خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- مانگی ڕابردوو لە هۆڵی داخراوى یانەى وەرزشی ئەکاد لە شارى هەولێر، کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی هەڵبژاردەی بادمنتۆنی عێراق لە سەر ئاستی کوڕان و کچان ئەنجامدرا، کەمپە مەشقییەکە بەسەرپەرشتی ڕاهێنەرى پیشەگەرى مالیزی رۆبن بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا، بۆ تیشک خستە سەر ئەنجامدانی کەمپی مەشق و ڕاهێنانى هەڵبژاردەی عێراق لە شارى هەولێر، هەڤاڵ محەمەد سەرۆکی یەکێتی ناوەندی بادمنتۆنى عێراق، بۆ خەبات ڕایگەیاند: دوای پۆلینکردنی کۆمەڵێک لە یاریزانانی کوڕان و کچانى یاری بادمنتۆن لە سەرتاسەری عێراقدا، بەباشمان زانی کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان بەسەرپەرشتی ڕاهێنەرى پیشەگەرى مالیزی ڕۆبن لەهۆڵی یانەى وەرزشی ئەکاد رێک بخەین و تیایدا لە رێگەى ئەم کەمپە مەشق و ڕاهێنانە یاریزانی ئاست بەرز و بەتوانا بۆ ریزی هەڵبژاردەى بادمنتۆنى عێراق دەستنیشان بکەین، بەمەبەستی بەشداریکردنى هەڵبژاردەی بادمنتۆنی عێراق لە پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا و پاڵەوانێتی بادمنتۆنی نێودەوڵەتی کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە هەدوو وڵاتی عوممان و ئێران بەڕێوەبچێت.

هەروەها گوتی: ئەوەى جێی خۆشاڵیی هەمووانە، هەفتەى ڕابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بڕیاریکی گرنگدا ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریى و پاڵپشتی یاریزانانی پاڵەوان دەربڕی لە یارییە بەکۆمەڵەکان و یارییە تاکەکان، هەروەها بڕیاریدا هەر یاریزانێک کاتێک دەگاتە ئاستیکی بەرز پێویستە ئامادەکاری و ڕاهێنانی بۆ ئەنجام بدرێت تا دەگاتە ئاستى بوون بە پاڵەوان و مووچەى مانگانەی تەواویان بۆ دەبردرێتەوە تا دەگاتە لوتکەى ئاست بەرزی.

هاوکات لە درێژەى قسەکانیدا هەڤال محەمەد زیاتر گوتی: ساڵی پار لەپاڵەوانیەتی ڕۆژئاوی ئاسیا لە شارى هەولێر ئەنجام درا، تیایدا هەڵبژاردەى بادمنتۆنی عێراق دواى بەدەست هێنانی پلەى دووەمى پاڵەوانێتییەکە لەهەمان کاتدا 12 میدالیای جۆراو جۆرى بەدەستهێنا، لەبارەى بەشداریکردنیان لەپاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا گوتی: لە ئێستاوە ئامادەکاریی تەواومان بۆ پاڵەوانیەتی ڕۆژئاواى ئاسیا کردووە کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەم لەوڵاتی عوممان ئەنجام بدرێت.

گوتیشی: بەنیازین بەتیپێکی بەهێز و توکمە بەشداری لەپالەوانیەتی ڕۆژئاوای ئاسیا بکەین و لەهەمان کاتدا بتوانین ئەنجامی بەرز و میدالیای زێر لەپاڵەوانیەتییەکە دەستەبەر بکەین، هەر لەبارەى هاوکاری وپاڵپشتی ماددی ومەعنەوى حکومەتى عێراق بۆ یەکێتی ناوەندی بادمنتۆنی عێراق بۆ ئەم پرسەیش هەڤال محەمەد گوتی: بەسوپاسەوە لەلایەن لێژنەى ئۆلۆمپی عێراق بەماددی ومەعنەوى هاوکاری یەکێتییەکەمان کراوە و لە ئێستادا ساڵانە بەپێی بڕیارێکی لێژنەى ئۆلۆمپی عێراق مانگانە 300 ملیۆن دینار دەدرێتە یەکێتییە وەرزشییەکەمان بۆ رایی کردنی کارو چالاکییەکان.

دواتر لەبارەى هاوکاری و هەماهەنگی بەرێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لەهەرێمی کوردستان و یەکێتی ناوەندی بادمنتۆنی عێراق هەڤاڵ محەمەد گوتی: لەراستیدا لە ڕابردوو و لە ئیستادا بەرێوەبەرایەتی گشتی وەرزش هەموو کات هاوکار و پاڵپشتی یەکێتییە وەرزشییەکەمان بووە، بەتایبەتى لە دوایین پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا کە لە شارى هەولێر ئەنجامدرا، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانی بۆ ئێمە ئەنجام دا.