ئەمەل سەعید کوردە
‎خوێنەری بەڕێز ئەم نهێنیەی لێرەدا باس دەکرێ بۆتە مشتومڕێکی مێژویی و خزێنراوەتە کارێکی هونەری جیهانیەوە و ئۆباڵی بە ئەستۆ و گەردنی ئاستی ڕۆشنبیری خۆت چۆنی لێک دەدەیتەوە سەربەستیت! وەک دەڵێن: فکر ئازادە، ‎ئەم بەرهەمە هونەریە بەناوی ڕاسپۆتین ساڵی ۱۹۷۸ دروست بووە بەرهەمی گروپی (بۆنی ئێم) کە لە لایەن فرانک فاریانی ئەلمانیەوە ئەم گروپە دروست بووە کە بەرهەمەکانیان ستایلی پۆپ و دیسکۆی ئەوروپای بوون، ئەم بەرهەمە لەلایەن نوسەر و ئاوازدانەری گروپەکەوە فرانک فاریان دانراوە بەهاوکاری جۆرج ریام و فرید جای هەم ئاواز و هەم هۆنراوەکەی سێ گۆشەیی بووە واتە بەهەرسێ بەهرەمەندەکە ئەم کارەیان دروستکردوە. لەڕاستیدا ئەم بەرهەمە شێوەی ژیاننامە یاخود خۆی لە بایۆگرافیدا دەبینێتەوە، ئەویش دەربارەی گریگۆری ڕاسپۆتینە کە هاوڕێ و ئامۆژگاریکەری قەیسەر نیکۆلاسی دووەم پاشای ڕوسیاو خێزانەکەی بووە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم.

‎گۆرانیەکە لەنێوان پیاهەڵدان و زەمکردندا خۆی دەبینێتەوە گوێگر دەخاتە گومانەوە چونکە پیاهەڵدانە بەسەر ڕاسپۆتین کە وەسفێکی دوو جەمسەریە هەم باش و هەم خراپ! لە لایەک ستایش و لایەکی دی نەعرەتەی دەکەن لە وشەکاندا وەک پیاوێکی ئاینی لەهەمان کات داوێن پیس و بەرژەوەندچی و شیفابەخشی ڕەوان و پیاوێکی تەسەوف و ئاڵۆز و هەژار و جوتیار شیفادەری نەخۆشیەکان و جادوکار و ڕاهبەرێکی گەڕۆک و گەمەکەری سیاسی و بەد مەست(سەرخۆش) ناو دەبرێ.

‎ئەم دوو دڵی و دوو جەمسەریە و ئاوازە دڵنشینەکەی ئەم کارە هونەریە وای لێکردم بەدواداچوونی بۆ بکەم و ئەم زانیاریانە لەگەڵ ئێوەدا شێربکەم، ‎کارە هونەرەیەکەی لە لایەن گروپی بۆنی ئێم ەوە کراوە لە (سی بیمۆڵ) و بە مودی (میکسی لیدیان) کراوە و بەریتمێکی پڕ ئەنێرجی و چوار زرمە لە باڕێکدایە بە کۆردپرۆگریشنە باوەکەی (یەک _پێنج_شەش_چوار) واتە (دۆ_سۆل_لا بیمۆڵ_فا)لەسەر خێرایی ۱۲۸(بی پی ئێم) وەیاخود دەتوانیت بەنیوەی خێرایی ٦٤ یاخود دووهێندەی خێرا بژەنرێ.

