خەبات: مسلم دۆڵەمەڕی:- ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو نەبوونی وانەی تایبەت بە خۆش نوسی لەنێو ناوەندەكانی خوێندن و گرنگی نەدان بە نوسین و نوسینەوەی قوتابی وكەم بوونەوەی شێوازی نوسینەكی لە گشت وانەكان بەتایبەتی تاقیكردنەوەكان قوتابیان ڕۆژ بەڕۆژ قوتابیان توانای نوسین وخۆش نوسینیان كەمدەبێتەوە , بۆئەم پرسە و زانینی هۆكارەكانی ژمارەیەك لەمامۆستایانمان دواند:

*سەرەتا مامۆستاو چالاكوانی پەروەردەیی وژینگەیی سیروان شێخ حاجی گوتی: كاریگەریەكانی تەكنەلۆژیا لەسەر ناوەندەكانی خوێندن بەراورد بەبوارەكانیتری ژیان زۆرترینە , هەربۆیە تەكنەلۆژیا توانیویەتی هێزی قوتابیان لەڕوی خۆشنوسی ونوسین بەگشتی بگۆڕێت و دەست وخەتی قوتابیان بەگشتی بەرەو لاوازی ببات ،هەرچەندە تەكنەلۆژیا زیانی نییە بۆ مرۆڤ ،بەڵام زیانەكەی لە دەرئەنجامی خراپ بەكارهێنانیدایە , جگە لە تەكنەلۆژیا نەبوونی وانەی خۆشنوسی وكەم بوونەوەی نوسین لە نێو ناوەندەكانی خوێندن هەر لە قۆناغی بنەرەتی تاكو زانكۆكان وایلێهاتووە قوتابی نەتوانێت بنوسێت یان مامۆستا لەنووسینەكەی بگات، بۆ نموونە پێش چەند ساڵێك ئەگەر قوتابی ڕاپۆرتێكی ئامادەكردبایە دەبوایە چەند لاپەرەیەكی بەدەست نوسیبا ئێستا هەمووی بوەتە كۆمپیوتەری و دەتوانین بلێین زۆری نەماوە قەڵەم رەساس وبگرە جافیش لەنێو ناوەندەكانی خوێندن نەمێنن , بۆیە وەك مامۆستایەك داواكارم لەوەزارەتی پەروەردە وانەی تایبەت بەخۆشنوسی لەنێو ناوەندەكانی خوێندن زیاد بكات لەپال وانەی هونەر و وەرزش بۆئەوەی قوتابیانمان بێنەوە نێو جیهانی نوسین وخۆشنوسی وە بۆئەوەی چیتر تەكنەلۆژیا نەوەی دواڕۆژمان پەلكێش نەكات بۆنێو گۆرەپانی ناهوشیاری وناپەروەردەیی و داتاشراو لەهەموو بەها ئەخلاقیەكانی مرۆڤایەتی.

*مامۆستا مریەم سه‌عید عەلی گوتی: بێگومان هەموو شتێك كەدروست دەكرێت و نوێیە خاڵی ئەرێنی ونەرێنی دەبێت تەكنەلۆژیاش كەنوێیەو هاتۆتە نێوژیانی ڕۆژانەمان لایەنی ئەرێنی ونەرێنی بۆسەر ژیانمان هەیە ،بەكارهێنانی تەكنە لۆژیا بەدیاری كراوی لە نێو ناوەندەكانی خوێندن بەڕێژەیەكی بەرچاوكاریگەری نەرێنی لەسەر قوتابیان داناوە لەڕوی خۆشنوسی بگرە خێرا خوێندنەوەش ،جگەلەمە دەبینین تەكنەلۆژیا ڕۆژ بەڕۆژیش پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان دەپوكێنێتەوە ،گۆڕانی پرۆگرامەكانی خوێندن و كەمتر بەكار هێنانی قەڵەم بۆنوسین كاریگەری زۆر خراپی لەسەر قوتابیان دروست كردوە , ئەگەرئێستا ڕاپرسیەك بكەین لەنێو زۆربەی ناوەندەكانی خوێندن زۆربەی قوتابیان ناتوانن تەنانەت داواكاریەك بۆمافێكی سەرەتایی خۆیان بنووسن ڕێنوسەكەیان پڕ لەكەمو كوڕی دەبێت وكەس تێناگات , بۆیە زۆر پێویستە وانەیەكی تایبەت بەخۆشنوسی بۆتەواوی ناوەندەكانی خوێندن زیادبكرێت وبەگرنگییەوە سەیری بكرێت بۆئەوەی قوتابیانمان بەرەو پێش بچن لەڕوی نوسین وخۆشنوسیەوە ,وە بۆئەوەی بتوانین هاوسەنگیەكیش لەنێوان توانای خۆمان وپێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا دروست بكەین.

