مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە میانەی بەشی دووەمی (دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ خەڵکی پارێزگای سلێمانی) باسی لە بابەتی مووچەی مووچەخۆران كرد و گوتی، هەندێك لەوانەی پێمان دەڵێن ئێوە مووچە نادەن، لەوانە بوون كە دەیانگوت با بەغدا مووچە بدات.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، رای گەیاند: “من دەمەوێ هەمووتان لێم ڕازی بن، بۆ ئەوەی خوا لێم ڕازی بێت، ئەمانەتێكم وەرگرتووە دەمەوێ ئەو ئەركە بە ڕووی سپی بەجێ بگەیەنم، یانی چۆن من بێم مووچە بەدەست من بێ و بۆ ئێوەی خەرج نەكەم؟ ئەوە نییە. هەندێكجار هەندێك لایەنی سیاسی، هەندێك ركابەری سیاسی دێن ئەم جۆرە قسانە دەكەن گوایە لای ئەوە و ئەو نەیداوە، بۆ نەیدەین؟ ئەگەر مووچە لای ئێمە بێت بۆ نەیدەین؟ بە پێچەوانەوە مووچە لە بەغدا بڕدراوە.”
گوتیشی: “بەداخەوە ئەوانەی كە ئێستا ئێمە تۆمەتبار دەكەن و دەڵێن ئێوە بودجە نادەن، هەمان ئەو كەسانە بوون كە داكۆكییان دەكرد لەوەی كە بەغدا بودجەی حكوومەتی هەرێم بدات، بۆ ئەوەی ئەم شتە لەدەست هەرێم دەربهێنن و بیدەنەوە بەغدا، ئێستا خۆیان وەڵامیان نییە، نازانم بۆ كەسێك نییە لەوان بپرسێ بڵێ ئەرێ ئێوە داواتان دەكرد دەتانگوت با بەغدا مووچەمان بداتێ، ئەی ئێستا ئێوە بۆ بێدەنگن؟ ئێستاش هەر من لەسەر ئێوە بە جوابم، ئێستاش هەر من بەردەوام لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیی بەردەوامداین بۆ ئەوەی كێشەی مووچە چارەسەر بێت. ئینشائەڵا كێشەی مووچە تەواو دەبێ، بەڵام دڵنیا بە لەوەی كە بەدەست من بێت، یەك رۆژیش دوای ناخەم.”