‎گۆرانیەکە گەورەترین سەرکەوتنی وەدەستهێنا یەکێک بوو لەو بەرهەمانەی لە یەکینەی لیستی گۆرانی زۆرێک لە وڵاتانی ئەورپا بوو لەوانە: ‎پلەی یەکەمینی داگیر کرد لە استرالیا و نەمسا و بەلجیکا و المانیا هەروەها سەرکەوت بۆ پلەی دووەمی لە اسپانیا و سویسرا و بەریتانیا و سێهەمینەی لە ئێرلەندا، بەدەستهێنا و چوارەمین بوو لە نیوزلەندا و پێنجەمین لە هۆلەندا، هەروەها بووە خاوەن (قەوانی ئاڵتونی) لە بەریتانیا و هۆلەندا.
‎وەڕگێڕانی هەندێ لە کۆپلە شیعرییەکەی ئەم کارە هونەریە:
‎(پیاوێک هەبوو لەروسیا دەژیا لەدێر زەمانا
‎ئازاو بەهێز بوو چاوی تیشکێکی سەیری تیابوو
‎لەسەیرکردنیدا زۆرێک خەڵکی لێی ئەترسان
‎بەڵام خۆشەویست بوو لای خانمانی مۆسکۆ
‎ئامۆژگاری دەدا وەک پیاوی ئاینی ناو کتێبی پیرۆز
‎پیاوێک بوو پڕ بوو لەوزەو شهوانیەت
‎بەڵام ئەو جۆرە بوو خانمان ئارەزوویان دەکرد
‎را را راسپۆتین مەعشوقەکەی شاژنی روسیا
‎پشیلەیەک لەوێدا بوو بەڵام کۆچی کرد
‎ڕا ڕا ڕاسپۆتین باشترین باشترین ئامێری خۆشەویستی لەروسیا
‎بەداخەوە چۆن توانی بەردەوام بێ…….)
‎تاکو ئێستا هەزاران جار وتراوەتەوە لەلایەن گەورەو بچووکەوە و بە سەماوە نمایش کراوە لە زۆرێک لە فێستیڤاڵە ئەوروپی و جیهانیەکان

‎با کەمێک تیشک بخەینە سەر ئەم پیاوە ئایینەی مێژوو گومانی لێی هەیە لە باوەڕی و بێ باوەڕیدا چ بووە؟ ئایا ڕاستە لەهەندێ سەرچاوەدا ناوی هاتوە بە ئەهریمەنێک لە سەرزەوی باس دەکرێ لە بەرگێکی ڕاهیب ؟ڕاسپۆتین لەدایک بووی ۱۸٦۹ و لەگوندێکی بچوکی سیبیریا لەدایک بووە.لەهەندێ سەرچاوەکاندا بە تاقانەی دایک و باوکی ناو دەبرێ و لەهەندێ جێگەی تردا دەڵێن خاوەن ۷ خوشک و برا بووە بەڵام هیچ کاتێک و لەهیچ جێیەکدا یەکیان نەگرتوەو باسیان نەکردوە چونکە لە هەندێ سەرچاوەدا هاتوە کە ڕاسپۆتین بۆتە هۆی خنکانی خوشک و برایەکی پاش ئەوەی ماڵی باوکی سووتاوەو دایکی و خوشک و براکانی دەمرن بە یەکێ لە کەسە خەمهێنەرەکانی خێزانەکەی ناودەبرێ . وەک لە یەکێ لەسەرچاوەکاندا هاتووە ئەم پیاوە هەژارە خاوەن خێزان و منداڵ بووە تاکو ئاوێتەی ئایین نەببوو خاوەن ژیانێکی ئارام و خێزانی هەبوو بەڵام کاتێ ئاوێتەی ئەزمون و هزری ئاین بوو سەرلە بەری ژیانی گۆڕی.

