و خراپیی دۆخەکەیان نەگرت، بە دەست لە کارکێشانەوە پۆستەکانیان بەجێ هێشت، بەڵام لەکوردستان چونکە ئیرادە هەیە بە پشوودرێژیی گەلی کوردستان و پشتیوانیی (سەرۆک بارزانی)، ڕابەر و مەرجەعی گەلی کوردستان، هەروەها سیاسەتی حەکیمانەی(نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە پیاوی خاوکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان و کردنەوەی گرێ کوێرەکان ناسراوە، (مەسرور بارزانی) توانی چۆک بە شکستدا بهێنێ و زۆر کۆسپ و تەگەرەی گەورە ببڕێ، زۆر قۆرت و چاڵی هەڵکەندراویش پڕ بکاتەوە.
ئەگەر ئاوڕێک لەپێنج ساڵەی تەمەنی کابینەی نۆیەم بدەینەوە… کاتێ بە چاوی هیوا و ئومێدەوە سەیری هەنگاوەکانی حکوومەت بکەین، سەرەڕای ئەو هەموو گوشار و کۆسپانەی بەردەمی، هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە، بۆیە جێگای خۆیەتی هەر یەکێک لە ئێمە سەرەڕای گلەیی و گازندە لە کەموکورتییەکان پێویستە پشتیوانی ئەم حکوومەتە بین، ئەوانەی وەک ئێمەمانان خوێنیان داوە و قوربانییان داوە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە دروست ببێت، لەهەموو کەس زیاتر نرخی ئەم حکوومەتەیان لەلایە، وەک دەستکەوت دەیپارێزن، مەسەلێکی کوردییش هەیە دەڵێ: (قەدری زێڕ لای زێڕنگەرە)… لەساڵیادی دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، سوپاس بۆ سەرۆک وەزیران و کابینەکەی کە توانییان شکست لەگۆڕ نێن و سەرکەوتن مسۆگەر بکەن لەزۆر کایەدا، سەرۆک وەزیرانێک توانی ئەو هەموو هەوراز و نشێوە ببڕێ شایەنی پشتیوانی و دەستخۆشییە، بۆیە لەم سۆنگەیەوە دەتوانین ئەو مافە بە خۆمان بدەین، بڵێین: بۆ داهاتوویەکی پڕشنگدارتر و سەرکەوتن با هەموو لایەکمان لە ٢٠/١٠/٢٠٢٤ دەنگ بە لیستی ئەو سەرۆک وەزیرانە قژماشی و برنجییە بدەین کە کوردستانی لە شکست پاراست، ئێستا کاتی پاداشت و سزایە، دڵنیام خەڵکی کوردستان پاداشتی ماندووبوونی سەرۆک وەزیران دەداتەوە.