خەبات: هەندرێن شێرزاد
1- فیرنەر رای خۆی دەردەبڕێ
لە بارەگای پێشووی وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەت ” شتازی” لە شاری كیمێنتسی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا ، فیرنەری كرێكار و تەمەن 70 ساڵ بە ئاڵایەكی رووسیا هاتە دەر و بە توڕەییەوە پەنجەی لە پەیامنێری گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمەریكی راوەشاند و پێی وت: دەوڵەتی ئێستای ئەڵمانیا زۆر لەو دەوڵەتە خراپترە كە لەسەردەمی شیوعییەت هەبوو . شەڕخوازی راستەقینەی جیهان ئەمەریكایە نەوەك سەرۆكی رووسیا . ئەو بیری ماوە كە چۆن لە هەشتاكاندا لەلایەن شتازییەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە ، هەروەها باس لەوە دەكات چۆن باوكی یەكێك بووە لە سەربازانی نازی و لە پەنجاكاندا چۆن لە بەندیخانەكانی سۆڤیەت ئازاد كراوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە نەبۆتە رێگر بۆ ئەوەی فیرنەر دەوڵەتی رووسیای خۆش نەوێ و رقی لە رۆژئاوا نەبێتەوە. دواتر ئەو بە پەیامنێرەكەی وت : تەنیا ئەڵمانەكانی رۆژئاوا لە یەكگرتنەوەی ئەڵمانیا سوودمەند بوون ، دەبێ ئەڵمانیا واز لە ئێمەی ساكسۆنییەكان و پۆتینیش بێنێ.
2- گێڕانەوەی شانشینی ساكسۆنیا
هەموو رۆژانی دووشەممە، فیرنەر ئامادەی ئەو كۆبوونەوە جەماوەریە دەبێ كە بزووتنەوەی ” ساكسۆنییە ئازادەكان” بۆ لایەنگرانی رێكی دەخات. ساكسۆنییە ئازادەكان بزووتنەوەیەكی جیاخوازی راستڕەوە و لایەنگری سیستمی پادشایەتی دەكات ، هەروەها هەوڵی گێڕانەوە و ژیاندنەوەی شانشینی ساكسۆنیا دەدات ، ئەو شانشینەی تەمەنی 112 ساڵ بووە و لەگەڵ بەرپابوونی جەنگی یەكەمی جیهان هیچی بەسەر هیچیەوە نەماوە. بزووتنەوەكە وەك بەشێكی ئەو رەوت و لایەنانەی كە لەلایەن سیاسەتی ئەڵمانییەوە پشتگوێ خراون، بەرژەوەندی خۆی و جۆرە هاوبەشیەك لەگەڵ رووسیای پوتیندا دەبینێ. بەو پێیەی پوتن لە سەردەمی شەڕی سارد و لە یەكەم ئەركی سەربازیدا وەك ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی دەوڵەتی سۆڤیەت ” كەی جی بی” لە شاری دریسدنی پایتەختی هەرێمی ساكسۆنیا كاری كردووە.
3- ئەزموونێكی تاڵ
سەرۆكی ئێستای رووسیا لە 5 ی دیسەمبەری ساڵی 1989 لە پایتەختی هەرێمی ساكسۆنیا لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دووچاری دۆخێكی تاڵ دەبێتەوە، لەو رۆژەدا خۆپیشاندەران هێرش دەكەنە سەر بارەگاكانی وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەتی سۆڤیەت ” شتازی”، ئەو كاتە پوتن داوای یارمەتی لە سوپای سووری وڵاتەكەی دەكات بەڵام هیچ وەڵامێكی ئەوتۆی دەست ناكەوێ . دواتر لە ساڵی 2005 لەبەردەم پەرلەمانی رووسیادا پوتن وتی : داڕمانی سۆڤیەت گەورەترین كارەساتی جیۆسیاسی سەدەی بیست بوو. ئەو راستی كرد چونكە بۆ ئەو ئەزموونەكە تاڵ بوو ، پاشان لە ساڵی 1990 لەگەڵ خانەوادەكەی گەڕایەوە شوێنی لەدایكبوونی لە شاری لینینگراد كە ئێستا ناوەكەی كراوە بە سان بوترسبۆرگ . ئەو دانی بەوەشدا ناوە كە لەپێناوی دابینكردنی قوتی رۆژانەیدا ناچار بووە وەك شوفێری تەكسی كار بكات.
4- ئەڵمانەكان و شەڕی ئۆكراینا
دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 40 ساڵ بەسەر رووخانی سۆڤیەت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا پوتن خاوەنی لایەنگرە لەو هەرێمەی ئەڵمانیا كە ئەوكات بەشێكی سۆڤیەت بوو، لەوە زیاتریش ، ئەوان پشتگیری لە داگیركردنی ئۆكراینا دەكەن لەلایەن سوپای رووسیا . بە گوێرەی توێژینەوەیەك كە پار ساڵ ئامادە كراوە باس لەوە كراوە كە 40% ی ئەڵمانەكان پێیان وایە پەیمانی ناتۆ رووسیای ناچار كردووە كە هێرش بكاتە سەر ئۆكراینا ، ئەو ژمارەیە لەو ویلایەتانەی ئەڵمانیا بۆ 59% بەرز دەبنەوە كە پێشتر بەشێكی ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی شیوعی بوون.