*هەروەها مامۆستا هوشیار شكاك خورشید گوتی: پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا بۆ هەر وڵاتێك و كۆمەلگایەك گرنگی خۆی هەیە و مرۆڤەكان لە قۆناغی دواكەوتوویی دەگوازێتەوە قۆناغێكی پڕاوپڕ لەزانستی جۆراوجۆر، تەكنەلۆژیا ئاسانكاری زۆربۆ خەڵك دەكات بۆ گەیشتن بە تەواوی ئەو زانست وزانیارانەی كە ئامانجیانە پێی بگەن , بەڵام لێرەدا دەڵێم بەداخەوە زۆربەی تاكی كۆمەڵگای ئێمە لەبەرامبەر خراپ بەكار هێنانی ئامێرەكانی تەكنەلۆژیا خەریكە بەرەو هەڵدێرێكی ناهوشیاری ودوور لەئەخلاقی مرۆڤایەتی ناتەبای كۆمەڵایەتی هەنگاو دەنێن , پێموایە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی خێزانی وچاودێری دایكان وباوكان بۆمندالەكانیان , زۆرجار دەبینین دایك وباوكانی قوتابیان لەكاتی گەرانەوەی مندالەكانیان لە قوتابخانە پێیان دەلێن كەی وانەكانتان تەواوكرد ئینجا موبایلەكانتان پێدەدەین ئەمەش وادەكات منداڵەكانیان بەخێرایی وانەكانیان بنوسن وگرنگی باش بەوانەكان وخۆشنوسینەكانیان نەدەن بۆئەوەی چەند چركەیەك زوو تر بگەن بە موبایلەكانیان , بەمەش بەردەوام دەبن لەوەی كەگرنگی بەنوسین وخۆشنوسین نەدەن تاوایلێدێت كەگەورەش بوون كەس لە دەست وخەتیان نەگات، بەتایبەت لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا، چونكە خۆشنوسی نیوەی وەڵامە بۆ مامۆستاكان , بۆیە پێویستە وانەی تایبەت بەخۆش نوسین لەنێوناوەندەكانی خوێندن زیادبكرێت بۆئەوەی فوتابیانمان فێری خۆشنوسین ببن وەبۆئەوەی لەكاتی تاقیكردنەوەكانیش قوتابییانمان مافیان نەخورێت ومامۆستاكانیان بەتەواوی لە وەڵامەكانیان بگەن.

*لەكۆتاییدا مامۆستا سومەیا فەتحی گوتی: وەكو دیارە لەم سەردەمەدا زۆربەی مرۆڤەكان بەتایبەت منداڵان وگەنجانمان زۆربەی كاتەكانیان بە تەكنەلۆژیا بەسەر دەبەن ئەویش بۆكاری بێسود وەك یاری وشتی وا نەك بۆ زانست وزانیاری ئەمەش كاریگەری زۆر لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان دروست كردووە بەتایبەت قوتابیانمان،كەمبوونەوەی نووسین لەنێو ناوەندەكانی خوێندن و بەكار هێنانی تەكنەلۆژیا بۆنوسین و ڕاپۆرت وزۆربەی ئەركەكانی ماڵەوە لەلایەن قوتابیان وایكردوە قوتابیان دووربكەونەوە لە قەڵەم و خۆشنووسی بەمەش كاریگەری زۆر دەكاتە سەر قوتابیان بەتایبەت لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا، چونكە قوتابی چەندی خۆی ماندو بكات وانە بخوێنێت ئەگەر خەتی خۆش نەبێت ومامۆستاكەی لێی تێنەگات نمرەی تەواوی پێنادات ومافی قوتابیەكەش دەخورێت، بۆیە پێویستە لەسەر وەزارەتی پەروەردە گرنگی بە خۆشنوسی بدات و وانەی تایبەتی بۆ دابنێت بۆئەوەی چیتر قوتابیانمان لەم بەشەگرنگەی خوێندن بێ‌ بەش نەبن، هەروەها پێویستە لەسەر دایك و باوك و كەسوكاری قوتابیان لەپاڵ تەكنەلۆژیاوە پەرتوكی خۆشنوسی و چیرۆك و شتی تایبەت بەمندالەكانییان بكڕن وهانیان بدەن.