وەزیری پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ، لیژنەی چاودێریی دارایی عێراق، سەردانی وەزارەت و هێزەكانی 70 و 80 دەكات و لەو دوو رۆژدا كێشەی مووچە هێزە ئەمنییەكان چارەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 9/7/2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، دەبێ ئەمڕۆ لیژنەی چاودێریی دارایی عێراق، لە بەغداوە بێت بۆ ئەوەی سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی 70 و 80 بكات، بۆ وردبینیكردن لە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، لەم یەك دوو رۆژەدا كێشەكە چارەسەر دەبێت.
هاوكات وەزیری پێشمەرگە لەبارەی ئۆپراسۆنەكانی توركیا لە ناوچە سنوورییەكان، ئاماژەی بەوە كرد، هیوادارن ئەو شەڕ و ئاژاوەیە نەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكی مەدەنیی زۆر تیا بچێت.
بەپێی زانیارییەكان لەسەر داواكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شاندێكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەكات، دەست بە وردبینیكردن لە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان دەكرێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی پێشمەرگە هەموو شتێكی ئامادە كردووە، داواكاریی حكوومەتی عێراق ئەوەیە، كە ناوی چواریی هێزەكانی پێشمەرگە و شوێنی كاركردنیان و كۆد و بایۆمەترییان داوا كردبوو، هەروەها ناوی سیانیی دایكیان، كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەموو ئەوانەیان هەیە و بەردەستن.
لیژنەكە بەڵێنیان داوە، ئەگەر كێشەیەك، یان تێبینییەكیشیان هەبێت، نەبێتە هۆی ڕاگرتنی مووچە و تا چارەسەربوونی تێبینییەكە، مووچە بنێردرێت.