5- ساكسۆنییە ئازادەكان كێن؟
بزووتنەوەی ساكسۆنیە ئازادەكان كە بە رواڵەت خۆی بە جیابوونەوەی هەرێمی سەرقاڵ دەكات، بریتیە لە رەوتێكی بەرفراوان و لایەنگری رووسیا و توانیویەتی بەرەی راستڕەوە توندڕەوەكان لەگەڵ ئەوانە كۆ بكاتەوە كە سۆزێكیان بۆ سۆڤیەتی كۆن لە دڵدا هەیە. شوێنكەوتوانی بزووتنەوەكە كە زۆربەیان بێكار و پەراوێزخراون ، رەخنە لە هەموو شتێك دەگرن ، هەر لە ڤاكسینی پەتای كورۆناوە تا دەگاتە تۆڕی نەوەی پێنجەمی ئەنتەرنێت و شەڕی ئۆكراینا. كەسێك بە ناوی مایكل برۆك كە وتەبێژی رێكخراوەكەیە دەڵێ: هەمیشە لە ساكسۆنیا بۆچوونێكی جیاواز لەگەڵ ئەوانی تر بوونی هەبووە، ئێمە هەوڵ دەدەین پەیوەندی پتەومان لەگەڵ رووسیا هەبێ و چیتر چەك رەوانەی ئۆكراینا نەكرێ، لە ئێستادا پوتن رووبەڕووی ئیمپریالیزمی ئەمەریكا بۆتەوە و هەموو خەڵكی ئێرە دژایەتی ئەمەریكا دەكەن، چونكە ئەوان بۆردومانكردنی شاری دریسدن لەیاد ناكەن لەلایەن ئەمەریكا لە سەرەتای ساڵی 1945.
6- كەس باوەڕ بە میدیاكانی وڵات ناكات
وەك چۆن رووسیا مامەڵەی لەگەڵ هەڵمەتی بانگەشەی ترامپ و برێگزێتی بەریتانیا كرد، بە هەمان شێوەش هەرێمی ساكسۆنیا بۆتە ئامانجێك بۆ پەیام و زانیاری لایەنگری رووسیا . وتەبێژی بزووتنەوەكە دەشڵێت: لێرە هیچ كەسێك باوەڕ بە میدیا سەرەكیەكانی وڵات ناكات، هەركاتێك میدیاكانی ئەڵمانیا وتیان سبەی كەشوهەوا رۆژ دەبێ، ئێمە لە ساكسۆنیا چاكەتی تایبەت بە باران دەپۆشین . لەوەتەی حكومەتی ئەڵمانیا تۆڕی ” روسیا الیوم” ی رووسی قەدەغە كردووە ، خەڵكی ساكسۆنیا پەنا دەبەنە بەر تیلیگرام و لەوێ هەموو راپۆرتە رووسیەكان وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی ئەڵمانی.
7- چی دەربارەی پارتی بەدیل؟
لە چەند ساڵی رابردوودا ، پارتی ” بەدیل لەپێناوی ئەڵمانیا” ی راستڕەوی توندڕەویش هاوشێوەی ساكسۆنیەكان توانی تووڕەیی خەڵك و زیادبوونی رێژەی پەنابەران و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی قۆزتۆتەوە بۆ ئەوەی بەهۆیەوە ژمارەی لایەنگرانی بەرز بكاتەوە. ئەو پارتە كە ناوە ناوە شاندی جۆراوجۆر رەوانەی مۆسكۆ دەكات ، داوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی ئەوروپا و بەهێزكردنی دۆخی سەربازی ئەڵمانیا و كۆتاییهێنان بە هەموو سزا سەپێنراوەكانی سەر رووسیا دەكات. بە گوێرەی دوایین راپرسیەكانیش پارتی ناوبراو 22% ی دەنگی بەشداربوانی وەدەست هێناوە و توانیویەتی پێش پارتی سۆسیالیستی دیموكراسی دەسەڵاتدار بكەوێتەوە.
8- ئیمپراتۆریەتی پەلكەزێڕینە
بە مەبەستی بەهێزتركردنی پەیوەندیی لەگەڵ كرێملین ، یاساداڕێژەرێكی یەكێك لە ویلایەتەكانی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بەناوی هانز تۆماس تیلشنایدەر ئەنجومەنێكی بە ناوی شنەبای رۆژهەڵات دامەزراندووە، هەروەها ساڵی رابردوو هەوڵی دا سەردانی ئەو خاكە بكات كە رووسیا لە ئۆكراینا داگیری كردووە ، بەڵام دواتر سەركردایەتی پارتی بەدیل رەتی كردەوە . ناوبراو دەڵێ: لە كاتی جەنگی دووەمی جیهاندا رووسیا ئەڵمانیای ئازاد كردووە نەوەك ئەمەریكا ، تا ئێستاش هەزاران سەربازی ئەمەریكی وڵاتەكەمان داگیر دەكەن . ئەمەریكا دەیەوێ بمانكات بە داش لەناو گۆڕەپانی شەڕی ئۆكراینا بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا ئیمپراتۆریەتی پەلكەزێڕینەی خۆی پێ بەهێزتر بكات.
9- باڵی چەپ لە كوێی رووداوەكانە؟
باڵی چەپی ئەڵمانیا، كە لە نێوان لایەنگر و نەیارانی سەرۆكی رووسیا دابەش بووە ، ئێستا گەیشتۆتە دۆخی داتەپین ، ئەمەش لە بەرامبەر گەشەكردنی باڵی راست. لەو بارەوە مامۆستایەكی زانستە سیاسیەكان لە زانكۆی رۆستۆك پێی وایە سەركەوتنی باڵی راستڕەو لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانیدا لە ساڵی 2025 دوور نیە ئەڵمانیا بكاتە مەجەرێكی تازە ، كە سەرۆكەكەی ئەسپی تەروادەی رووسیایە لەنێو یەكێتی ئەوروپا و بە بەردەوامی پشتگیری لە مۆسكۆ دەكات و هەمیشە رێگرە لەبەردەم سەپاندنی سزای زیاتر لە دژی رووسیا.