ئەڵمانیا و فەڕەنسا بە هاوبەشی لە ڕێگەی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا (ESA)، 10-7-2024 مووشەکی ئاریان-6یان هەڵدایە بۆشایی ئاسمان. ئەو مووشەکە 56 مەتر درێژییەکەیەتی و بە سەرکەوتوویی گەیشتە شوێنی مەبەست، ئاریان-5 کە ساڵی 1996 تاوەکو 2023 لە بۆشایی ئاسمان بوو، دوای ئەنجامدانی 117 ئەرکی جیاواز، پار کۆتایی بە ئەرکەکەی هێندرا و لەمەودوا ئاریان-6 بە زانست و تەکنەلۆجیای نوێوە جێگەی دەگرێتەوە.
ئەو مووشەکە بە هاوبەشیی چەند کۆمپانیایەکی ئەڵمانی و فەڕەنسی درووستکراوە. یەکێک لە ئەندازیارانی ئەو پڕۆژەیە کوردە و تاوین پیرانی ناوە. تاوین بەرپرسی بەشی سیستەمی مووشەکی ئاریان-6ـە، تاوین پیران دەڵێت: ئاریان -6 مۆدێلێکی بەرزتری رۆکێتی ئاریان-5ـە کە یەکێک بوو لە رۆکێتە هەر پێشکەوتووەکان. بە تاقیکردنەوەی ئاریان-6، توانیمان سەربەخۆیی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان بپارێزین. ئەو رۆکێتە نەوەک تەنیا ئەوروپا، بەگشتی بۆ هەمووان گرنگە. رۆکێتی وەک ئاریان-6 رێگەمان پێدەدات مانگی دەستکرد لە بۆشایی ئاسمان جێگیر بکەین و بۆ چەندین مەبەست سوودی لێوەربگرین وەکو جی پی ئێس، هێڵی ئینتەرنێت، پەیوەندیکردن، پێشبینیی کەشوهەوا، چاودێریکردنی دۆخی زەوی و چەندین مەبەستی دیکە.
هەروەها لەبارەی ڕۆڵی خۆی وەک کچە کوردێکی ئەندازیار لە پڕۆژەکە دەڵێت: من وەک ئەندازیاری سیستەمی رۆکێتەکان کاردەکەم کە بە Upper Liquid Propulsion Module ناسراوە. ئەرکەکەشم بریتییە لە کارکردن لە قۆناخە کۆتاییەکانی هاوێشتنی رۆکێتەکان بۆ بۆشایی ئاسمان. ئەمەش بەو واتایەی لەدوای قۆناخی یەکەم کە هاوێشتنی رۆکێتەکەیە، ئیدی کار دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە کە رۆکێتەکە دەگاتە شوێنی مەبەست. ئەرکی من جیایە و کار لەسەر سیستەمە جیاجیاکانی ئەو رۆكێتە دەکەم و هەموو سیستەمێکیش لەکاتی هەڵدانی رۆکێتەکە لە ژینگەی جیاوازدا کار دەکات. لەکاتی هەڵدانەکەش رۆکێتەکە بە دۆخی جیاوازدا تێدەپەڕێت، وەکو پلەی گەرمی بەرز و نزم، لەرزین، پاڵەپەستۆی کەشوهەوا و شتی دیکە کە هەموو ئەوانەش ئاڵنگاریی جیاواز دەهێننە پێشەوە بۆ بەردەوامی گەشتەکە و گەیاندنی رۆکێتەکە بۆ شوێنی مەبەست.
تاوین پیران دەشڵێت: لەلایەن گەورەترین کۆمپانیای بواری بۆشایی ئاسمان داواکرام، پێش ئەوەی ئەم کارە بکەم. هەمیشە بۆشایی ئاسمان سەرنجی راکێشاوم. لەبەرئەوەی هێشتا زانیاریی کەم لەبارەی بۆشایی ئاسمان دەزانرێت و هیوا خوازیشم مرۆڤایەتی لەڕووی زانستییەوە گەڕانی زیاتر لەبارەی بۆشایی ئاسمان بکات، چونکە زۆرمان ماوە لەبارەیەوە فێربین. بێگومان ناردنی هەر تەنێک بۆ بۆشایی ئاسمان بۆ من سەرنج راکێش دەبێت، بەتایبەتی لەو ژینگە جیاوازانەی دێنەپێش کە باسمکردن و ئاڵنگاریی نوێ دێننە پێش.
هەروەها دەڵێت: ئەگەر پڕۆژەیەکی کوردی هەبێت بۆ بۆشایی ئاسمان، شانازی دەکەم رۆڵم هەبێت تێیدا، لەبارەی بیرۆکە و پلانی بۆ داهاتوو دەڵێت: دەمەوێت ئەزموونی زیاتر لەبارەی ئەندازیاریی سیستەمی بۆشایی ئاسمان بەدەستبهێنم و زۆرترین زانیاریش لەبارەی لایەنە تەکنیکییەکەی ئەو سیستمە بەدەستبهێنم، هیواداریشم ببمە نموونەیەکی باش بۆ کچانی دیکەی کورد و بیسەلمێنم کە ئەو بوارەش بۆ هەمووان شیاوە، بێ گوێدانە ئەوەی لە چی کۆمەڵگەیەک گەورە بوویت.