خەبات: هاوكار شاكر:- ئەمشەو كاتژمێر 10:00 بەكاتی هەولێر، هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتی یورۆی 2024 لە نێو یاریگای ئۆڵۆمپیا ستادیۆم لە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا کە جێگەی زیاتر لە 77هەزار هاندەر دەبێتەوە، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.

هەردوو هەڵبژاردە توانیویانە بە شایستەیی خۆیان بگەیننە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، لە کۆی ئەو یارییانەی ئەنجامیان داوە، هەڵبژاردەی ئیسپانیا توانیویەتی لە هەر 6 یارییەکەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و 13 گۆڵ تۆمار بکات، تەنها 3 گۆڵی لێ تۆمار کراوە، هەڵبژاردەی ئینگلتەڕاش لە 3 یاریدا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە و لە 3 یاریشدا یەکسان بووە و توانیویەتی 7 گۆڵ تۆمار بکات و 4 گۆڵیشی لێ تۆمار کراوە، ئەمشەو هەردوو هەڵبژاردە بە تەواوی یاریزانەکانەوە ئامادەن بۆ یارییەکە جگە لە پێدری یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەهۆی ئەو پێکانەی لە یارییەکەی بەرامبەر ئەڵمانیا توشی بوو بە یەکجاری ماڵئاوایی لە یورۆ کرد.

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ئەوە دووەم پاڵەوانێتیی یورۆیە بە دوای یەک گەیشتەوە یاری کۆتایی، کە لە یورۆی 2020 لە یاری کۆتایی بە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دۆڕا و ناسناوەکەی لەدەستدا، بۆیە ئەمجارە نایەوێت دووبارە ناسناوەکە لەدەست بدات، پاڵپشت بە پێکهاتە بەهێزەکەی کە خاوەنی چەندین ئەستێرەی بەناوبانگە دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا ببێتە پاڵەوانی ئەورووپا، هەڵبژاردەی ئیسپانیا کە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا توانیویەتی 3 جار ببێتە پاڵەوانی ئەوروپا، دوایین جاریش کە توانی ئەم پاڵەوانیەتییە بەدەست بهێنێت 12 ساڵ لەمەوبەر بوو لەگەڵ جیلی ئاڵتوونی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بۆیە ئامانجیەتی پاڵپشت بە پێکهاتە لاوەکەی ناسناوەکە بەدەست بهێنێت.

ئیسپانیا لە یارییەکانی پێشووی لەگەڵ ئینگلتەڕادا ژمارەی پێوانەیی گشتیی بەرامبەر بە سەری پێشکەوتووە، لە یارییەکانی بەرامبەر سێ شێرەکاندا 14 بردنەوە و سێ یەکسان بوون و 10 دۆڕانی بەدەستهێناوە، یارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی باو نەبوون، یارییەکەی یەکشەممە یەکەم یاریی بووە لە ماوەی نزیکەی شەش ساڵدا، ئینگلتەرا دوایین جار لە خولی نەتەوەکانی ئەورووپا لە ئۆکتۆبەری 2018 ڕووبەڕووی ئیسپانیا بووەوە و بە ئەنجامی 3-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئیسپانیا لە دوایین سێ یاری کۆتایی پاڵەوانێتییە گەورەکانیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، پاڵەوانێتی ئەوروپا لە ساڵانی 2008 و 2012 بەدەستهێناوە، هەروەها لە ساڵی 2010 دا ناسناوی جامی جیهانی فیفای بەدەستهێناوە.