ئەمڕۆ هەینی 5/7/2024، بنکەکانی دەنگدان لە ئێران دەرگاکانیان بە ڕووی دەنگدەراندا کردەوە، کە ئەمڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرکۆماری ئێران بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا مەسعود پزیشکیان چاکسازیخواز و سەعید جەلیلی بناژۆخواز، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، بۆ ئەوەی جێگەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری کۆچکردووی ئێران بگرنەوە.

دوێنێ پێنجشەممە، بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 14مین خولی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران کۆتایی هات و ناوەندی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، مەسعود پزیشکیان بە ژمارە 22 و سەعید جەلیلی بە ژمارە 44 ڕۆژی هەینی کێبڕکێی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە دەکەن.

ئەمڕۆ لە کاتژمێر 8ی بەیانییەوە، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتیی كۆماری ئێران لە هەرێمی کوردستانیش دەستی پێكردووە، بنکەیەکی جێگیر لە کونسوڵخانەی ئێران دانراوە، سێ سندووقی گەڕۆكیش لە بنەسڵاوە و شەقڵاوە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و چۆمان و حاجی ئومەران دادەنرێت.