خەبات: رەنجبەر بەرزنجی – سۆران:- رۆژی (٢٧)ی حوزەیران بە ئامادەبوونی (هەڵگورد شێخ نەجیب) سەپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و نوێنەرانی دەزگای روانگە و بەرپرسانی حزبی و حکومی و بەشێک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە لایەن بەرێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی سۆران ، کۆتایی بە چوار خولی جۆراوجۆر بۆ (٦٤) بەشداربووی سنوورەکە هات کە بریار وایە دەرفەتی کار بۆ سەرجەم بەشداربووانی خولەکە برەخسێنرێت.
کردنەوەی خولەکان
سەرەتا سەبارەت بە کردنەوەی ئەو خولانە (ئەختیار حاجی سەعید) بەرێوەبەری کار و راهێنانی پیشەیی سۆران تایبەت بە خەبات گوتی: وەک بەرێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی سۆران بە هاوکاری دەزگای روانگە و رێکخراوی (GIZ) ئەلمانی کۆتایی بە چوار خولی (مارکێتینگ ، دوورمانی ئافرەتان ، گەشتیاری ، سی ڤی ) هات کە (٦٤) هاونیشمانی سنوورەکە بۆ ماوەی (٤٥) رۆژ بەشدارییان تێدا کردبوو.
دۆزینەوەی دەرفەتی کار
هەر لە میانەی قسەکانیدا بۆ خەبات لە بارەی ئامانج لە کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بەرێوەبەری کار و راهێنانی پیشەیی سۆران گوتی: ئامانج لە سازکردنی ئەم جۆرە خولانە ئەوەیەکە لە دوای تەواوبوونی خولەکان کەسانی بەشداربوو هەل و دەرفەتی کارییان بۆ برەخسێ ، بۆ ئەم مەبەستەش وەک بەرێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی لە هەمان رۆژی کۆتایی هاتنی خولەکان ، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی بەشێک لە کۆمپانیاکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ، هەستاین بە سازدانی پیشانگایەکی دەرفەتی کار و تێێدا هەوڵ بۆ ناساندنی بەشداربووان و تواناکانییان بە کۆمپانیاکان درا و زەمینەسازی بۆ لەنزیکەوە گفتوگۆکردنی زیاتر کرا ، وەک بەرێوەبەرایتی کار و راهێنانی پیشەیی سۆران ئامانجمان ئەوە بووە کە بە هاوکاری دەزگای روانگە و رێکخراوی (GIZ) ئەڵمانی بەشداربووان تا دۆزینەوەی دەرفەتی کار بەجێنەهێلین بۆ ئەمەش خۆشبەختانە توانیومانە دەرفەتی کار بۆ (٥٠٪) بەشداربووان برەخسێنین و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بەشداربوانی دیکەش بخەینە سەر کار.
پلانی داهاتوو
هەروەها سەبارەت بە کار پلانی داهاتووی بەرێوەبەرایەتییەکەیان , بەرێوەبەری کار و راهێنانی پیشەیی سۆران رایگەیاند، بەردەوام دەبین لە کردنەوەی خولەکانمان و لە ئێستادا دوو خولی دیکەمان هەیە کە لە لایەن (UNDP) پاڵپشتی دارایی دەکرێت ، ئەم دوو خولەمان تایبەت کردۆتەوە بۆ قەزای خەلیفان و رواندز، کە بەشداربووان خەڵکی ئەو ناوچانەن، چونکە بەراستی هەوڵەکانمان بەو ئاراستەیەن کە خولەکانمان تەنها سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران نەگرێتەوە ، بۆ ئەمەش لە پلانمان دایە کە بۆ ئاییندە خولەکانمان قەزای چۆمان و مێرگەسۆر و سیدەکانیش بگرێتەوە.