شێوەكار ئاریان لەتیف

خەبات: پەریهان عومەر:- هونەرمەندی شێوەکار ئاریان لەتیف ئەحمەد، لە ساڵی (١٩٩٤) لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی بەشی تیشکە لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی، ئاریان سەرەتای کاری هونەری دەگڕێتەوە بۆ ساڵی٢٠١٤ و وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات تا ئێستا لە ٢٠ پێشانگەی هاوبەش لە ناو کوردستان و ٨ پێشانگەی نێودەوڵەتی لەهەریەک لە وڵاتانی تورکیا و یۆنان و کۆریای باشوور و لوبنان و ئیتالیا بەشداریکردووە.

لە دیدارێک بۆ ڕۆژنامەی (خەبات) باس هونەری شێوەکاری و کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات، ئاریان لەتیف لەبارەی هونەری شێوەکاری دەڵێت: من زیاتر لە بواری سرووشت وێنە دەکێشم و تابلۆکانم زیاتر سرزوشتن، ڕەنگی زەیتین لەسەر کانڤاس دەمەوێ بە هونەرەکەم جوانی سرووشت وەک خۆی بهێڵمەوە دوور لە دەستی مرۆڤ کە هەمیشە سروشت قوربانی دەستی مرۆڤ و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کە بەپێچەوانەوە سرووشت هەمیشە خزمەتی مرۆڤی کردووە و لە خزمەتی مرۆڤ دابووە.

هەروەها ئەو شێوەکارە باس لەو پێشانگەیانە دەکات کە بەشداریی تێداکردوون و گوتی: بەشداری ٢٠ پێشانگەی هاوبەشم لە ناوەخۆیی عێراق و کوردستان کردووە، لەگەڵ ٨ پێشانگەی نێودەوڵەتی لە هەریەک لە وڵاتانی تورکیا و یۆنان و کۆریای باشوور و لوبنان و ئیتالیا، هەروەها لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە فرۆشتنی تابلۆکانی کرد و گوتی: فرۆشتنی تابلۆ تا ڕادەیەک باشە و خودی هونەرمەند دەتوانێ پشتی پێ ببەستێت، ئاماژەی بەو خەڵاتانە کرد وەریگرتوون و گوتی:چەندین ڕێزلێنانم وەرگرتووە لە ڕێکخراوە عەرەبی و جیهانییەکان کە بۆمن جێگەی شانازین.