مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی پرسیاری هاووڵاتییەكدا رای گەیاند ئەگەر خەڵك پێی وایە لایەنێكی سیاسی دەستێوەردان لە كاروباری دادوەریدا دەكات، پێویستە ئەو خەڵكە دادوەر بن و ئەو لایەنە سیاسییە سزا بدەن كە دەستێوەردان لە كاروباری دادگادا دەكات.
لە میانی بەشی دووەمی دیداری (خەڵك لەگەڵ سەرۆك وەزیران)دا، خانمە پارێزەرێكی خەڵكی دەڤەری رانیە بە ناوی خاتوو سەوسەن، لە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی پرسی: ئەم كێشەیەی كە دەمەوێ بیخەمە ڕوو، وەكو پارێزەرێك زیاتر پەیوەندیی بە سەربەخۆیی دادگاكانی كوردستانەوەیە، نەبوونی سەروەریی یاسا لە دادگاكان، یاخود ئەوەی دەڵێ كەس لە سەرووی یاساوە نییە، بۆچی ناتوانین ئەو دروشمە وەكو واقیعێكی جێبەجێكار بەسەر هەر تاكێكدا لەناو دادگاكان جێبەجێ بكرێت بەبێ جیاوازیی رەگەز و ئایین و پلە و پایە یاخود ئایدۆلۆژیای حزبی؟ لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند: ”زۆر سوپاس، پرسیارەكەت زۆر بەجێیە و زۆریش بە جورئەتی كە ئەم پرسیارەت كرد، دەستخۆشیت لێ دەكەم، بەڵام منیش وەڵامەكەت دەدەمەوە، هیوادارم قەبووڵی بكەی لێم. ئەگەر دادگا یان سیستەمی دادوەری سەربەخۆ نەبوو، ئەمە گەورەترین كارەساتە بە نیسبەت هەر وڵاتێك، هەر نەتەوەیەك، هەر كۆمەڵگەیەك.”
سەرۆك وەزیران گوتیشی: ”ئێمە سێ دەزگای سەرەكییمان هەیە، یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەریشمان هەیە، پێویستە ئەم سێ لایەنە سەربەخۆ بن، تەواو سەربەخۆ بن. كەواتە ئەم پرسیارە دەبێ لە دادگا خۆی بكرێت، چونكە ئێمە وەكوو حكوومەت حەقمان نییە و ناشبێ حەقمان هەبێ تەداخول لە ئیشوكاری سیستەمی دادوەریدا بكەین. نابێت لایەنی جێبەجێكار دەستێوەردان لە ئیشوكاری دادگا و سیستەمی دادوەریدا بكات. بە هەمان شێوە سیستەمی یاسادانان و سیستەمی جێبەجێكار هەر یەكێك ئەركەكەی خۆی دیارە.”
سەرۆكی حكوومەت هەروەها گوتی: “لێرەدا پرسیار ئەمەیە، جەنابت خۆت دەڵێی كە دەستتێوەردان هەیە و لەوانەیە لایەنی حزبی دەستێوەردان بكات. باشە شەرعیەتی كۆتایی لای كێیە؟ لای هاووڵاتییە. حەكەمی كۆتایی هاووڵاتییە. ئێستا ئەگەر ئێوە پێتان وایە لایەنێكی سیاسی دەستێوەردان لە كاروباری دادوەریدا دەكات، ئێوە حەكەمن دەتوانن ئەو لایەنە سیاسییە سزا بدەن. ئێوە دەتوانن لە هەڵبژاردنەكان سزای ئەو لایەنە بدەن، ئێوە دەتوانن لە هەڵسوكەوتی رۆژانەتان هەڵوێستتان هەبێ، ئێوەی هاووڵاتی حاكمی سەرەكی و كۆتایی ئەم وڵاتەن، ئێوەن كە دەتوانن ئەم بڕیارە بدەن، زۆر جار كە دەبینی دەستێوەردان دەكرێ، ستەم دەكرێ، كاری هەڵە دەكرێ، خەتاكەی بەشێكی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێتەوە چونكە قەبووڵی كردووە. ئەگەر قەبووڵی نەكات و هەڵوێست بەرامبەر بە هەڵە وەربگرێت، ئەم هەڵانە دووبارە نابنەوە.“