خەبات:- هونەرمەند ڕێکار عوسمان ڕەشید لە ساڵی ١٩٩٧ بۆ یەکەمجار چووەتە سەر ستەیج و بەشداری لە زۆر بەرهەمی هونەری منداڵان لە تیڤی گوڵان و تیڤی ناوەندیی کوردستان و کەناڵی ئاسمانی کوردستان کردووە. ئەو ئەندامە لە ئۆڕکێسترای گەنجانی عێراق و ئۆڕکێسترای ژێداری کوردستان، ئۆڕکێسترای هەولێر و ئۆڕکێسترای زانکۆی سەڵاحەدین)، هاوکات مایسترۆی گرووپی (ڕاگرین)ە سەر بە کۆمپانیای Artin crown productions)) و لە چەندین بۆنە و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەشداریکردووە، کاری دانانی میوزیکی وێنەیی Soundtrack ی بۆ چەندین کورتە فیلمیو سینەمایی و شانۆ ئەنجامداوە و هەروەها مامۆستای بەشی میوزیکی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدینە. لە دیمانەیەکماندا چەند پرسیارێکمان ئاراستە کرد:

*بەشداری و پەیوەندی خانمان بە کۆلێژی هونەرە جوانەکانەچۆنە؟
لە ڕاستیدا بە بەروارد بە ساڵانی پێشووتر، لە ئێستادا گەرم و گوڕی و پەیوەندیکردنێکی زۆرتری ژمارەی خانمان دەبینرێت، ئەمەش بەرەوپێش چوونی هۆشیاریی کۆمەڵگە لە ئاست بەهرە و خواست و خولیا هونەرییەکانی خانمان و دەست ڕەنگینییان نیشان دەدات، تاکو توانست و ویست و بەهرەکانیان لەبار نەبرێن و لە ناوەندەکانی خوێندنی ئەکادیمیدا پەرەیان پێ بدرێت.

*کەواتە دەشێ بڵێین خانمانیش دوای وەرگرتن و خوێندنیان شانبەشانی قوتابیانی کوڕانی کۆلێژەکەتان ئاستێکی بەرزی هونەری پێشکەش دەکەن؟
ئەگەر ڕاشکاوبم، نموونەی قوتابی خانممان هەبووە، کە لە پێشانگەکانی ناو کڵاسەکە و هاوپۆلەکانی خۆی بووە و لە بوارەکانی (ژەنین، تیۆری، دەنگبێژی و کۆژەن) ئاستێکی بەرزی هونەری و زانستی تۆمارکردووە.

*بەو پێیەی ڕۆڵی سەرەکیت لە زۆرێک لە بوارەکانی میوزیکیدا هەبووە وەک: ( ژەنین، مایسترۆ، کۆڕاڵ، ئاواز دانان، هتد….) ئایا حەز دەکەی زیاتر لەسەر کام لەوانە لەنگەر بگری و بەردەوامبی؟
وەک دەزانین میوزیک بۆ خۆی رەهەند و لایەنی فرەوانی هەیە و بەپێی ڕەوش (context) وردەکاری زۆرە و ڕۆڵی جیاوازی تیادا جێبەجێ دەکرێت، بۆیە هەر کامیان (وەک پێویستییەک) خزمەت بە دۆخەکە بکات، ئەوا پیادەی دەکەم، تەنانەت ئەگەر ڕۆڵێکی لاوەکیشم هەبێ!

*قەیرانی دارایی گورزی لە بەرهەمهێنانی کاری هونەریی وەشاندووە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە قسەکردن لەسەری زۆرتر هەڵ دەگرێت، بەڵام گەر بە کورتی بدوێم، دەڵێم: بە دڵنیاییەوە هونەریش وەک زۆرێک لە سێکتەرەکانی دیکە بەدەر نییە لە کاریگەری و دەرهاویشتەکانی ماجەرای قەیرانی دارایی و ئابووری و کەمبوونەوە و سنووردارکردنی خەرجییەکان. سەرەڕای ئەوەش، بە تایبەت چەند ساڵێکی ڕابردوو قەیرانی دارایی بووە هۆی داخستنی زۆرێک لە ستۆدیۆکانی تۆمارکردن و کەمکردنەوەی نمایشەکان و نەمانی ژێرخانی پیشەیی هونەریی گرنگی دیکە، بەجۆرێک کە دەرفەتی نمایشکردن و تۆمارکردنی بەرهەمەکانی بۆ هونەرمەندان کەمکردەوە.

*دواهەمین بەرهەمی توێژینەوەی ئەکادیمی- زانستی بەڕێزت چی بوو؟
دواهەمین توێژینەوەی بڵاوکراوەم نامەی ماستەرەکەم بوو بە ناونیشانی: (ڕۆڵی ئامێرەکانی ژێداری کەوانەیی لە میوزیکی کوردیدا: شاری هەولێر وەک نموونە)، کە باسکردن و ڕاڤەی ستانداردە خێزانییەکەی ئامێرەکانی ژێداری کەوانەیی ناو ئۆرکێسترا وەک (کەمان، ڤیۆلا، چەلۆ و کۆنتراباس) بوو، لە ڕووی پەیوەندی و ڕۆڵیان لەنێو کایەی میوزیکی شارەکەدا. هەروەها گەنگەشەی زۆرێک لە وردەکاری و لایەنەکانی مێژوویی و شیکاری Analyzing تێداکراوە. بە دڵنیاییەوە بۆ خوێنەرانی بوارەکە و توێژەران سوودی ئەوتۆی دەبێت. جگە لەوەش دوو توێژینەوەی دیکەم لەبەردەستە.