‎وەک دەڵێن: پیاوێکی چڵکن و زۆرکات بۆنی ناخۆشی لێوە دەهات کە درەنگ درەنگ خۆی دەشوشت و نەیدەزانی ئەتەکێتی خواردن پەیڕەوبکات بە کەوچک و چەتاڵ ،بەڵام هێند بڕوای بەخۆی بوو هێندە سەرسامی کەسایەتی خۆی بوو ڕاسپۆتین وەک یەکێک لە پەیامبەرانی خوداوەند خۆی لەقەڵەمدەدا، جوتیارێکی سیبیری بووە هەرچەندە خوێندەواری کەم بووە(ئومی) بووە، بەڵام زۆر پیرۆز و گەورە بووە لەنێو جەهالەتی جوتیاراندا، پاشان کۆچ دەکات بۆ شاری سانت بترسبێرگ وەک دەڵێن” ماستاوچێتیەکی گەورەی کردوە تاکو بچێتە کۆشکی پاشاییەوە،کاتێ ئەلیکس رومانوفی کوڕی قەیصەری ڕزگار کرد لە بەربوونی خوێن کە نەخۆشیەکی ترسناکە هەندێ جار بە(ناعور ناودەبرێ یا هیمۆفیلیا کۆنترۆڵی خوێن بەربوونەکە ناکرێ و خاوەنەکەی گیان لەدەست دەدات) ئەمەش یەکێک بوو لەدیارترین هۆکارەکانی چوونە ناو کۆشکی پاشادا، ‎لەبەر ئەم پەرچەکردارەی ڕاسپۆتین قەیسەرو خێزانەکەی ناویان بە نورانی دەبرد، ماوەی ۷ ساڵ لە کۆشکدا ژیا کە ڕێگەنیشاندەر و ئامۆژگاریکار و نیزیکیان بوو.

‎ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەسەڵاتەکانی گریگۆری راسپۆتین لە زیادبووندا بوو و بە کەسایەتیەکی فەرمی و پلەی گەورەی لە کەنیسەی روسی ارثوذکسیەی وەرگرت و بووە کەسایەتیەکی گەورەی کۆمەڵگا و زۆرێک لەسەر ئەم بڕیارە ناکۆک بوون هەر بۆیە ئەمە بووە هۆی یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشەکەی روسیا ساڵی ۱۹۱۷ ‎بەڵام لەهەموو ئەم باسانە سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە باس لە چۆنێتی ئەوە دەکرێ پیاوەکانی روسیا پیلانیان گێڕا کەچۆن ڕاسپۆتین لەناو بەرن؟ داوەتیان کرد بەزۆر ئامادەبێ و ژەهریان کردە کێک و شەرابەکەیەوە کاتێ خواردیەوە وتی: من زۆر باشم و هەست بەهیچ ناکەم!! چونکە پێشبینی مردنی خۆیی کردبوو بۆیە ڕۆژانە کەمێک لەو ژەهرەی دەخوارد تاکو جەستەی پێی ڕابێ هەربۆیە کاتێ ئەمان ژەهرخواردیان کرد هیچی بەسەر نەهات!

‎وەک لە سەرچاوەکاندا هاتوە ڕاسپۆتین پێش وەختەی مردنی خۆیی لە نامەیەکدا نوسیوە کە بە پیلانێک لەنادەبرێ بەهۆی ئەوەی کوشتنەکەی پووچەڵ بۆوە بە فیشەک کۆتاییان بە ژیانی ڕاسپۆتین هێنا، کوشتنی ڕاسپۆتین کەبەپیاوە جادووگەرەکە ناویان دەبرد ڕێکەوتی سەرلەبەیانی ۱۷ی دیسەمبەری ساڵی ۱۹۱٦ بوو لەماڵی شازادە یوسوپۆڤ. پاش چەند ڕۆژێک لاشەکەی لە ڕووباری نیڤەی بەستوو دۆزرایەوە و کە بە وتەی ڕاپۆرتە پزیشکیەکان سییەکانی پڕ بوون لە ئاو واتە خنکاو و سێ فیشەکی پێوە بووە لە سەری و سنگی و پشتی، ‎ڕاسپۆتین بە یەکێک لەبەناوباگترین پیاو لەمێژوودا ناوی هاتووە بەڵام دەقێک هەیە دەڵێ: مەرج نیە هەرچی بریقەی دایەوە ئاڵتون بێ.