خەبات:سەید فاتیح بەرزنجی:- كەرتی كشتوكاڵ بەیەكێك لە سێكتەرە گرنگەكان دەژمێردرێت و بووژاندنەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە وچەندین بەرهەمی خۆماڵی ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كراوە و لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی تەواو بەو كەرتە دراوە و هەنگاوی زۆرباشی هاوێشتووەو ساڵ لەدوای ساڵ بەرهەمی خۆماڵی ڕووی لە زیادبوون كردووە و ساڵانە بەرلەوەی بەرهەمی خۆماڵی پێ بگات لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە قەدەغەی بەرهەمی هاوردە دەكرێت بۆ ئەوەی بەروبوومی خۆماڵی لە بازاڕەكاندا ساغبێتەوە، بۆ ئەمساڵیش ماوەیەكە بەروبوومی خۆماڵی پێ گەیشتووەو ڕۆژانە جووتیاران بەرهەمەكانیان دەهێننە عەلوەی هەولێر، سەبارەت بەو بابەتە وەك لاپەڕەی كشتوكاڵ ئەو ڕاپۆرتەمان ئامادەكرد:
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی جووتیاران لە زیاد بووندایە
ئەگەر ڕوو لە عەلوەی هەولێر بكەیت جەنجاڵی ئوتومبێلەكانی جووتیارانت بەرچاو دەكەوێت و هەموویان بەروبوومی خۆماڵیان باركردووەو هێناویانە تا ساغی بكەنەوەو بگەڕێنەوە بۆ گوندەكانیان. دەربارەی وەرزی بەروبوومی خۆماڵی و چۆنیەتی قەدەغەكردنی بەرهەمی هاوردەو چاودێریكردنی عەلوە لە ڕووی دانانی نرخ وكارەكانی دیكە (هێمن سەید موراد) بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەولێر ڕوونیكردەوە: هەموو ساڵێك بەر لە پێگەیشتنی بەروبوومی خۆماڵی ڕاستەوخۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باج دەخاتە سەر ئەو بەرهەمانەی كە لە دەرەوە دێنە كوردستان و قەدەغەی دەكات هەربۆیە ئێمەش لەلایەن چاودێری گومرگی كشتوكاڵییەوە چاودێریەكی وردی عەلوە دەكەین بۆ ئەوەی هیچ نووسینگەیەك دەستكاری نرخەكان نەكات ئەوە لەلایەك لەلایەكی دیكەیش هەر لە عەلوە چاودێری ئەو بەرهەمانە دەكەین كە لە دەرەوە دێن، هەر نووسینگەیەكیش بەرهەمی هاوردە لە عەلوە ساغ بكاتەوە ئەوا سزا دەدرێت یاخود پێ بژاردنیان پێ دەكرێت و كۆنتڕۆڵی تەواوی عەلوەمان كردووە تاكو لەكاتی پێ گەیشتنی بەروبوومی خۆماڵی دا بەرهەمی هاوردە لە عەلوە ساغ نەكەنەوەو، دەبێ گرنگی بە بەروبوومی خۆماڵی بدرێت.
هێمن سەید موراد لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: لەبەر قەدەغەكردنی بەرهەمی هاوردە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە جووتیارانی كوردستان بەو بڕیارە گرنگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرن و زۆر بەئاسودەیی بەروبوومی خۆیان لە بازاڕەكاندا ساغ دەكەنەوە هەر بۆیە برا جووتیارەكان گرنگی تەواو بە زەویەكانی خۆیان دەدەن و بەشێوەیەكی بەرچاو جووتیاران ڕوو لە كاری كشتوكاڵی دەكەن بۆیە بەروبوومی خۆماڵی زۆر زیادی كردووەو ڕەواجی هەیە لەبەر ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی تاموچێژی تایبەتی هەیە لەچاو بەرهەمی هاوردە جگەلەوەش لەبەر زۆری بەرهەمی خۆماڵی و بۆ ساغكردنەوەی بەروبوومەكان پشت بە خوارو ناوەڕاستی عێراق دەبەسترێت و بەهۆی لێكتێگەیشتنی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق وڕێككەوتنێك كراوە و ئەوانیش سنوورەكانی خۆیان دادەخەن تا بەروبوومی خۆماڵی لەكوردستانەوە هاوردەی خوارو ناوەڕاستی عێراق بكرێت ئەویش بە پێدانی پشتگیریەك لەلایەن ئێمەوە تا زیاتر دڵنیا ببنەوە ئەو بەروبوومانەی كە بار دەكرێت لە هەرێم بەروبوومی خۆماڵییە.
گوتیشی: ئێمە ساڵانە پشتگیری بە ژمارەیەكی زۆری جووتیاران دەدەین و پارساڵ پشتگیریمان بە زیاتر لە 30 هەزار كەس داوەو ئەمساڵیش پشتگیریمان بە 20 هەزار داوە، بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی تەواوی برا جووتیارەكان دەكەین، دواتر سەردانی عەلوەی هەولێرمان كردو لەوێدا (ڕەعد حاجی ڕەزا) ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ڕوونیكردەوە: كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهەموو شێوەیەك گرنگی بە سێكتەری كشتوكاڵ داوە بۆیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی برا جووتیارەكان لە زیاد بووندایە وای لێهاتووە كە بەروبوومی خۆماڵی زۆر زیادی كردووە، ئێستا خەیارو تەماتەو پیاز و كدوو و بیبەر و باینجان ماوەیەكە پێگەیشتووەو ڕۆژانە برا جووتیارەكان ئەو بەرهەمانە دەگەیەننە ناو عەلوەو بازاڕوكان، هەروەها باركردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق و ئەوانیش بارمان بۆ دێنن و زۆربەی عەلوەكان بەروبوومی خۆماڵیان بۆ دێت و ڕۆژانە چاودێری نووسینگەكانی سەوزەو میوە دەكەین و بەروبوومی خۆماڵی لە گوندەكانی دەوروبەری قوشتەپە، شەمامك، گوندەكانی زرارەتی و كەندێناوەو لە چەندین گوندی دیكە بەروبوومی سەوزەو میوە دەگاتە عەلوەی هەولێر و هەرخاوەنی نووسینگەیەكیش بەپێی ئەو نرخەی كە هەفتانە لەلایەن لیژنەكانەوە دانراوە زیاتر بدات ئەوا ئەو نووسینگەیە سزا دەدرێت.