خەبات: عەلی بانیشاری:- ماوەی شەش ساڵ بوو مانگانە 400 هەزار دینار وەكو مینحە دەدرا بە بەركەوتووانی چەكی كیمیاویی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ساڵی ڕابردووەوە بە بڕیارێك مینحەكەی ڕاگیراوە و ئەوەش نیگەرانی بەركەوتووانی لێكەوتووەتەوە. سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ڕاگرتنی مینحەی بەركەوتووانی چەكی كیمیاویی، چەندین كێشەی خێزانی دروستكردووە و تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی هەندێك لە خێزانەكان بەرەو هەڵوەشانەوە بڕۆن. لوقمان عەبدولقادر نیگەرانە لە دۆخی بەركەوتووانی چەكی كیمیاویی و دەڵێت: ئەوەی بەرامبەر بە بەركەوتووان كراوە زوڵمێكی گەورەیە.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی گوت: ماوەی ساڵێك و دوو مانگە 339 بەركەوتووی چەكی كیمیاویی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان مینحەی مانگانەیان ڕاگیراوە و ئەوەش بەركەوتووەكانی و ئێمەی تووشی نیگەرانیكردووە. گوتیشی: مینحەی مانگانەی هەریەك لەو بەركەوتووانە 400 هەزار دینارە.
ئاماژەی بەوەشدا، ڕاگرتنی مینحەكە لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازی بووە، بەپێی بڕیارەكە ئەوەی دوو مووچەی هەبێت، دانەیەكیان دەبڕدرێت، بەڵام ئەو 400 هەزار دیناری بەركەوتووان مانگانە وەریانگرتووە ((ئیمتیاز)) نییە، بەڵكوو بڕە پارەیەك بووە و بۆ ((چارەسەری مانگانە)) بووە، لوقمان عەبدولقادر ڕاشیگەیاند: ڕاگرتنی مینحەی مانگانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیاویی كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانی بەركەوتووان و خێزانەكانیان دروستكردووە، تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی هەندێك لە خێزانەكان بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕۆن، چونكە ئەو 220 هەزار دیناری مانگانە بەشێك لە بەركەوتووان وەكو خانەنشینی وەریدەگرن، بەشی چارەسەری مانگانەیان ناكات، بەڵكوو بۆ بژێوی ماڵ و منداڵیانە.
زیاتر گوتی: لەو ماوەیەی مینحەكە ڕاگیراوە چەندین كێشەی خێزانی لە نێو ئەو بەركەوتووانە ڕوویداوە كە ڕۆژانە چارەسەر وەردەگرن، لەو حاڵەتدا یان ئەوەتا بەركەوتووەكە دان بەخۆیدا بگرێت تا وردە وردە دەبێتە قوربانی ئەو بڕیارەی كە دراوە، یان دەبێت لە ماڵەوە شەڕ بكات و دواتر ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی خێزانی.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت: وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێمەیان وەكو كۆمەڵە دڵنیاكردەوە كە ئەو مینحەیە نابڕدرێت و پاش پڕۆسەی پێداچوونەوە بە لیستی بەركەوتووان، هەر كەسێك وەكو بەركەوتووی چەكی كیمیاویی بناسرێن مینحەكەی پێدەدرێتەوە، بەڵام دواتر وەزارەتی شەهیدان نوسراوێكی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە و داوایكردووە مینحە بەو بەركەوتووانە نەدرێت.
ناوبراو دەشڵێت: ماوەی شەش ساڵ بوو بەركەوتووان بە بەردەوامی مانگانە ئەو 400 هەزار دینارەیان وەكو مینحە پێدەدرا، دەتوانم بڵێم تاڕادەیەك باری سەرشانی ئەوانەی سووكردبوو كە سەردانی پزیشكیان لە پارێزگای هەڵەبجە و لە دەرەوەی دام و دەزگا حكوومییەكان دەكرد، چونكە ئەو بەركەوتووانە بەو بڕە پارەیە دەیانتوانی لە كاتی خۆیدا سەردانی پزیشك بكەنەوە و دەرمانی خۆیان دابین بكەن.
لوقمان عەبدولقادر باسیلەوەشكرد، كەسانێك هەن بەركەوتووی چەكی كیمیاویین و تاوەكو ئێستا وەكو بەركەوتوو هەژمار نەكراون، ئەو كەسانە مافی خۆیان وەكو بەركەوتوو بناسرێن، بەڵام وەكو ئەو دەڵێت ((بەداخەوە ئەوانەشی لە ئێستادا وەكو بەركەوتوو هەژماركراون دەبینین مینحەكانیان ڕاگیراوە)).
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە هەروەها گوتیشی: هەفتەی ڕابردوو لەسەر داواكاری بەشێك لەو بەركەوتووانەی مینحەكانیان ڕاگیراوە، كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاریمان لە بینای كۆمەڵەی قوربانیان لە هەڵەبجە ئەنجامداوە و بڕیارە دژی ڕاگرتنی مینحەی بەركەوتووان چەند چالاكییەك ئەنجام بدەین، لوقمان عەبدولقادر ئەوەشی گوت: وەكو كۆمەڵەی قوربانیان لە هەوڵی چارەسەركردنی ڕاگرتنی مینحەی بەركەوتووانی چەكی كیمیاویین و لە كاتی هاتنی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاری هەڵەبجە یاداشتێكیان بە بەڕێزیان داوە و ئەوەی ئێمە بەدواداچوونمان بۆ كردووە لە ئێستادا یاداشتەكە گەیشتووەتە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
ناوبراو داواشیكرد، هەرچی زووە وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان بە بڕیاری ڕاگرتنی مینحەی مانگانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیاویی بچێتەوە، چونكە وەكو لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت ((ئەوەی بەرامبەر بە بەركەوتووانی چەكی كیمیاویی كراوە زوڵمێكی گەورەیە)).










