سیما ئاكۆ
خەبات: پەریهان عومەر:- سیما ئاکۆ، دەرچووی بەشی ئەدەب و زمانی ئینگلیزییە، وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات هەر لە تەمەنی منداڵییەوە و لە نامیلکە و ۆژنامەکانەوە دەستی کردووە بە خوێندنەوە، بە درێژایی ساڵانێک کتێبخانەی ناو ماڵیان ڕێخۆشکەر و پایەی بنچینەیی بووە لە ئەزموونی خوێندنەوەدا. پاشان بەپێی تێپەڕینی کات و سەرنجی وردی بۆ هەرسێ وانەی عەرەبی و ئینگلیزی و کوردی، دواجار لە بواری وەرگێڕاندا خۆی دۆزیوەتەوە. سیما ئاکۆ لە گفتۆگۆیەکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات باس لەکاری وەرگێران دەکات.
سیما ئاکۆ، زیاتر دەدوێت و باس لەکاری وەرگێڕی دەکات و دەڵێت: پیشەی وەرگێڕان بەلای منەوە یەکێکە لە ئەرکە تایبەتەکان، ماندووکەرە، بەڵام لە هەمان کاتدا کارێکی خۆش شیرینە لام، لەم ئەرکەدا تەنیا زانینی زمانێک بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانیت کاری پێ بکەیت، بەڵکو بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە خواست و بڕستی کەسەکەیە، پاشان بە شارەزایی سەرەتا لە زمانەکەی خۆی و دواتر لە زمانی سەرچاوەدا، ئەم شارەزاییەش هەندێکجار مرۆڤەکان فریو دەدات بەوەی کە لە ڕوانگەی خۆیانەوە هەست بە لێزانی بکەن، بەڵام ئەگەر وردبینانە لێی بچنە پێش، بێگومان دەگەنە ئەو بڕوایەی هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن.
هەروەها سیما زیاتر بۆمان دواو گوتی: ئەزموونی وەرگێڕانم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠١٥) سەرەتا چەند کورتە چیرۆک و وتە و گۆرانییەکم بەکوردی کردن و دواتریش بەرەو ئیشی تر هەنگاوم نا، لەو کارانەی کردوومن، وەرگێڕانی شیعرە کلاسیکییە ئینگلیزییەکانی بەشێک لە شاعیران و ژێرنووسکردنی ژمارەیەک فیلم لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی، کە تاوەکو ئێستاش لە وێبسایتەکان بەردەستن، پاشان دەستم کرد بە وەرگێڕانی کتێب، هەریەک لە کتێبەکانی «هونەری ژیان، ئەی بی سی سەرکەوتن، دۆزینەوەی چیکا و توند لە ئامێزم بگرە»م وەرگێڕا و لەم دواییانەشدا لەگەڵ هاوسەرەکەم، کەیوان هەورامی ئیشێکی هاوبەشمان کرد، کە ئەویش کۆکردنەوە و وەرگێڕانی سەرجەم کورتە چیرۆکەکانی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی گەورە نووسەری ڕووس بوو لە بەرگێکدا بە ناوی «ژنی پیاوێکی تر»ەوە خستمانە بەر دەستی خوێنەران.
هەروەها سیما ئاکۆی وەرگێڕ دەڵێت: بێگومان لە داهاتووشدا بەرهەمی باش و شیاومان دەبێت و ڕەوتێکی بەردەواممان گرتووەتە بەر. ئەگەر تەمەن ڕێگە بدات، هەتا ئەو کاتەی کە هێزی هزر و وزەی جەستەییم بڕ بکات، لە بواری وەرگێڕاندا تێدەکۆشم.