ئەمڕۆ هەینی، 5ـی تەمموزی 2024، ڕیشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دانی بە شکستی پارتی پارێزگاراندا نا، لە هەڵبژاردنی بەریتانیا و گوتی: من شکستەکە لە ئەستۆ دەگرم.

دوێنێ پێنجشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتە سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکە بەدەستهێنا و کۆتایی بە 14 ساڵ فەرمانڕەوایی پارتی پارێزگاران هێنا، هەروەها دەرگاکانی داونینگ ستریتی بەڕووی سەرۆکەکەیدا، کیر ستارمەر، کردەوە.

سوناک دەڵێت: “پارتی کرێکاران لەم هەڵبژاردنەی یاساداناندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا”. ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمشەو گەلی بەریتانیا بڕیارێکی ڕوونی دەرکرد و من بەرپرسیارێتی ئەو شکستە لە ئەستۆ دەگرم”.

کەناڵی ئای تی ڤی بڵاویکردەوە، پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن لە بەریتانیا تا 326 کورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەدەستهێناوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێستا زۆرینەی لە ئەنجوومەنی کۆمۆنەکان هەیە کە لە 650 کورسی پێکهاتووە.