خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- یاری تۆپی دەست لەوڵاتانی دونیا یارییەکی ناسراو وبەناوبانگە، ئەو یارییە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ یارییەکانی دیکەى وەرزشی نییە، لە ڕووی ماندووبوونی جەستەیی یاریزانان لە نێو گۆڕەپانی هۆڵى یارییەکاندا، تۆپی دەستى یانەکانی هەرێمی کوردستان تارادەیەکی باش لەوپەری ئاست بەرزی و بەهێزدایە، بۆ تیشک خستنە سەر ڕەوشی ئەو یارییە و وەڕگرتنی زانیاری راست ودروست لە بارەى ئاستی یانەکانی کوردستان، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی یاریزان سەهەند ئەشرەف یاریزانی پێشووی تۆپی دەستى یانەى هەولێر و ئێستاى یانەى کەرخ كرد.

سەرەتا سەهەند گوتی: يارى تۆپی دەست لە یانەکانی کوردستان وەک ڕابردوو بایەخ وگرنگی تەواوی پێ نادرێت، لەماوەى یەک ساڵدا تەنها پاڵەوانیەتییەکی کورت دەکەنەوە بۆ ڕازیکردنی یانەکان، بەڵام بەپێچەوانەوە لەهەموو وڵاتان کردنەوەى پاڵەوانیەتی بەشێوەى چوون و هاتن و بە پلان و بەرنامەی درێژخایەن ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە کوردستان بە پێنج ڕۆژ کۆتایی بەپاڵەوانیەتییەکە دەهێندرێت.

هەر لەبارەى دەستکەوتە وەرزشییەکانی لەیاری تۆیی دەستدا یاریزان سەهەند ئەشەرف گوتی: بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی جۆراوجۆری عێراق و کوردستانم کردووە لە سەر ئاستی یانەکان، بەتایبەتى دوایین پاڵەوانیەتی وەرزی ڕابردوو بۆ یانەى هەولێر یاریم کرد و تیایدا پلەى یەکەمی یانەکانی کوردستانمان بەدەستهێنا، هەروەها بۆ ماوەى دوو ساڵ گرێبەستم لەگەڵ یانەى کەرخ ئیمزا کرد و دوو وەرزە لەسەر یەکتری بۆ ئەو یانەیە یاری دەکەم، سوپاس بۆ خودا پارساڵ پلەى یەکەمى پاڵەوانی جامی تۆپی دەستی یانەکانی عێراقمان بەدەستهێنا.

سەبارەت بەچۆنیەتی هاتنی بۆ نێو دونیای وەرزش یاریزان سەهەند گوتی : سەرەتا وەک یاریزان لە گەرەکی چوارباخ دەستم بەیاری تۆیى دەست کرد و پاشان بۆ ماوەیەک لەڕیزی یانەى سلێمانی یاریم کرد، هەر بەهۆی ئاست بەرزیی و لێهاتووییم لەساڵی 2020 وەک تاکە یاریزانی کورد بانگهێشتی تیپی لاوانی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق کرام، ئەو کات لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەشداریم لەپاڵەوانیەتی ڕۆژئاوای ئاسیا کرد کە لە وڵاتی ئێران بەڕێوەچوو، تیایدا توانیمان پلەى دووەم بەدەست بهێنین.

سەبارەت بەخۆشترین ساتی وەرزشی یاریزان سەهەند ئەشرەف لەژیانی وەرزشییدا گوتی: ساڵى 2021- 2022 بەباشترین یاریزان و گۆڵکاری خولى تۆپی دەستى عێراق دەستنیشانکرام، ئەمەیان خۆشترین ساتی وەرزشییم بوو لەژیانمدا، هەروەها گوتی: لەنێوان خولى عێراق و خولى کوردستان جیاوازییەکى زۆر هەیە، کاتێک لە خولى عێراق پلەى یەکەم بەدەست بهێنیت دەتوانی بەشداری پالەوانیەتی عەرەبی بکەیت، بەڵام لە کوردستان کاتێک کە ناسناوێک بەدەست دەهێنیت، بێگومان هەر لەشوێنی خۆت دەخوڵێیتەوە، سەرەراى ئەمەیش لە خولى کوردستان دووساڵ جارێک پاڵەوانیەتییەک رێکدەخرێت، بەڵام لە عێراق هەموو ساڵ خول و پاڵەوانیەتییەکان لە کات وساتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.