خەبات: هەندرێن شێرزاد:- رۆژی چواری نیسانی 1949، بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایشی بەكۆمەڵ لە دژی یەكێتی سۆڤیەت ، واژۆ لەسەر پەیماننامەی دامەزراندنی رێكخراوی باكوری ئەتڵەسی ” ناتۆ ” كرا. سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو یەكێتی سۆڤیەت لەبەر یەك هەڵوەشایەوە بەڵام ناتۆ وەك خۆی مایەوە، بەڵكو بەهێزتر بوو و رووبەری جوگرافی و هەژموون و ژمارەی ئەندامانی زیاتر بوو . ئەمڕۆش لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانكاریە بنەڕەتیانەی بەسەر جیهان هاتوون، ناتۆ رووبەڕووی چەندین كێشە و گرفت و ململانێی گڕگرتوو دەبێتەوە ، لە سەروویانەوە شەڕی ئۆكراین و ململانێی نێوان چین و ئەمەریكا.
هۆكارەكانی دامەزران
– دوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهان و ئەو وێرانكاریە گەورەیەی لێی كەوتەوە، وڵاتانی ئەوروپا كەوتنە خۆیان بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ئاسایش و ئابووریەكانیان بونیاد بنێنەوە.
– ئەو كاتە ئەمەریكا چاوی لەوە بوو ئەوروپایەكی بەهێز لەدایك ببێتەوە ، ئەوروپایەك بتوانێ ئاسایشێكی تەواو بۆ خۆی دابین بكات و ببێتە رێگر لەبەردەم فراوانبوونی شیوعیەت لە كیشوەرەكە و لە جیهانیش.
– ئایاری 1948 ئارسەر ڤاندنبۆرگی سیناتۆری كۆماری ئەمەریكی پێشنیازی كرد سەرۆكی ئەمەریكا لە دەرەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیماننامەیەكی ئەمنی لەگەڵ ئەوروپای رۆژئاوا مۆر بكات، دواتر پێشنیازەكە خرایە بواری جێبەجێكردن و دانوستان سەبارەت بە دامەزراندنی ناتۆ دەستی پێكرد.
– ساڵی 1949 ئەمەریكا و كەنەدا و بەلجیكا و دانیمارك و فەرەنسا و ئایسلەندا و ئیتالیا و لۆكسمبۆرگ و هۆڵەندا و نەرویج و پورتوگال و بەریتانیا پەیماننامەی ناتۆ واژۆ كرا.
چەند وێستگەیەكی گرنگ
– ساڵی 1952 ئەندامانی دامەزرێنەر رازی بوون بە ئەندامێتی یۆنان و توركیا لە رێكخراوەكە ، دواتر ساڵی 1955 كۆماری ئەڵمانیای ئیتحادیش بووە ئەندام تیایدا.
– ئەندامێتی ئەڵمانیا لە ناتۆ، وای لە یەكێتی سۆڤیەت كرد پەیمانی وارسۆ دابمەزرێنێ وەك ركابەرێك بۆ ناتۆ، ئەم دۆخەش تا كۆتایی شەڕی سارد درێژەی كێشا.
– بڕگە و بابەتەكانی پەیوەست بە بەرگریی بەكۆمەڵ لە ئەوروپا ، تەواوی ئەوروپای رۆژئاوای خستە ژێر چەتری ئەتۆمی ئەمەریكا.
– لە پەنجاكانی سەدەی بیست ، بنەمای تۆڵەكردنەوەی سەرتاسەری سەری هەڵدا، واتە هەر ئەندامێكی رێكخراوەكە رووبەڕووی هەر دەستدرێژیەك ببێتەوە، ئەمەریكا بە هێرشێكی ئەتۆمی بەرفراوان وەڵام دەداتەوە ، ئەمەش وەك بەربەستێك بۆ هەر هێرشێكی سۆڤیەتی بۆ سەر كیشوەركە.









