خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- بەسەرپەرشتی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، بەبەشداری 12 تیپ، دووەمین پاڵەوانیەتی پێلستانك بۆ تۆپی پێی فوتساڵی کچانی کوردستان سەرکەوتووانە لە هۆڵی کۆڵیژی پەروەردەی وەرزشیی هەولێر کۆتایی هات، هەردوو تیپی کچانی ئاکرێ و دوکان گەیشتنە یاری کۆتایی، لە ئەنجامدا کچانی ئاکرێ توانیان بەئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆلێک لەکچانی دوکان ببەنەوە و ناسناوى پاڵەوانیەتیەکە بەدەست بهێنن، گۆڵەکانی کچانی ئاکرێ لە لایەن یاریزانان سەفا زوهێر دوو گۆڵ، هودا حەربی یەک گۆڵ، سەمیە سەعید یەک گۆڵ، تۆمار کران، بەم ئەنجامە کچانی ئاکرێ بۆ یەکەمین جارە توانیان ببنە پاڵەوانی خولى فوتساڵی کچانی کوردستان.
دوای دابەشکردنی خەڵات و دیاری بەسەر تیپى کچانی ئاکرێ لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، خاتوو سونیا مەحمود ڕاهێنەرى تیپی کچانی ئاکرێ سەبارەت بەدەستهێنانی پلەى یەکەمی پاڵەوانیەتیەکە بۆ خەبات ڕایگەیاند: پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە خۆم سەرجەم یاریزانانی تیپەکە دەکەم کە توانیان لە نێو 12 تیپی بەهێز وئاست بەرزى پاڵەوانیەتیەکە پلەى یەکەم بەدەست بهێنن، بێگومان ئەو ئەنجامە بۆ هەمووان بەگشتى و بۆ دەستەى کارگێری یانەکە بەتایبەتی جێی دڵخۆشکەربوو، بەتایبەتی بەندە بۆ یەکەمین جارە وەک ڕاهێنەر سەرپەرشتی تیپی کچانی ئاکرێ لەئەستۆ گڕتووە، هەر لەسەرەتاوە سەرجەم یاریزانەکانى تیپەکە بەمتمانەیەکی زۆرەوە بەشداریان لەپاڵەوانیەتیەکەدا کرد، سوپاس بۆ خودا ڕەنجی ماندوو بوونمان و ئامادەکارییەکانمان بێ ئامانج نەبوو، توانیمان دوای پێشکەش کردنی ئاستێکی بەرزو لێهاتوو,پلەى یەکەمی پاڵەوانیەتی کچانی یانەکانی کوردستان بەشایستەیی بەدەست بهێنین.
ئەو ڕاهێنەرە زیاتر گوتی: هەر کاتێک بەنیازی بەدەستهێنانی ئامانجێک بووی, پێشوەختە پێویستە بەپڵان وبەرنامەی دارێژراو کاری بۆ بکەیت, ئینجا لە کۆتاییدا بۆت دەردەکەوێت کەئەوەى هەوڵى بۆ دەدەیت بەئاسانی بەدەستی دەهێنیت.